ئه‌نفال دوای 28 ساڵ له‌ خۆ خاوه‌نی

10/04/2019

لەتیف فاتیح فەرەج

1
له‌ ساڵی 1991ه‌وه‌، له‌ هه‌رێمی كودستان، به‌شێكی زۆری كوردستانی باشور خۆمان خۆمان به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ین، له‌بری ئه‌وه‌ی بڕیاری 688 بقۆزینه‌وه‌و كاری له‌ سه‌ر بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش برینه‌كانی خۆمان نیشانی ئه‌وانی تر بده‌ین و بڕیارله‌ چاره‌نووس و ئاینده‌ی خۆمان بده‌ین، كه‌وتینه‌ وێزه‌ی یه‌كترو هه‌زاران لاوی ئه‌م نیشتمانه‌مان له‌ شه‌ڕی خۆ به‌ خۆدا به‌ كوشت دا و دواتریش بێ‌ سزاو دادگا وه‌ك به‌رزه‌كی بانان لێی هاتینه‌ ده‌ره‌وه‌، هه‌ر ئه‌وانه‌ی كه‌ ماڵوێرانی و شه‌ڕی خۆ به‌ خۆیان دروستكرد بوونه‌ سه‌ردارو خاوه‌ن بیره‌ نه‌وت و زمانحاڵی میلله‌ت، میلله‌تێك كه‌ خاوه‌نی كاڵترین یاده‌وه‌ریه‌ له‌ مێژوودا، ئه‌وانه‌ی مناڵی خه‌ڵكیان به‌ كوشت دا له‌ شه‌ڕی ناوخۆدا ئێستا ماستاووپانكردنه‌وه‌ له‌ سه‌ر جێكردنه‌وه‌ی مناڵه‌كانی خۆیان ئه‌كه‌ن له‌ ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانیدا ، هه‌ڵبه‌ت ده‌بوو له‌سه‌ر شه‌ڕی ناوخۆ ئه‌م سه‌ركرده‌و به‌ ناو سه‌ردارانه‌ ئێستا له‌ به‌رده‌م دادگا بان نه‌ك له‌ سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات.

2
دوای 28 ساڵ له‌ حوكمڕانی خۆیی، پرسی ئه‌نفال و جینۆسایدی كورد یه‌ك هه‌نگاو له‌ دنیادا نه‌ڕۆیشتوه‌ته‌ پێشه‌وه‌، من له‌ بۆنه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌دا گوتم ئه‌گه‌ر 2 ملیۆن پۆسكارتی بچوك دروستبكه‌ین و ره‌مزی عومه‌ری خاوه‌رو هه‌ڵه‌بجه‌ی له‌ سه‌ر بێت و له‌ فڕگه‌و شوێنه‌ گشتیه‌كانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا دابه‌شی بكه‌ین، زۆر له‌ و شینگێڕیه‌ باشتره‌ كه‌ ساڵانه‌ سه‌ركرده‌كان به‌ درۆ بۆمان رێكده‌خه‌ن، بۆ ئه‌نفالیش هه‌مان ڕام هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌نده‌ی سه‌ركرده‌كان له‌ خه‌می كوڕو نه‌وه‌كانی خۆیاندان ئه‌وه‌نده‌ بایه‌خ به‌ میلله‌ت و خه‌ڵك ناده‌ن، ده‌نا لانی كه‌م ده‌یانتوانی له‌ ڕێگه‌ی دۆسته‌كانه‌وه‌ و هه‌ر له‌ ڕێگه‌ی بڕیاری 688ه‌وه‌ زه‌مینه‌ی دادگای كردنی ئه‌و رابردوه‌و پاراستنی كورد له‌ سته‌مكاری فه‌راهه‌م كه‌ن، كه‌ نایكه‌ن ده‌ی دیاره‌ ئه‌وان هێشتا ئه‌و پرسانه‌ وه‌ك ماركه‌یه‌كی بازرگانی و فریودانی گشته‌ خه‌ڵك ته‌ماشا ده‌كه‌ن و هیچی تر.

3
بۆ ده‌سه‌ڵاتدارنی كوردی ئه‌نفال و جینۆساید له‌ قسه‌ی خاڵی زیاتر نین، له‌ 28 ساڵدا نه‌یانتوانیوه‌ 28 گوند به‌ ڕێك و پێكی ئاوه‌دان بكه‌نه‌وه‌، كه‌واته‌ بۆ ئه‌وان ئه‌نفال و جینۆ ساید په‌یژه‌یه‌كه‌ بۆ سه‌ركه‌وتن و هیچی تر، ده‌نا زۆر كار هه‌بوو بیكه‌ن، خه‌ڵكی ئه‌نفالزه‌ده‌ی كوردستان هێشتا له‌ دۆخی ئه‌نفالدا ده‌ژێت، هێشتا مه‌ترسی ئه‌نفال به‌رده‌وامی هه‌یه‌ ، له‌ 3-8 -2014له‌ شه‌نگال به‌ شێوه‌یه‌كی تر ئه‌نفال كراینه‌وه‌، له‌ 16-10-2017له‌ كه‌ركوك هێنده‌ی نه‌مابوو ئه‌نفال به‌ شێوه‌یه‌كی تر دووباره‌ بێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش هۆكاره‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی ئه‌و سه‌ركردانه‌ن كه‌ تا ئێستا خۆیان سه‌پاندوه‌ به‌ سه‌ر میلله‌تاو له‌ ناو خۆیاندا كه‌ی بیانه‌وێت شه‌ڕی یه‌ك ده‌كه‌ن و كه‌ی بیانه‌وێت بۆیه‌كتر پانده‌كه‌نه‌وه‌، گه‌وره‌ترین مه‌ترسی له‌ سه‌ر باشوری كوردستان نه‌یاره‌كانمان نین، ئه‌وانه‌ی بێخۆمان ناتوانن هیچ بكه‌ن ، به‌ڵكو سه‌ركرده‌كانمانن،ئه‌وانه‌ی هه‌ر كات بیانه‌وێت ئاگره‌كه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، كێشه‌ ئه‌وه‌ش نیه‌ كه‌ ئه‌وان وانه‌ ، كێشه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هێشتا ده‌ربارو ماستاو چی و له‌بله‌بان و بوكه‌ڵه‌ی سوكه‌ڵه‌یان هه‌یه‌بۆ سوكایه‌تی به‌ ئازادی و ئازادیخوازان.

4
مناڵی هیچ مه‌سئولێكی ئه‌م سه‌ر زه‌مینه‌ له‌و حه‌مه‌ی بۆیاخچیه‌ زیاتر نیه‌ كه‌ شێركۆ بێكه‌سی شاعیر خه‌ونه‌كه‌ی گێڕایه‌وه‌، به‌ڵام حه‌مه‌ ده‌شێ‌ له‌ زۆرێك زیاتر بێت چونكه‌ قۆنده‌ره‌كان بۆیاخ ده‌كات.

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی