هەرێم و گرفتەكانی بەردەم چوار ساڵی ئارام

هەرێم و گرفتەكانی بەردەم چوار ساڵی ئارام

هیوا سەید سەلیم


629 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

چوار ساڵی ئارام درووشمی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو بۆ دوایین هەلبژاردنی پەرلەمانی كوردستان،ئاشكرایە كە هەر هێزێكی سیاسی ئازادە لە كاتی بانگەشەی هەلبژاردن چ درووشمێك بەرزدەكاتەوە، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە كە متمانەی خەڵكی بەدەست هێنا چەند كار بۆ پڕاكتیزەكردنی ئەو درووشمانەی دەكات و بەڵێنەكانی دەكات بە كردار. 
لە ئێستادا كە شەش مانگ بەسەر هەلبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تێدەپەڕێت،  نەك هێشتا سەرو سۆراغی چوار ساڵە ئارامەكەمان نەبینیوە،  بگرە هێشتان كابینەكەش دانەمەزراوە، لەگەڵ ئەوەشی كە خەلكی هەرێمی كوردستان تێكڕا لەگەل بەدیهێنانی ئەو درووشمەیە، ئەویش بۆ ئەوەی  كە لەو ئارامیەدا كە ئیدیعای بۆ دەكرێت، تۆزێك ماندووبوونی نائارامی ساڵانی ڕابردووی بڕەوێتەوە.
بەڵام تا كابینەی حكومەتی تازە ڕانەگەیەندرێت،  هێشتا زوو دەبێت حوكم لەسەر ئەوە بدرێت كە ئایا چوار ساڵە ئارامەكە دەبینین یان هەمان ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو چەند بارە دەكەینەوە؟
خەڵك هێشتا بۆ ئەو پرسە بە گومانە، گومانەكانیش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە لە ڕابردوو بەلێنی بێ كرداری زۆر بینیوە.
ئاشكرایە كە كابینەی تازە میراتگری قەیرانەكانی كابینەكانی پێش خۆیەتی، لە قەیرانی سیاسیەوە بگرە،  كە خۆی لە لەدەستدانی متمانەی خەڵك بە پرۆسەی سیاسی، كێشەی نێوان لایەنە سیاسیەكان، ئاسەوارە خرابەكانی دوو ئیدارەی و قەیرانەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دەبینێتەوە.
هەروەها  كێشەی ئابووری و عەقلیەتی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان،  دیوێكی تری قەیرانەكانی سیستەمی حوكمڕانی بووە لە چەند ساڵی ڕابردوو،  كە پەتا هەرە زەقەكەی بریتی بووە لە نەبوونی دامەزراوەی لە حوكمڕانی و دەسەڵاتی حزبی و  نەبوونی شەفافیەت لە داهات و سەرفیات و لەپاڵ ئەمانەشدا بەڕبڵاوی دیاردەی گەندەڵی لەسەرجەم جومگەكانی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان.
ئەمانە بەشێكن لە گرفتەكانی بەردەم چوار ساڵی ئارام، ئەوانەی كە دەیانەوێت هەرێم بە چوار ساڵی ئارام گوزەر بكات دەبێت لە دەستپێكی هەر هەنگاوێكیاندا دان بنێن بەو قەیرانانە، پاشان كاری جدی بكەن بۆ نەهێشتنیان و دۆزینەوەی چارەسەری ریشەیی ئەم قەیرانانە.
لەگەڵ ئەوەی كە درووشمی چوار ساڵی ئارام درووشمی پارتی دیموكراتی كوردستانە كە لە ئێستادا لە گفتوگۆیە لەگەڵ لایەنەكانی تر بۆ پێكهێنانی كابینەی تازە،  بەڵام گەیشتن بەو خەونە تەنیا بە پارتی ناكرێت، بەڵگەش ئەو شەش مانگەیە كە بەسەر هەڵبژاردن تێپەڕیوە، بۆیە دەبێت لایەنەكانی بەشدار لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم باش شان بدەنە بەر ئەو بەرپرسیاریەتە و بەڵێنەكانیان بۆ خەڵكی بكەن بە كردار.
بۆ ئەمەشیان پێویست دەكات لایەنەكانی بەشدار لە كابینەی تازە جەغت لە نووسینەوەی كارنامەیەكی ڕوون و ئاشكرا بكەنەوە كە هەموو ئەو خاڵانەی تێدابێت كە زامنی چوار ساڵی ئارام دەكەن، لە كارنامەكەدا میكانیزمی گونجاو بۆ پابەندبوون بەو كارنامەیە دابندرێت و لایەنەكانی تری دەرەوەی دەسەلاتیش كار بكەن بۆ چاودێری كردنی ئەو كارنامەیە وەك هێزی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی كوردستان.



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved