ئایا بارزانی ئەتوانێت مەرجەع بێت بۆ كورد؟

08/04/2019

د.حیلمی ڕەسول

دوور لە هەموو دەمارگیری و قسە فڕێدانێك، دەمەوێ وەك كەسێكی پیشەیی و لە هەمان كاتدا زانستی لەسەر چەند زاراوەیەك بدوێم كە فرە رەهەند و هەڵگری مانای قوڵە، ئەویش زاراوەی (مرجع = بۆ گەڕاوەیە)، بەكارهێنانی ئەم ووشەیە لەلایەن هەندێ لە نزیك و راوێژكارە نوێیەكانی بەرێز مەسعود بارزانیەوە جێگای تێڕامانە، بەڵام دەبێ بایی ئەوەی تێدا بهێڵمەوە جارێ بە شێوەیەكی فەرمی لە زاری ماڵباتەوە بەكار ناهێنرێ، لەگەڵ ئەوەی لە فۆرمێكی گوماناوی تردا لە وەڵامدانەوەی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق بەناوی بارەگای بارزانیەوە وەڵام درایەوە نەك دام و دەزگا فەرمیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان (لەگەڵ ئەوەی سەراپا جومگە هەستیارەكانیش لای ئەوانە).
 بەڵام هەر خۆی لە خۆیدا و ناوهێنانی بارەگای تایبەت بە بارزانی مانای بەرزەفڕییەك و گرێیەكی دەروونیە بەوەی خۆی لەسەر هەموو ئەو دام و دەزگایانە بەبەرزتر دەزانێ كە حزبەی لە پێناویدا تێكۆشاوەو لە وتارە عاتیفیەكانی بەرانبەر ئەندامانی حزب بانگەشەی بۆ دەكات، دیارە ئەمە لە رووی تیۆریەوە هەموو كەسێكی پارتی موقنیعە پێی و جێگای مناقشە نییە كە سەرۆك بۆ ولاتێكی دیموكراتی و لە هەمان كاتدا پێكەوە ژیانی ئاشتیانە لەگەڵ پێكهاتە ئایینی و مەزهەبەكانی غەیرە كوردیش تێدەكۆشی نەوەك حزب و رێكخراوە تێكۆشەرەكانی تریش كە هەریەكێكان بە سەنگی خۆی بەشدار بووە لە خەباتی دوورودرێژی جولانەوەی رزگاریخوازی كورددا. 
 بەكار هێنانی وشەی بارەگا لە رووی پراكتیكیەوە تێپەڕاندنی هەموو ئەو زنجیرە دەسەلاتانەیە كەلە هەرێمدا و لە ژێر سایەی یاساكانی پەرلەماندا دروست كراون، هەرچەندە ئەوان خۆیان باڵادەستی و هەژمونیان بەسەریاندا هەبووە، بەڵام دەبێ باسی ئەوەش بكرێت كە هەندێ جارو لە هەندێ دۆخدا پۆستی لاوەكی و لابەلا لە پێناو نەكەوتنە مەترسی بارەژەوەندییە هاوبەشەكانەوە دروست كراوە، دیارە ئەمەیان و ولامدانەوە بە ناوی كوردەوە رەهەندی زۆری تری هەیە، ئەگەر بێت و لە گۆشە نیگای حزبەكەی خۆیەوە رەوا بێت لە قاڵبێكی تەسكدا، دەبێ ئەوە بزانرێت لە روە دەوڵەمەتداری و دامەزراوەكانەوە گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی حەفتاكان یان هیچ نەبێت بۆ پێش ساڵی 1991.
روێژكارێكی نوێی بارزانی لە ئەكاونتی خۆیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردوە لەدوای كۆچی دوایی مستەفا بارزانی نەمر، كورد مەرجەعیەتی سیاسی نەما. بارەگای بارزانی چەتری هەموو كوردێكی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرە بەسەرۆكایەتی مەرجەعی كورد سەرۆك مەسعود بارزانی كە تەنها مەرجەعی سیاسی گەلی كوردستانە. 
بەلای منەوە ئەم قسانەی راوێژكارە نوێیەكەی بارزانی هەرچەندە زیاتریشی بهۆنایەتەوە بۆ كەسێكی حزبی و نزیك لە بارزانی هێشتا مافەو قسەیەكەم لەسەری نییە، هەروەها باسی ئەو پاڵنەرانەش ناكەم ئەو بەڕێزەی وا لێكردوە ئەم بۆچونەی هەبێت و پێچەوانی رابردووی سیاسی خۆی قسە بكات، بەڵام بە پێی هەموو پێوانە و لێكدانەوەیەك بەرێز مەسعود بارزانی ئەو چانسەی لە دەستچووە كە راوێژكارە نوێیەكەی باسی لێوە دەكات؛ لە دەستچوونەكەی بۆ ئەو كاتە دەگەڕێتەوە كە مام جەلال وەفاتی كردو بارزانی نەیتوانی وەك براگەورەیەك رۆڵ بگێڕێت لە نێوان حزبەكەی خۆی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە دوو كۆڵاەكەی سەركی حوكمرانی كوردستان بوون، ئەمە لەلایەك، لەلایەكی ترەوە پاش كۆچی كاك نەوشیروان مستەفاش بەهەمان شێوە نەیتوانی لە قاڵبی حزبایەتی بێتە دەرەوەو تا دوا هەناسە پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستانی بە پەككەوتوویی هێشتەوە و بزووتنەوەی گۆرانی لەسەر هەموو داب و نەریتێكی سیاسی و یاساییەوە رەوانەی ماڵەوە كردەوە.
با تەماشای ‌سوچێكی تری وشەی مەرجەع بكەین بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی هەمانە لە شارستانیەتە دێرینەكان و چۆنیەتی بەرێوەبردنی وڵاتان لە مێژووی كۆن و نوێدا، دەبینرێ هەرچەندە بەردەوام سێ دەزگا هەبوە بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتێكی دیاریكراو بەڵام لە كۆتا بێژنگداندا بڕیارەكان لە بەرژەوەندی گشتی ئەو گەل و خاك و ئاوە دەرچوە، ئەم هاوسەنگی و خزمەت و دڵفراوانیە لە ئەسڵدا كاری مەرجەعە، بەڵام بە تەمەن و لە بیرهاتنی ئێمەو ماناندا، بارزانی كەمجار نەبێت و بۆ مەبەستێكی دیاریكراو نەبێت لە گوتارەكانیدا بەقازانجی حزبەكەی خۆی تەنها هەڕەشەی كردوە، لە هەرەشەكردنەكانیشدا زیانمەندی یەكەم گەلی كوردستان و بوەو كوردی رووبەرووی مەترسی راستەقینە كردۆتەوە حزبەكەی بە مامەڵەیەكی تەم و مژاوی لەگەل رەگەزە ناوخۆیی و دەرەكیەكاندا بۆی دەرچووە.
دیوێكی تری مەرجەع كۆكردنەوەی هەمووانە لە ژێر چەترێكی میهرەبانی و بەرژەوەندی گشتیدا، كەچی پارتی بەو هەموو هێزە ئابوریە (پاوان كردنی سەرچاوەكانی وزەو بەكارهێنانی لە بەرژەوەندی حزبەكەیدا) هەڵمەتەكانی راگەیاندن لە كەناڵە زەبەلاح و دەوڵەمەندەكانیەوە بە موڵكی گشتی ناتوانێت یەك لەسەر پێنجی دەنگەكانی پارێزگای سلێمانی بەدەست بهێنێت، بە وردتریش بڵێین بە گوێرەی داتای دەنگەگانی پارتی ناتوانێت ببێتە مەرجەعی یەك لەسەر سێی خەڵكی كوردستان، ئیتر بەچ پێودانگێك دەتوانێت ببێتە مەرجەعی گشتی بۆ هەرێمی  كوردستان، (كە رەنگە هەندێك لاشیان وابێت بۆ هەموو كوردانیش) رەنگە ئەم قسەیەم لە روویەكی ترەوە هەڵەی تێدا بێت ئەگەر مەبەستم مەرجەع بێت بۆ چەند حزب و گروپ و رێكخراوێكی دیكە، چونكە بە دڵنیایەوە دەتوانێت ئەو رۆڵە بگێڕێ و مافی ئاسایی خۆیەتی، ئەمەش دیسانەوە بە شێوەیەكی رەها نییە بۆ نمونە ئەگەر لەسەر رێككەوتنی گۆران و پارتی قسە بكەین، دەبینین بۆچوونی قەواعیدی خەڵكی گۆڕان وەرنەگیراوە كە بریتین لە توێژەكانی ناوەراستی ناو بزووتنەوەكەو خەڵكی و نێو بازاڕەكان و ( كەبە دڵنیایەوە لە نیوە زیاترە) ، دیارە بۆ یەكێتی و لایەنەكانی تریش هەروایە ئەگەر زیاتریش نەبێت.
بە گوێرە ئەو چەند بەڵگە سانا و ساكارو داتا بچووكانە بۆمان دەردەكەوێت، كەسێك دەبێتە مەرجەع خاوەنی كۆمەڵێك تایبەتمەندێتی و جۆرێك لە كارێزمای تێدا بێت جودا بن لە كەسە ئاساییەكان، توانای جیهانبینی فراوانی هەبێت و زوو هەڵنەچێت، تەرەف بەلایەنێك نەبێت دیدێكی فراوانتری لەحزبایەتی هەبێت، بەڵام بەداخەوە بارزانی نەك هەر حزبیانە بیر ئەكاتەوە تەنانەت لەناو حیزبەكەی خۆشیدا بەرژەوەندی كورو كەسە نزیكەكانی لەپێش هەموو شتێكەوە ئەبینێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی