كۆمەڵگەی حەڵاڵ‌و حەرام یا كۆمەڵگەی یاسا

كۆمەڵگەی حەڵاڵ‌و حەرام یا كۆمەڵگەی یاسا

ئەحمەدی مەلا


416 جار خوێندراوه‌ته‌وه

لای ئێمە رەقیبی كۆمەڵایەتی هێشتا مزگەوتەكانە، ئەو رێگەی راست و چەوت نیشان دەدات، ئەو دەڵێ وا بكەن باشە و وا مەكەن باش نییە، ئەو لە سەرووی هەموو دەزگایەكەوە قسەی خۆی دەكات، تەنانەت ئەو هەستەشی لە لا دروست بووە كە شەرعییەتی ئەو پاكیزە و بێگەردە، سەرباریی ئەوەی ئەم شەرعییەتە لە لای خەڵكەوە سەرچاوەی نەگرتووە بەڵكو لە سەرچاوە فیقهییەكانی سەردەم و قۆناغە جیاجیاكانی مێژووی ئاینییەوە بەرهەمهێنراون. وەدەستهێنانی ئەم شەرعییەتە هەندەی لە ئاوڕدانەوە لە كەلەپووری نووسراوەوە هەڵهێنجراوە، هەندە سەیری دیاردەكان و گۆڕانكارییە مێژووییەكان ناكات. پیاوانی ئایین پسپۆری رابردوون و هەمیشە رابردوو بەسەر ئێستا و ئایندەدا دەسەپێنن. بەڵام دنیای ئەمڕۆ زۆر جیاوازە لە دنیای دوێنێ، وەك چۆن دنیای سبەینێ زۆر جیاواز دەبێ لە دنیای ئەمڕۆ. بۆیە دەقی ئاینیی دەبێتە بە بنەڕەت-ئەسڵ- دنیا دەبێتە پاشكۆ. ئەمەش شكستی بنەڕەتی گوتاری ئاینییە.

كۆی سەرچاوە شەرعییەكان هەندە لێڵ و تێكچڕژاون، تەنانەت دەگاتە ئاستێك كە هەر مینبەرێك بە دەنگ و رەنگێكی جودا بخوێنێ كە هیچ پەیوەندییەكی بە مینبەرێكی دیكەوە نەبێ. ئەم پاشەگەردانییە ئەنجامی نەبوونی قوتابخانەیەكی فیكریی ئاینییە كە شێلگیرانە بتوانێ قسەی خۆی بكا و ئەم قسەیەش لێكترنجانی دوێنێ و ئەمڕۆ بێ، كەسانێكیش پێی هەڵسن تەواو لە پەیامی ئەبەدی تێگەیشتبێن و تەواویش سەریان لە گۆڕانكارییە هەنوكەییەكان دەربچێ. ئاسمان و عەرد، كتێب و واقیع، مرۆڤ و دەورەبەر زانایانە بخەنە ژێر لێكۆڵینەوە لە پێناو بەرهەمهێنانی گوتارێكی ئەمڕۆیی. بەڵام ئەم گوتارە تەنها ئاینپەروەران مولزەم دەبن پێی، چونكە سەرچاوەی یاسادانان لە كۆمەڵگەیەك كە خاوەن پەرلەمان بێ، خودی پەرلەمانە نەك مینبەر. مینبەر قسەی خۆی ئاراستەی ئیمانداران دەكا، ئاراستەی ئەو كەسانە دەكا كە گوێی لێدەگرن نەك ئاراستەی هەموو خەڵكیی. بێ باوەڕ مولزەم نییە بە قسەی مزگەوت، بەڵكو مولزەمە بە یاسا.

سنووری ئیمان مزگەوت و مەڵبەندە ئاینییەكانە، سنووریی یاسایی وڵاتیش سنووری ئیدارییە. هەموو تاكەكانی كۆمەڵگە مولزەمن بە یاسا، كەچی یاسا شەرعییەكان تەنها ئیمانداران لێپرسراون بەرامبەری. لێپرسراویی هاوڵاتیان بەرامبەر بە دەوڵەت و دامودەزگاكانە، لێپرسراویی ئیماندار بەرامبەر بە خودایە. سزای خودا قیامەتە، سزای دەڵەت هەنووكەییە.

لە هەرێم هەموو شتێك تێكەڵ دەكرێ. خودا دەهێننەوە هەموو گونجێكەوە، یاسا مەتاتییانە خۆی دەكشێنێتەوە...تاكو پەرلەمان نەبێ بە جێگای بڕیار و سەرجەمی یاساكان دادپەروەرانە جێبەجێ نەكرێن، مزگەوت خۆی دەخزێنێتە ئەو بۆشاییانە...یەكێك لە سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی لە كۆمەڵگە عەرەبییەكان ئەم كەلینە بوو كە رۆژ لە دوای رۆژ گەورەتر دەبوو...

كاتێك یاسا جێبەجێ ناكرێ، بڵندگۆی مزگەوەتان بەهێزتر هاوار دەكەن، كاتێك یاساكانی پەرلەمان دادوەرانەتر دادەڕێژرێن و لە لایەن دەسەڵاتی تەنفیزییەوە دەسەپێنرێن، مزگەوت فەزا تایبەتەكەی خۆی بۆ دەمینێتەوە...لە بەلاش نەگوتراوە، خودا بۆ تاكەكان و نیشتیمان بۆ هەموان.

ئەحمەدی مەلا




ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved