بەلەرزە كەوتنی ئەكەپە

بەلەرزە كەوتنی ئەكەپە

عومەر عەلی محەمەد


556 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بەدرێژایی (17) ساڵی ڕابردوو كە (18) هەڵبژاردنی جۆاوجۆر لەتروكیادا ئەنجام دراوە ، بە بەردەوامی پارتی دادوگەشەپێدان براوەی یەكەم بووە، ئەم بردنەوەیە وای لەبەرپرسانی ئەم پارتە كرد بوو كە لەبانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا بە غرورێكی سیاسی زۆرەوە باسی حیزبەكەیان‌و پرۆژەكان‌و ئاستی جەماوەری بوونیان بكەن، ئەوان لەو بروایەدا بوون كە پارتی دادو گەشەپێدان لەدوای ئەوەی كە توانیان ساڵی پار سیستمی پەرلەمانی بگۆڕن بۆ سیستمی كۆماری، ئتیر ئەم پارتە شكست ناخوا‌و پێگەی خۆی لەهەموو جومگەكانی دەسەڵاتدا قایم دەكات‌و هیچ شتێكی تر ناتوانێت بە لەرزەی بخات، لەبەر ئەوە ئەوان زۆر بە حەماسەوە دەڕواننە ساڵی (2023)‌و پرۆژەكەی پارتی دادو گەشەپێدان، كە ئەمە سەرەتایەكی نوێ‌ دەبێت بۆ توركیا‌و توركیاش دەبێتە زلهێزێكی جیهانی‌و پێگەی خۆشی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و جیهان وەك جەمسەرێكی بەهێز دەپارێزێت. هەر بەم دیدو تێڕاوانیەشەوە هەڵس‌و كەوتی دەكردو هەروەك لە بانگەشەی گۆڕینی سیتمی پەرلەمانی بۆ سەرۆكایەتی  دروشمی توركیایەكی بەهێزی هەڵگرتبوو، ئەم گۆڕانكاریانە لەدیدو ئایدیاو بۆ چوونەكانی دادو گەشەپێدان لەدوای ساڵی (2015) ەوەزیاتر هەستی پێدەكرێت، چونكە ئەوان لەو كاتەوە بڕوایان وایە كە توركیا پێویستی بە سەرۆكێكی كاریزما‌و دەوڵەتێكی بەهێز هەیە، هەر بۆ زیاتر تۆخ كردنەوەی ئەم گوتارە زیاتر ئاراستەكە روو دەكاتەوە جەماوەری بەرەگەز تورك‌و وردە وردە پاشەكشە دەكات لە توركیایەكی كراوەو دیموكرات‌و لبیراڵا‌و كاركردن بۆ چەسپاندنی مافە مەدەنیەكان.

ئەم دیدو تێڕوانینە نوێیە وای كرد كە پارتی دادو گەشەپێدان رێكەوتنی ستراتیجی لەگەڵا بزوتنەوەی رەگەزپەرستی تورك بە سەرۆكایەتی دەوڵەت بەهچلی ببەستێت، كە ئەوانیش پاڵنەری گەورە بوون بۆ ئەوەی دادو گەشەپێدان لەپرۆسەی ئاشتی لەگەڵ كورددا پاشەكشە بكات.

لەلایەكی ترەوە ئەو دیدو تێڕوانینە وای كرد كە پارتی دادو گەشەپێدان لەجیاتی سفر كردنەوەی ململانێكان كە بە تیۆری سیاسی داود ئۆغلۆ دادەنرێت، ئەوكاتەی كە سەرۆكی حكومەت بوو، ئەوكاتەش كە وەزیری دەرەوە بوو،تەدوای  ئەو تیۆرێكی تر هاتە ئاراوە، كە ئەویش رووبەڕوو بوونەوەی توند لەگەڵا نەیارەكان‌و ئۆپۆزسیۆن كە زۆر جار بە توندڕەوو ناپاك‌و دەستی دەرەوە لەقەڵەم دەدران، ئەوە سەرەڕای ئەوەی كە لەدوای كودەتاكەوە زۆربە توندی روبەڕوی گوڵەنیەكان بووەوەو لەهەموو دەزگاكانی حكومەت پاكتاوی كردن.

لەكوردستانیش لە (102) سەرۆكی شارەوانی (96) یانی لابردوو لەجێگەیدا كەسانی سەر بە پارتی دەسەڵاتداری داناو لە ناوچە كوردیەكانیشدا بەگشتی باری نائاسایی راگەیاند، لەگەڵا ئەم بارودۆخە نائاساییەی ناوخۆ بەهۆی تێكچوونی پەیوەندییەكان لەگەڵا ئەمریكا، قەیرانێكی ئابوری سەخت روبەڕووی توركیا بووە، كە ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لیرەی توركی (30%) بەهاكەی لەدەست بدات‌و رێژەی هەڵاوسان بگاتە نزیكەی (20%)‌و ئاستی بێكاری (13%).

ئەم دیدو تێڕوانینەی پارتی دادو گەشەپێدان بەرامبەر بە ئۆپۆزسیۆن‌و رۆژنامە نوسان‌و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی‌و جەماوەر بە گشتی، وایكرد كە هەموو هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان‌و نەیارەكانی پارتی دەسەڵاتدا بیر لە خۆر رێكخستنەوەو یەكگرتن بكەنەوە، لەبەر ئەوە ئەمجارەیان لەبەرامبەر هاوپەیمانی كۆمار، هاوپەیمانی گەل دروست بوو كە لەگەڵا هادەپ دا بە رێكەوتنێكی نوێوە چوونە هەڵبژاردن، بەتایبەتی لەشارە گەورەكانی وەك ئەستەنبول ‌و ئەنقەرەو ئەنتالیاو ئەدەنەو ئەرزروم، ئەم رێكەوتنەی كورد لەگەڵا جەهەپە بووە هۆی ئەوەی پارتی دەسەڵاتدار لەهەموو ئەو شارە گەورانە هەڵبژاردنی شارەوانیەكان بدۆڕێنێت.

پارتی دادو گەشەپێدان دەبوایە ئەو ڕاستیە بزانێت كە هەتا ئێستاش ئەو لەتوركیادا دەنگی رەهاو زۆینە نیە، ئەو هەڵبژاردنانەش كە لەڕابردوودا بردوویەتیەوە بەهۆی ناكۆكی‌و رێكنەكەوتنی ئۆپۆزسیونەوەبووە لەنێوە خۆیاندا، لەبەرئەوە ئەو پێویستی بەوە هەبوو كە پارتەكان‌و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لەخۆی نزیك بكاتەوە نەك هەموان بكات بە دوژمنی خۆی‌و لەبەرەیەكدا كۆیان بكاتەوە.

لەدەستدانی ئەو شارە گەورانە مانای سیاسی گەورەی هەیە بەتایبەتی پایتەخت كە نوێنەرایەتی نوخبەی سیاسی دەوڵەت دەكات، هەروەها ئەستەنبوڵا كە بۆ ماوەی (25) ساڵە لەژێر دەسەڵاتی پارتی دەسەڵاتدایەو لەهیچ هەڵبژادنێكدا نەیدۆڕاندووە، لەهەمان كاتدا ئەستەنبوڵا پایتەختی گەشت‌و گوزارو ئابوری‌و كولتوریە.

لەبەر ئەوە لەئێستادا پارتی دادو گەشەپێدان لەبەردەم وەرچەرخانێكی مێژوویدایەو ئەگەر بە خۆیدا نەچێتەوەو چاكسازیەكی بنەڕەتی لەتێڕوانینە سیاسیەكانیدا نەكات لەناوخۆو دەرەوەدا، ئەگەری ئەوەی هەیە وەك پارتی نیشتمانی دایكی لێ بێت، چونكە ئەویش لەساڵی (1989)دا لەهەڵبژاردنی شارەوانیەكاندا جەماوەری رووی لە لەپاشەكشە كردو پارتی رەفا لەئەستەنبوڵا‌و ئەنقەرە جێگەی گرتەوە، بەڵان بەبێ‌ هیچ بەخۆداچوونەوەو گۆڕانكاریەك، چوەوە هەڵبژاردنی (1994) لەم هەڵبژاردنەشدا سەرەڕای لەدەستدانی ئەستەنبوڵ‌و ئەنقەرە سێ‌ شارەوانی گەورەی تریشی لەدەستداو لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی (1995) بە تەواوی دەنگەكانی كەمی كرد.

هەر چەند هەتا ئێستاش رێژەی دەنگەكانی پارتی دادو گەشەپێدان (44%)ەو یەكەم پارتە لەرووی ژمارەی دەنگدەرانەوە، بەڵام لەلایەكی تریشەوە وەك ئۆردوغان ووتی: ئەوە پەیامی خەڵك بوو بۆ پارتی دەسەڵاتدار. مانای وایە خەڵك‌و بەتایبەتیش نەوەی نوێ‌ كە ملیۆنێك‌و سەدو پەنجا هەزار كەس بوون، رازی نین بەو سیاسەتە ئابوری‌و سیاسیەی كە ئێستا پارتی دەسەڵاتدار لەتوركیا دەیبات بەڕێوە ،لە ئێستادا ئەم پارتە پێویستی بە سفر كردنەوەی ململانێكان هەیە، بەڵام سەرەتا دەبێت لەناوەوە دەست پێ‌ بكات، ئینجار بەرەو دەرەوە هەنگاو بنێت. 

عومەر عەلی محەمەد




ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved