فێستیڤاڵی ڕه‌نگه‌كان له‌ هه‌ولێر عه‌یبی چی بوو ؟

فێستیڤاڵی ڕه‌نگه‌كان له‌ هه‌ولێر عه‌یبی چی بوو ؟

ڕێبوار هه‌ژار


1576 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئه‌م جۆره‌ كۆبوونه‌وه‌ و فێستیڤاڵانه‌ له‌ هه‌موو دنیا هه‌یه‌ با له‌ كوردستانیش هه‌بێت . كۆمه‌ڵگای كوردی به‌ ئازاد كردنی بیر و ئه‌ندێشه‌ی خه‌ڵك به‌ تایبه‌تی چینی گه‌نجان به‌ كچان و كوڕانه‌وه‌ كاول نابێ و دوا ناكه‌وێ به‌ڵكوو ئه‌وه‌ حزبه‌كانن خه‌ڵكیان كۆت و به‌ند كردوه‌ و خه‌ڵكی كوردستانیان دابڕاندوه‌ جیهان ،


ده‌بینم ڕه‌خنه‌ و ته‌نانه‌ت قسه‌ی نه‌شیاویش به‌رامبه‌ر ئه‌م فستیڤاڵی ڕه‌نگانه‌ ده‌كرێت و به‌ داخه‌وه‌ له‌وه‌ش ناخۆشتر خه‌ریكه‌ گیانی شارچتی زاڵ ده‌بێت هه‌ولێریه‌كان قسه‌ له‌ سه‌ر شه‌ڕه‌ ئاوه‌كه‌ی سلێمانی و سلێمانی قسه‌ له‌ سه‌ر فێستیڤاڵی ڕه‌نگه‌كان له‌ هه‌ولێر ده‌كه‌ن ، كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا هه‌ردوو فێستیڤاڵه‌كه‌ زۆر ئاسایی و زۆر باشیشن كه‌ هه‌بن ، وه‌ك چۆن عه‌شیره‌ت و ناوچه‌ جیاوازه‌كان فێستیڤاڵی تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌یه‌ وه‌ك چۆن دین و دیانه‌ته‌كان ته‌جه‌مووعی تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌یه‌ با ئه‌مه‌ش هه‌بێ خۆ نه‌ كفره‌ نه‌ زه‌ره‌ و زیان به‌ خه‌ڵكیش ده‌گه‌یه‌نێ ، وه‌ نه‌ ئیجباریشه‌ ده‌توانی به‌شداری بكه‌یت ده‌توانی به‌شداریش نه‌كه‌یت.


پاراستنی كه‌لتووری كوردی و به‌ زیندوویی هێشتنه‌وه‌ی ئه‌ركی سه‌ر شانی یه‌ك به‌ یه‌كمانه‌ به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێ كه‌ خۆمان له‌ هه‌ر حه‌وت قاڕه‌كه‌ی دنیا داببڕێنین و تێكه‌ڵاوی ژیانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ نه‌بین ، ئاخر یان با ئینته‌رنێت و ته‌له‌فۆن و مۆبایل یاساغ بكه‌ن یان نابێ ڕێگری بكرێ و ئه‌م جۆره‌ دیمه‌ن و فێستیڤاڵانه‌ ڕه‌خنه‌ باران بكرێن.




كاتێك ژنێك ده‌كووژرێ به‌ باش و خراپه‌وه‌ به‌ ژن كوژ و ژن دۆسته‌كانیشه‌وه‌ دێنه‌ قسه‌ و فرمێسكی تیمساحیان بۆ هه‌ڵده‌ڕێژن ، كاتێك له‌ ناوه‌ڕۆكدا سه‌یری ئه‌و هۆكارانه‌ ده‌كه‌یت كه‌ ژنه‌كه‌ی له‌ سه‌ر كوژراوه‌ هۆكارگه‌لێكن كه‌ ئه‌سڵه‌ن شایانی ئه‌وه‌ نییه‌ ژیانی كۆتایی پێ بهێنرێ له‌ سه‌ری. به‌ڵام ئه‌شی كوژن و دوایی هه‌زاران ووتار و شی كردنه‌وه‌شی له‌ سه‌ر ده‌نووسن و ده‌ڵێن ئه‌مه‌ به‌ دووره‌ له‌ كه‌لتووری كورده‌واری. ئێ مادام ئه‌وه‌ كه‌لتووری كوردی نییه‌ واته‌ ئێمه‌ له‌ نێوه‌نده‌كه‌داین دا با واز بێنین له‌ هه‌ر دوو جۆره‌كه‌مان هه‌بێت، ده‌بێت خێزانی كورد ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیانه‌ نه‌وه‌كانیان له‌ ئاستێكی باشی په‌روه‌رده‌ییدا بن ده‌بێت خۆیان به‌ ئه‌و ئه‌ركه‌ هه‌ڵبستن و خۆیان نه‌وه‌كانیان په‌روه‌رده‌ بكه‌ن. له‌ دنیادا باوه‌ حكومه‌ت نه‌وه‌ی داهاتوو پێده‌گه‌یه‌نێ و په‌روه‌رده‌یان ده‌كات به‌ڵام له‌ وڵاته‌كه‌ی ئێمه‌ حكومه‌ته‌كه‌مان و فه‌رمانڕه‌واكانمان خۆیان بێ ئه‌زموون و بێ په‌روه‌رده‌ن ،


له‌ وڵاتێكی وه‌ك به‌ریتانیا ساڵانه‌ سه‌دان فێستیڤاڵی له‌و شێوه‌یه‌ هه‌یه‌ سه‌دان گۆرانیبه‌ژی عه‌ره‌ب و فارس و تورك و كورد و نه‌ته‌وه‌كانی غه‌یره‌ ئینگلیز دێنه‌ ئه‌م وڵاته‌ و كۆنسێرت ده‌كه‌ن ، نه‌ ده‌بێته‌ بابه‌ت نه‌ خه‌ڵكیش له‌ بیری ڕێكخستنی مزاهه‌ره‌یه‌ له‌ دژی .



من له‌ ڕه‌خنه‌ و ناڕه‌زایی خه‌ڵك تێده‌گه‌م ، ده‌زانم خه‌ڵك له‌ بارێكی خراپی دارایدایه‌ ، ده‌بینم له‌ كوردستان گه‌نده‌ڵی و مشه‌خۆری وه‌ك ڕۆژی ڕووناك له‌ به‌ر ده‌م په‌نجه‌ره‌ی هه‌موو ماڵێكه‌ و خه‌ڵك ئه‌ی بینێ . له‌ كوردستان یه‌كسانی له‌ ژیان و ماف و ئه‌ركدا نییه‌ ، بۆیه‌ خه‌ڵك له‌ دڵپڕی خۆیه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ فه‌رمانڕه‌واكانی كوردستان وه‌ له‌ ناچاری خۆیان ئه‌و دیمه‌ن و فێستیڤاڵانه‌ ڕه‌خنه‌ باران ده‌كه‌ن له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان كه‌ تاكه‌ شوێنه‌ خه‌ڵكی كوردستان تێیدا ئازاده‌.

قسه‌ كردنی خه‌ڵكی سلێمانی له‌ سه‌ر شاری هه‌ولێر و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ خه‌ڵكی هه‌ولێر له‌ سه‌ر خه‌ڵكی شاری سلێمانی به‌دڕه‌وشتییه‌ و ده‌ردێكی كه‌شنده‌یه‌ و ده‌بێت هه‌رچیی زووه‌ خه‌ڵكه‌ ڕۆشنبیره‌كه‌ له‌ سه‌ر ئه‌م دیارده‌یه‌ بێته‌ ده‌نگ و نه‌هێڵن ته‌شه‌نه‌ بسێنێ.

كوردستان له‌ زۆر به‌ها داماڵراوه‌ با به‌هایی پێكه‌وه‌ ژیان و خۆ به‌ خاوه‌ن زانینی كوردستان له‌ ناو هه‌ستی تاكی كورد دا نه‌مرێ.

قسه‌ كردن له‌ سه‌ر حزبه‌كان و ڕه‌خنه‌ باران كردنیان وه‌ ته‌نانه‌ت سوكایه‌تی پێ كردنیشیان حه‌ڵاڵه‌ به‌ڵام كاتێك له‌ ئه‌م سنووره‌ تێده‌په‌ڕێ و ده‌بێته‌ شارچێتی ده‌چێته‌ خانه‌ی به‌دڕه‌وشتیه‌وه‌ و ده‌بێت ئینسانی كورد ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ بیری كردبێته‌وه‌ به‌ خۆیدا بچێته‌وه‌ .

ڕێبوار هه‌ژار




ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved