یەكێك هەیە بارزانی تەلەفۆنی بۆ بكات

08/04/2019

رێبوار کەریم وەلی

(1)
ئەگەرچی لە دوایین ساڵەكانی تەمەنی سیاسیی تاڵەبانی (پێش نەخۆشكەوتنەكەی) كێشە و ئاستەنگەكانی نێوان پارتی و یەكێتی بە تەلەفۆنێكی نێوان بارزانی و تاڵەبانی چارەسەر نەدەبوو، بەڵام لانیكەم دوا بڕیار هەر لای خۆیان بوو. لە شەش مانگی رابردوودا، یەكێتی و پارتی پتر لەوەی شەڕی ئیرادەی یەكتری بكەن، شەڕی سەرخستنی ئیرادەی ناوخۆیی خۆشیان كردووە و هەر گەڕێكی دانوستاندن بە تیمێكی جیاواز رووبەڕووی یەكتری بوونەتەوە. هەر بۆیەشە بەشی زۆری كۆبوونەوەكان بێ ئەنجام بوون. 

سەرباری ئەوەی كە هەردوولا پێداگر بوون لەسەر ئەوەی بەبێ یەكتری حكومەتێكی سەرتاسەری دروست ناكرێت، بەڵام دیسانیش (بە تایبەتیش لەناو یەكێتی) داواكاریی جیاجیای باڵەكان بە پڕۆسەكەوە رەنگی دایەوە كە هەندێكیان لە توانای پارتیدا نەبوون، بەتایبەتیش دانانی پارێزگارێكی ئۆكتۆبەرچی بۆ كەركووك كە مەبەستیان سپیكردنەوەی رابردووی خۆیان بوو تا دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركووك.

 ئەو داواكارییانەی كە یەكێتی لە پەڕاوێزی مەسەلەكانی سەرۆكایەتیی هەرێم و حكومەتدا لە پارتیی هەبوو، بەشێكیان لە دەرەوەی یەكێتییەوە هاوردە كرابوون و بەشێكیشیان خواستی سەركردایەتیی خۆگیڤكەرەوە بوون كە وایاندەزانی یان چۆك بە پارتی دادەدەن و یانیش پڕۆسەكە پەكدەخەن! هەر لە رۆژی یەكەمەوە كۆسرەت رەسوڵ پێیوابوو كە داواكارییەكانی یەكێتی هەندێكیان پێویستیان بە كاتی زیاتر و زیاتر لە لایەنێكە، بە تایبەتیش لە مەسەلەی كەركووكدا. بەڵام نە سازشی لە داواكارییەكانی یەكێتی كرد و نە لەگەڵ پارتیشدا دەرگاكانی داخست. پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی نێوان بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ دوای چاوەڕوانیی بە بنبەست گەیشتنی دانوستاندنەكان، دەرگایەكی نوێی دەكردەوە و رێگر بوو لەوەی هەرزە سیاسییەكانی ناو یەكێتی پڕۆسەكە بە ئاقارێكی دیكەی وەك دووئیدارەیی و تەنانەت ئاژاوەدا ببەن.

ئەمڕۆ كۆسرەت رەسوڵ سەرباری باری نالەباری تەندروستیشی، بە هەق تەجاوزی سەردەمی تاڵەبانیشی كردووە، لەناوخۆی حزبەكەیدا لە سەردەمی ئەودا جیابوونەوە درووست بوو، بەڵام بەری پێگرت و سەرۆكی حزبەكەی هێنایەوە ناو یەكێتی، ململانێی پارتیی كرد و كردی بە سەرۆك كۆمار، دەستكەوتەكانی یەكێتی بەبێ هیچ رێككەوتنێكی نووسراوی وەك رێككەوتننامەی ستراتیژی لە جاران و تەنانەت لە حەجمی ئێستای یەكێتی لە رووی كورسییەوە زیاترە، بەرژەوەندیی هەموو باڵەكانی ناو یەكێتی دابین كردووە و رێككەوتننامەی سیاسیشی لەگەڵ پارتیدا ئیمزا كردووە. هەم پارتی و هەم یەكێتی دەبێ ئەوە ببینن.

نیو جێگر
(2)
زۆربەی كات، بە تایبەتیش كە باسی كۆسرەت رەسوڵ دەكرێت، هەندێك كەس خێرا دەڵێن بۆ كوڕەكانی خۆی هەوڵ دەدات! وەك ئەوەی سەركردەكانی دیكەی كوردستان بۆ كوڕی خەڵك هەوڵ بدەن و پێگەیان قایم بكەن! كام سەركردە هەیە لە كوردستان بۆ كوڕ، نەوە، برازا و ئامۆزای خۆی هەوڵی نەدابێت؟ بۆ ئەوە وەكو كەمایەسییەك تەنها رووبەڕووی كۆسرەت رەسوڵ بكرێتەوە، لە كاتێكدا تاكە داواكاریی تاڵەبانی لە بارزانی، پێش ئەوەی بمرێت، پاراستنی پێگەی دوو كوڕەكەی بووە؟

فازڵ میرانی ئەوە دووەمجارە لەو سۆنگەیەوە كە كوڕەكانی تاڵەبانی ئەمانەتی ماڵی بارزانین، ئەوە دووپات دەكاتەوە كە كوڕە بچووكی تاڵەبانی (قوباد تاڵەبانی) نیوەی هی پارتییە. میرانی دەزانێ ئەو قسەیە لە كوێوە دەكات، بەڵام جاری یەكەم قوباد تاڵەبانی دیار بوو ئاگای لە مەسەلەكە نەبوو، بۆیە كاردانەوەی نیشان دا. پێدەچێ ئەمجارە پێویستی بەو نیوە پارتییە و مسۆگەركردنی نیوەی جێگری سەرۆكی حكومەتی داهاتوو هەبووبێت، بۆیە دەنگی نەكرد.

ئەوەی لەو پڕۆسەیەدا جێگەی سەرنجە، ئەوەیە كە قوباد تاڵەبانی لە ماوەی رابردوودا واجیهەی یەكێتی بووە لە حوكمڕانیدا و تەنانەت لەڕووی نێودەوڵەتیشەوە پشتیوانیی لێكراوە، بەڵام وەك چۆن لە 16ی ئۆكتۆبەردا بێدەنگیی هەڵبژارد، ئەمجارەش لەكاتێكدا هەموو شەڕی یەكێتی بۆ ئەوە بوو ئەو وەكو تاكە جێگری سەرۆكی حكومەت و وەك خاوەنی زۆرترین دەنگی هەڵبژاردنەكان نوێنەرایەتیی یەكێتی بكات لە حوكمڕانیدا، دیسان بێدەنگیی هەڵبژارد. دوو قسەی خێری بۆ حكومەتێك نەكرد كە یەكلابووەتەوە جەنابیان دەبێتەوە جێگری سەرۆكی حكومەت!

ئەردۆغان نەیدۆڕاندووە
(3)
جارێ دیار نییە ئاخۆ ئەردۆغان وا بە ئاسانی ئەنجامی دۆڕاندنی گەورە شارەوانییەكانی ئیستانبوڵ و ئانكارا بە ئۆپۆزیسیۆن قەبوڵ دەكات یان نا؟ بەڵام ئەگەر بەسەرێكدا ئەو ئەنجامانە قەبوڵیش بكات، وەك خۆی لە شەوی هەڵبژاردندا گوتی، هێشتا براوەیە. رادەستكردنی ئەو دوو شارەوانییەی توركیا بە ئۆپۆزیسیۆن، راستە لەڕووی دەروونییەوە بە شكستێكی گەورە هەژمار دەكرێت، بەڵام ئەو مەسەلەیە دیوێكی دیكەشی هەیە كە جارێ تا چوار ساڵ و نیوی دیكە هیچ هەڵبژاردن و ریفراندۆمێك لە توركیا لەئارادا نییە و ئەو سەركەوتنەی ئۆپۆزیسیۆن تا راددەیەك دەبێتە هۆی ئەوەی كە گوشارە ناوخۆیی و دەرەكییەكان لەسەر پڕۆسەی حوكمڕانی لە توركیا كەم ببنەوە. بە شێوەیەك كە ئەوە پێشانی دنیا بدرێت ئەردۆغان پیاوێكە باوەڕی بە دیموكراسی و ئەنجامی هەڵبژاردن هەیە ئەگەر لە قازانجی خۆیشی نەبێت.

ئینجا بە دەردی فارس دەڵێن، ئەردۆغان ئاردەكەی بێژاوە و هێڵگەكەشی هەڵواسیوە؛ گۆڕانكارییەكان لە دەستووری توركیادا، ئەو دەسەڵاتە دەداتە سەرۆك كۆمار كە هەر كاتێك بە پێویستی بزانێت، سەرۆك شارەوانییەكان لەسەر كار لابدات و لە جێگەی ئەوان قەیوم دابنێت وەكو لە رابردوودا دەرهەق بە 97 سەرۆك شارەوانی كردی. هاوكات لەگەڵ ئەوەدا، لە ئانكارا و ئیستانبوڵ تەنانەت ئەگەر سەرۆك شارەوانییەكان لەسەر كاریش لانەدرێن، دیسان وەك قازی شەل رێ دەكەن، چونكە زۆرینەی ئەنجومەنی شارەوانییەكان هەر لەدەست ئاكەپەدا دەبێ.

رێبوار كەریم وەلی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی