پێوەرەكە هەڵەیە

پێوەرەكە هەڵەیە

سامانی وەستا بەكر


376 جار خوێندراوه‌ته‌وه

لە فرەی و ئازادی سیاسیا دانوستان و ڕێكەوتن ئازادیەكی ھەموو لایەنێكە كە لەگەڵ ھەرلایەنێكی ناوخۆییا ڕێبكەوێت بەمەرجێك لەسەر بەرژەوەندی خەڵك نەبێت و كەمترین بەریەكەوتنی لەگەڵ ھێڵە ستراتیژی ئابوری و كۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاریەكانی میلەتا نەبێت.

ستراتیجی حیزبی لە ستراتیجی نیشتمانی و درێژخایەن گرنگترە بەلای حیزبەكانەوە لەكاتی دانوستانەكانا، كە لە ڕاستیا پێچەوانەكەی تەندروست و ڕێچكە ڕاستەكەیە، چونكە كاری حیزب ڕێكخستن و چاكتر كردن و خزمەت كردن بە خەڵكە ھەربۆیە كارێكی نامۆیە كە دانوستان لەبەرژەوەندی حیزب ئەكرێ و ھەر لەبەرژەوەندی حیزبیشا كۆتای پێئەھێنرێ!

كێشەی پێكھاتنی حكومەت و دانوستان بۆ دامەزراوەكان ھەمیشە تەنھا دوو حیزب ڕێكەوتن ئەكەن، وە دواتر حیزبێك لەو حیزبابە لەگەڵ حیزبێكیترا دانوستان ئەكات و بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕێكەوتنی یەكەم، كە خۆی كاری بەجێ و تەندروست ئەوەیە كە دوو حیزبی یەكەم كاتێك ڕێئەكەون ئەبێ وە زۆر گرنگە بۆ ڕێكەوتن لەگەڵ حیزبی سێیەم ئەوان وەك یەك تیم و بە یەك ستراتیژ دانوستان لەگەڵ حیزبی سێیەم بكەن، وە كاتێك لەگەڵ حیزبی سێێەمیش ڕێكەوتن ئەكەن دیسانەوە زۆر گرنگە كە ھەرسێ حیزب بەیەك ستیراتیژ دانوستان لەگەڵ حیزبی چوارەما بكەن، وە بەو شێوەش تا كۆتایی بەردەوامبن.  باشی ئەم ھەنگاوە لەوەیایە كە تەمومژ و مقۆمقۆی سیاسی كەمتر ئەبێتەوەو متمانە لە نێوان حیزبەكانا دروست ئەبێت و ئارامی بۆ شەقام دەستەبەر ئەبێت و لەھەمان كاتیشا ڕێ لە ڕاگەیاندنی نابەرپرس و بەرپرسی بارزگان و سودمەند لە ئاژاوە ئەگیرێ كە سوود لەو ماوەی دانوستان و گوزەری سیاسیە ببینن و ڕێگربن لە نانەوەی ئاژاوەی سیاسی و كۆمەڵایەتی.

لە ڕاستیا كلتوری سیاسی و دانوستانەكان لە ڕۆژھەڵاتی ناوین بە گشتی و لە ھەرێمی كوردستان بە تایبەتی بەجۆرێكە كە ھەمیشە دوو لایەن دانوستان ئەكەن و لایەنی ھەمیشە ئامادەو زیندوو خاوەن قەزێكە لەبیر ئەكەن كە میلەتە، واتە ھەمیشە میلەت دانوستانكاری سەرەكی و یەكەمە و حیزبەكان لە پلەی دووەمدا دێن بەڵام لە ھەرێمی كوردستان پلەی میلەت ئەژمار ناكرێ و ھەمیشە دانوستان لەبەرژەوەندی دوو حیزب و لەناو حیزبیشا لە بەرژەوەندی دوو باڵ و لەناو باڵەكانیشا لە بەرژەوەندی دوو بنەماڵەو ھەندێ جار لەبەرژەوەندی تەنھا كەسێكیشا ئەكرێ.

گرنگە گرنگی بدرێ بەوەی كە كاتێك حیزبێك یان دوو حیزبی سیاسی و زیاتر لە دانوستانەكانا ئەیبەنەوە مەبەست لێی ئەوەبێ كە میلەت براوەی یەكەمە ئەگەرچی خودی حیزبەكە دۆڕاوی سەرمێزیشبێ چونكە كاری حیزب ئەوەیە كە ھەمیشە میلەت براوەبێ.

لە دانوستانەكانی  ھەرێمی كوردستانا كێشە عیملاقەكە لەبیرئەكرێ كە ئەویش كێشەی ژیانە چونكە لەبازنەی مرۆڤ بوون و مرۆڤایەتیا ژیان چەقە و ئەبێ شایستەی مرۆڤ بێ و نابێ ھیچ شتێك لە ژیان گرنگتربێ بۆ دانوستان.

تا ئێستا لە پێكھێنانی ھیچ كابینەیەكی حكومەتی ھەرێما بەم كابینەیەشەوە "كابینەی نۆ" كە جارێ چاوی ڕوناكی نەبینیووە باس لە ئەولەویاتی ھاوڵاتی نەكراوە واتە كێشەی سەرەكی ھاوڵاتی چەقی دانوستانەكان نەبووە، كە خۆی لە ژینگەو ڕێگاوبان و ئاو و كارەباو مووچەو خزمەتگوزاری گشتی و خوێندن و زانست و پەروەردە...ھتد ئەبینێتەوە، بەڵكو هەمیشە دانوستان بۆ زۆرترین بەركەوتی سیاسی و پشك و پۆست و پێگەی حیزبە لە حكومەتا.

نەك لە دانوستانەكانا بگرە لە ستراتیژیەتی درێژخایەنی حكومەتیشا (كە دڵنیام ھیچ ستراتیژیەتكی درێژ خایەن بوونی نیە) شتێك نیە “Road of map” بەناوی "خارگە الگریق" نەخشە ڕێگا واتە لە ٢٨ ساڵی حكومڕانی ھەرێما تا ئێستاش نەخشە ڕێگایەك نیە كە حكومەتە یەك لەدوای یەكەكان لەسەری بڕۆن تا بگەنە ئەو شوێنەی كۆتای نەخشەكە دیاری كردووە بەڵكو بە پێچەوانەوە لە یەك خولی پەرلەمانی و كابینەی هەمان حكومەت چەند ستراتیژیەتێكی جیاواز بەیەك ھەست پێئەكرێ كە دڵنیام لە سەرۆكی حكومەتەوە تا بەڕێوبەری فەرمانگەیەك بێئاگان لێی و ھیچ كەس و لایەنێكی حكومی نەخشە ڕێیەكی لەبەردەستا نیە تا كاتێ لێی لادرا زەنگی ئاگاداربوونەوە لێبدرێت.

یەكێكیتر لە خاڵی لاوازی دانوستان و ڕێكەوتنی حیزبەكان بە تایبەتی ڕێكەوتنی ستراتیژی ئەوەیە كە ھەمیشە میلەت زەرەرمەند ئەبێ لێی بۆ نمونە ڕێكەوتنی ستیراتیژی پارتی و یەكێتی دانپیانانێكی ئاشكرای دوو ئیدارەی و لەوەش خراپیتر دوو زۆنی سیاسی و جوگرافیای جیاواز بوو، كە تا ئێستاش ھەر بەو جۆرە بەردەوامە، وە بۆتە قۆرتی ھەر كارێك كە ئەم دوو زۆنە نەبنەوە بەیەك ھەرێمی یەك ڕەنگ كە حكومەت لە باشوریەوە بۆ باكور و لە ڕۆژھەڵاتیەوە بۆ ڕۆژئاوا بەھەمان ھێز حوكمڕانبێت، بەڵكو بەجۆرێكە كە داواكراوی دادگاكانی ئەم زۆن لە زۆنی ئەولا خۆی حەشار ئەیەن ھەروەك ئەوەی بڵێی سنوری دوو وڵاتی ناكۆكن و لە كاتی جەنگدان.

لێرەوە بۆمان ڕوون ئەبێتەوە كە ھەروەك چۆن خەڵك لە ململانێی حیزبیا  زەرەرمەندن ھەرواش لە دانوستان و ڕێكەوتنی حیزبەكانا زەرەرمەندن بوون، ھەر لەبەر ئەوەشە شەقام دڵخۆش نابێ كاتێك ڕێكەوتنێكی سیاسی ڕائەگەیەنرێ.

خاڵێكی تری لاوازی دانوستانی لایەنەكان تا ئێستا لەسەر ژمارەی ئەو دەنگانەیە كە بە دەستیان ھێناوە، واتە ئەنجامی ڕێكەوتنەكانیان لەسەر ٪‏٣٦ خەڵكی دەنگدەرە كە ڕاست ئەوەیە دانوستان لەسەر ژمارە گەورەكە بكرێ كە ٪‏٦٤ خەڵكی دەنگنەدەرە، واتە ئەبێ دانوستان بە ئاڕاستەیەك بووایە كە ئایا ھەڵەی كۆی ئەم حیزبانە لە ساڵانی ڕابردووا  چیبووە كە بۆتە ھۆكاری ئەوەی زۆرینەی خەڵك بایكۆتی پرۆسەی دیموكراسی و دەنگدان بكات،  ئەبوو بگەڕانایە بەدوای ئەو ھۆكارانەیا كە خەڵك لێی ناڕازیە، وە دانوستان بە مەبەستی ڕێكەوتن لەسەر ئەو خاڵانە بووایە كە خواستی خەڵكی دەنگ نەدەرە و تووڕەی و ناڕەزاییەكانیان بە ھەند وەرگرتایە، چونكە ئەوانە نوێنەری ڕۆح و گیانی كۆمەڵگە ئەكەن و ڕەوایەتی لای ئەوانە، ھەروەك چۆن مافی ئەو لە ٪‏٣٦ لەبیرنەكرێ كە ڕێزیان لە پرۆسەی دیموكراسی دەنگدان گرتووە.

لە كۆتاییا ئەگەر قسە لەسەر بەرنامەی ستراتیژی حیزبەكان بێت ئەوا لەدوای ھەڵبژاردنەوە بۆمان ڕوون بۆوە كە حیزبەكان ستراتیژی سیاسی درێژخایەنی حیزبایەتیشیان نیە بەدەر لە گۆڕان كە لە دروست بوونیەوە ڕژدە لەسەر جێگێركردنی سیستمی پەرلەمانی بۆ ھەرێمی كوردستان و ئەوەی كە تا ئێستا ئەبینرێ ئەوەیە كە گۆڕان توانیویەتی خواستی خۆی لە كابینەی نۆیا جێبكاتەوە. بزوتنەوەی گۆڕان تاكە لایەن بوو كە لەدوای ھەڵبژاردنەكانەوە مەرجەكانی خۆی ڕاگەیاند بۆ بەشداری كردن لە حكومەت و ھەرواشی كرد كاتێك پارتی مەرجەكانی بزوتنەوەكەی قبوڵ كرد، لەوەش گرنگتر ئەو بزوتنەوەیە ستراتیژی تایبەت بەخۆی ھەبوو كە لە ١٠ ساڵی ڕابردووا كاری بۆ كردوەو توانی لەم كابینەیەیا جێگەی بكاتەوە و ڕا ڕا نەبێ و بەرنامە ستراتیژیەكەی نەبەستەوە بە ژمارەی پشكەكانی لە حكومەتا ئەگەرچی جێبەجێكردنەكەی لەدەست پارتیایە و ئەزمونی پێشووی گۆڕان لەگەڵ پارتیا ئەنجامی باشی نەبووە بەڵام نابێت پشت لە ئومێدو متمانەبكرێ.

لە دوای ھەڵبژاردنەكانەوە پارتی دیموكراتی كوردستان ناشرینترین كارەكتەری حیزبی سیاسی بووە تا ئێستا، چونكوم بەچاوەڕوانی پارتی بۆ ڕێكەوتن لەگەڵ یەكێتی ئەوەی سەلمان كە بەرژەوەندی پارتی لە دوو زۆنی پەنجا بە پەنجایایە ئەگەرچی واش وێنا نەكرێ و ھەوڵی ئەوەبدرێ كە كۆتای بە پەنجا بە پەنجا ھێنراوە.

ئاخر ھەرچۆنێك بێت و بە ھەر شێوەیەك بێت پارتی ٤٥ كورسی ھێنا ئەوەش بووە ئومێدی تەنانەت نەیارەكانی پارتیش كە چیتر پێویست ناكا پارتی و یەكێتی پێكەوە حكومەت پێكبھێنن بەڵكو ئاوات ئەوەبوو كە ئەو ھەڵەیەی ساڵی ١٩٩٢ كرا ئێستا ڕاست بكرێتەوەو یەكێك لەو دوو حیزبە ببێ بە ئۆپۆزستۆن، بەڵام پارتی ئەوەی نەكرد وا وێنای ئەكرد بە بەشداری نەكردنی یەكێتی لە حكومەتا  دوو ئیدارەی ڕائەگەیەنرێ كە ئەمە دوورە لە ڕاستی و مومكین نیە بەهۆی ئەو بەرژەوەندییە كەسی و بازرگانیانی كۆمپانیا زەبەلاحانەی هەردوولا لە زۆنی یەكترا بەڕێوەی ئەبەن و هەرچی یەكێتیە هەرگیز گەمژەی واناكات چونكوم زۆربەی پارە دیار نەماوەكانی سلێمانی لە هەولێر خراونەتە گەڕو كۆمپانیا و هۆتێل و نەخۆشخانەی ئەهلی....هتدی پێ دروست كراوە، بۆ بەرژەوەندی بازرگانی و كەسی لە هەردوولا.

ھەرچی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە قێزەونترین ماوەی دانوستانی دوای ھەڵبژاردن تا گەشتن بە ڕێكەوتن لەگەڵ پارتی بەڕێكرد، بەجۆرێك چەندین جار ھەڕەشەی دوو ئیدارەی و شەڕی ناوخۆو سزادانی سیاسی و دەركردنی گۆڕانیان بە غەیرە موباشر كرد ئەوەش تەنھا بۆ دەستكەوتی كەسی و پلە و وەزارەتی زیاتر بوو. یەكێتی ١٨٥ ڕۆژ ژانی خەڵكی ھەرێمی كوردستانی كرد بە قوربانی وەزارەتێك زیاتر لە پشكی یەكێتی و  ڕاگرتنی هاوسەنگی باڵە زۆرەكانی ئەو حیزبە نا هاوسەنگ و پەرش و بڵاو نزیك لە هەڵوەشانەوەیە.

ماوتەوە بوترێ گرنگە حیزب ڕاهێنان لەسەر هونەری دانوستان بكات بۆ چورا ساڵی داهاتوو بەجۆرێك كە سودمەند و براوە خەڵك بێت نەك حیزب بەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی حیزبی كە بەهیچ جۆرێك لەسەر بەرژەوەندی گشتی خەڵك نەبێت.

سامانی وەستا بەكر



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved