فێستیڤاڵی رەنگەكان و قسەیەكی تر

فێستیڤاڵی رەنگەكان و قسەیەكی تر

لەتیف فاتیح فەرەج


623 جار خوێندراوه‌ته‌وه

1
بە باش و بە خراپ قسە لە بارەی  فێستیڤاڵی رەنگەكانەوە كرا ، یارو نەیاری ئەو جۆرە گردبونەوەو خۆشی دەربڕین و سەماو خۆ لە ڕەنگ هەڵكێشانە زۆریان وت ،بۆنەكەچیەو چۆنە ، خراپە یان باش ، بۆ لە بری دەیان چالاكی و كاری تر ئەم كارە ، ئایە هەولێرو كوردستان بەوە دەگەنە كوێ ، ئەوانە هەندێك بابەتی لاوەكین و مایەی هەڵوەستە نین ، پەلاماری مەلایان و دەستبردن بۆ وێنەی تایبەتی خەڵك و بڵاو كردنەوەی بەو جۆرەی سوكایەتی بێت بە كەسەكان ئەوەش لەو لاوە بوەستێ ، ئەسڵەن مەسەلەكە هیچ یەك لەمانە نین ، مەسەلەكە ئەوەیە ئایە هەولێر دەركی ئاوەڵایە بۆ ئەوەی وەك چۆن بۆ ماراسۆن و یاری رەنگەكان و كۆبونەوەی سەدان كڵاو سور دژی سروە عەبدولواحید بوار بدات بە خەڵك ناڕەزاییەكانیان دەربڕن ، بۆنمونە سبەی هەولێر رێگە دەدات فێرخوازان بۆ مافەكانی خۆیان بێنە سەر شەقام ، رێدەدات پەكەكە داوای هونەرمەندە بێسەرو شوێنەكانی بكاتەوەو لە چەقی هەولێردا خۆ نیشاندان بكات ؟

2
ئێوە سەیركەن ، لە سەر داوای موچە مامۆستایەكی بەتەمەن درایە بەرشەق ، خۆ ئەو پیاوە تەنانەت دەبەیەك رەنگیشی پێنەبوو تا بیكات بەسەرو چاوی ئەو كەسەدا كە دایە بەرشەق ، ئەسڵەن شەق وەشێنەكە دەبوو لە لایەن خودی مەسعود بارزانیەوە سزا درابا، ئاخر مەسعود بارزانی زۆر باسی دادگەری شۆڕشی ئەیلول دەكات لە بن چەتری بابیدا ، هەرچەند من نووسیم شۆڕش لێ تێبینی زۆرم لەسەر ئەو زاراوەیەش هەیە كە مێژوو نووسان بۆیان دادڕیوە ، لە چەقی هەولێردا سوكایەتی بە خانمە دكتۆرێكی بەڕێز كرا ، لە چەقی هەولێردا كەمالی سەید قادر شەقباران و هێلكە باران كرا ، لە چەقی هەولێرا دەرگا بە ڕوی یوسف محەمەدەكەی گۆڕاندا داخرا ، مەسەلە ئەوەیە ئایە هەمان ئازادی كەیق و سەفای رەنگەكان و ماراسۆن و نمایشە زەردەكانی حزب ، بۆ كەسانی دیكە هەیە كە بڵێن نادادی هەیە ؟

3
لە دەرەوەی هەندێ تێبینی و سەرنج لە سەر وێنەبڵاوكراوە بە ئەنقەستەكانی فێستیڤاڵ ، من تا سەر ئێسك لە گەڵ خۆشی دەربڕین و ئاهەنگی دڵخۆشی خەڵكام ، پێمخۆشە مرۆڤی كورد هەمیشە بەختەوەرو دڵخۆش بن ، لێ ئەوە زۆربەیان سەرەڕای ئەوەی لە دەوڵەمەندەكان بوون ، دوای فێستیڤاڵەكەش هیچ پەیامێكیان نەبوو ، بۆ نمونە دەكرا بەو بۆنەیەوە سەدان داریان چاندبا ، هەزاران باڵۆنیان بۆ ئاشتی و ئازادی و دژی شەڕو كوشتن بخستایەتە ئاسمان ، كە ئەوەیان نەكرد ، هەر ئەوەش بەسە كە لانی كەم كەسانێك بۆ چەند ساتێ دڵیان خۆش بوو .

لەتیف فاتیح فەرەج



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved