هێزو گاڵتەجاڕی یاسا!

10/04/2019

كامەران سوبحان

(ئەگەر جێگری سەرۆكی هەرێم لە پشكی گۆڕان، ببێتە بەرپرسیاری هێزە چەكدارەكان، بەهیچ جۆرێ وەك هێزی حەفتا، گوێی لێناگرم.!)

(چوار پەڕەگراف لەسەر ئەم وتەیە!)
پەرەگرافی یەكەم:
ئەمە وتەی مەكتەب سیاسیی حیزبێكە، كە خۆی بە سۆشیال دیموكرات دەزانێ حیزبەكەی ئەم بەڕێزە، لە ڕابردوودا، شانازییان بەوەوە دەكرد، یەكێتی لە كوێ بێ ئازادیی لەوێیە. یەكێتی لە كوێ بێ، سەروەریی یاسا لەوێیە.! بەم وتەیە هەموومانی دڵنیا كردەوە، لە سەروەربوونی یاسا.!

دوای شكستی شۆڕشی چەكداریی لە باشووری كوردستان، دەستەبژێرێكی سیاسیی و خوێندەوار و دەرچووی زانكۆكان، بە خەونی نوێووە، لە ناوەراستی حەفتاكان، بزوتنەوەیەكی سیاسیی و چەكداریی و ڕوناكبیرییان دامەزراند، بەشی زۆری سەركردە و دامەزرێنەرانیی ئەهلی قەڵەم و نووسین و دەرچووی زانكۆ بوون. ئێستا زۆرینەیان لە ژیاندا نەماوون، ئایا ئەو حیزبەی ئەوان دایانمەزراندا، بۆ ئەوە بوو، كەسانێكی وا ببنە ڕێبەر و قسەكەرو سوورەی بەر لەشكریی؟!

پەڕەگرافی دووەم:
لە كۆتا هەڵبژاردنەكاندا، دوای دەركەوتنی فەزیحەكانی ساختەكاریی، پێچەوانەی نەرێتی هەموو دنیا، ئەو حیزبەی خۆی بە براوە زانی، بە نیووە شەوێكی درەنگ، ئەم ژەنەڕاڵەی هەڵیكوتایە سەر گردی زەرگەتە و گۆڕی نەوشیروان مستەفا و ئۆفیسەكەی دایە بەر ڕێژنە گوولە. ئەم تەقەكردن و هەڵوێستە قێزەوونە، هۆكاریی سەرەكیی بشێوویی و نائارامیی ئەم ناوچەیە بوو. گەر لەو ڕۆژانەدا، وەك پاڵەوانی سەركەووتووی جەنگ نەناسرێنرایە و سزا بدرایە، بە دڵنیاییەوە لە كەركوك ڕای نەدەكرد و دەیان پێشمەرگەی بە شەهید بوون نەدەدا و ئێستاش بەبەرچاوی دونیاوە، لەبەردەم چاوی تیژیی نوێنەرانی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان وا قسەی نەدەكرد.!

پەرەگرافی سێیەم:
لەگەرمەی شەڕی ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ هێزە تاریكەكانی داعشدا، لەیەكێ لە كۆبوونەوە فەرمییەكاندا، بەرپرسێكی سەربازیی هاوپەیماناندا، لەبری سوپاس و پیزانینی ڕژانی خوێنی پێشمەرگە لەو شەڕەدا، بە نیگەرانییەوە باسی هەندێ بەرپرسی سەربازیی پێشمەرگەی كرد، كە بەردەوام لەبری پلانی ستراتیژیی جەنگ و ڕووبەرووبونەوەی داعش، خەریكی چاوپێكەوتن و لێدوانی لاوازن بۆ ڕۆژنامەنووسان.! تكایە لەو مەسجە بگەن. تێبگەن هاوپەیمانان بۆ پشتیان كردە خانەقین و جەلەولا و هێندە بە خەمی شەنگال و مەخموور بوون.!

پەڕەگرافی چوارەم:
لە پەرەگرافێكی تری قسەكانیدا دەڵێت:(هێزەكان لای یەكێتی و پارتین، ئەبێ ئەوان بڕیار بدەن) ئەم نیوو دێڕە و ئەوی تریشیان، بەسە بۆ ئەوەی فاتیحەیەك بۆ داهاتووی ئەم هەرێمە بخوێنین. تا ئەمانە هەبن، دەبێ چاوەڕوانی داهاتوویەكی تاریكتر و لێڵتربین لەمەی ئێستا.!

كامەران سوبحان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە