هەواڵێكی پڕ ئومێد و هیواكوژ لەرۆژئاڤاوە لەبارەی گەندەڵییەوە

08/04/2019

كەمال چۆمانی

لەدوای ئازادكردنی كۆبانێوە، لەڕێی ئەو پیتەك و كۆمەكەی بە رۆژئاڤا و بەتایبەتتر بە كۆبانێ بەخشراوە، ئیدارەی رۆژئاڤا/كۆبانێ دەستیان بە دروستكردنی چەند شوقەیەكی نیشتەجێبون كرد. 

شوقەكانی نیشتەجێبون بە ناوی تاخی نوێ دروستكران. لە چەند رۆژی رابردودا، ئیدارەی كۆبانێ رایگەیاند هەركەسێك دەتوانێت ئەو شوقانە بە كرێ بگرێت لە بەرانبەر پێدانی ٥٠٠ دۆلاری پێشەكیی و ١٠٠ دۆلاری مانگانە كرێ. 

ئەمە وای كرد خەڵك ناڕەزایەتیی دەرببڕێت چونكە لە سەرەتادا وا لەناو خەڵك راگەیەنرابو كە ئەو شوقانە بدرێنە خەڵكانی دەستكورت كە خانویان خراپ بوە و توانای چاككردنەوەیان نییە، یان بدرێتە ماڵباتی شەهیدانی كۆبانێ. 

ئەوەی خەڵكیشی زیاتر توڕە كرد، ئەو ویستە قازانجویستەی ئیدارەی كۆبانێ بو كە بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ بەهاكانی شۆڕشی رۆژئاڤا ناگونجێت. 

ئاخر چۆن دەبێت كرێی شوقەیەك مانگانە ١٠٠ دۆلار بێت لە كاتێكدا موچەی فەرمانبەر ١٠٠ بۆ ١٥٠ دۆلارە، بۆ نمونە موچەی مامۆستا.

ئەمە وای كرد خەڵك توڕەی دەرببڕێت. تەنانەت هەندێك بەوە ئیدارەی كۆبانێیان تۆمەتباركرد كە بنەماكانی سەرمایەداریی دەچەسپێنێت و تەنها قازانج دەبینێت. تا ئێرە زۆر هەواڵێكی هیواكوژ بو. 

ئەوەی ئومێدی تا رادەیەك گەڕاندەوە، توڕەیی خەڵك بو كە وای كرد ئیدارەی كۆبانێ بڕیارەكە رابگرێت و بە بڕیارەكەدا بچێتەوە. ئێستا دەبێت چاوەڕێ بكەین ئایا بڕیارە نوێیەكان لە خزمەتی هەژاران و چینی خوارەوە دەبێت وەك رۆژئاڤا بانگەشە دەكات داكۆكیكاری ئەو خەڵكانە بێت، یان ویست و داوای هەژاران و چینی خوارەوە بنپێ دەخات و دەكەوێتە خزمەتی چینی سەرەوە و دەوڵەمەندان و سەپاندنی ویستی دەستەڵاتدارێتیی خۆیان. بۆ من، ئەوە بڕیارێكی زۆر گرنگ دەبێت، دەكرێت وەك یەكەم هەنگاوی رۆژئاڤا بیبینین كە دەبێتە هەرێمێكی دیكەی كوردستانی گەندەڵ یان كە هەڵەیەكی كرد كەللەڕەقیی ناكات و بە هەڵەكەیدا دەچێتەوە.

تێبینی: رۆژئاڤا تا ئازادكردنی باغۆز لە قۆناغی شۆڕش و ئازادكردن دا بو. لە زۆر هەڵەشدا ئێمە و خەڵك و ئازادیخوازان چاومان لێیان پۆشی. لە ئازادكردنی باغۆزەوە، قۆناغی ئیدارە و حوكمڕانیی دەستپێدەكات كە نابێت هیچ هەڵەیەكی گچكۆكەشیان لێ قبوڵ بكرێت.

كەمال چۆمانی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی