ئایا کێشەکە دیکتاتۆرە

11/04/2019

دانا ڕەشید

کۆمەڵگەو میلەتی سودان وەک باقی کۆمەڵگەو میلەتانی تری چ جیهانی عەرەب چ رۆژهەڵات ،گرفتاری کلتوری کۆمەڵگەکانی خۆیانن ، واتە پێش ئەوەی جەنابی دیکتاتۆر ببێ بە کیشە گەورەکە ، ئەوا جۆری پەروەردەی کۆمەڵگەو ،تەعەسوبی دین و ، شێخ و مەرقەدەکان و..... هتد ، مەدرەسەی دروست بوونی سیستەمی خۆ سەپێن و دیکتاتۆرن ، چ سودان چ ئەو دەوڵەتانەی تری بە حساب بەهاری عەرەبی کە لە عێراقەوە سەیری بکەی تا ئێستەی سودان، ئەگەر کیشە جەنابی دیکتاتۆر بوایە گەلۆ بۆ پاشا ئەو جۆرێک لە دەسەڵات دێتە ئاراوە کە میلەت بە حەقی دیکتاتۆری سەرەو نگوم کراو بڵێ ئەشهدو، لێرەدا جێێ خۆیەتی کە وتەیەکی جیگیڤارا بە نمونە بهێنینەوە ، دەڵێ ( پیش ئەوەی کە رێکخراوێک دروست بکەی دەبێ فێرگەی پێگەیاندنی کادرت دروست کردبێ.

 

پیش ئەوەی کە شۆرشێک هەڵبگیرسێنیت دەبێ گەلێکی هۆشیارت ئامادە کردبێ ) دەوڵەتی سودان هەمیشە لە رێگەی کۆدەتای سەربازیەوە رژێمەکانیان گۆرراوە ، بەڵام خۆ هیچ کاتێ لەم گۆرانکاریانە گۆران بەسەر باری ژیان و کلتور و کوالیتی بیر کردنەوەی کەسایەتی و حیزبەکانیان بەرەوە باشی و مەدەنی و ئازادی زیاتر نەگۆرراوە بەڵکو سیستەمێک هاتۆتە ئاراوە لەوەی پێش خۆی خراپتر ، ئەمەش دیارە هۆو هۆکاری خۆی هەیە:

 

یەکەم ، دەستی دەرەکی و بەرژەوەندی دەوڵەتانی زلهێزان ، کە هەمیشە هۆکاری مانەوەی دیکتاتۆر و لابردنی دیکتاتۆرەکان و هەڵگێرانەوەی سیستەمەکەیەتی ، بۆ ئەمەش هەمیشە میلەتی راپەریو دەبێتەوە بە قوربانی

 

دوەم ، لە سایەی یاساو سیستەم و دەستورێکی بە باڵای بە حساب شۆرش و زەعیمی شۆرش بڕاودا دووبارە رژێمێکی تر دێتەوە کایە کە هەمان شێوەی رابوردوو داپلۆسێنەر دەبێت بۆ دەنگی ئازادی و دیمۆکراسی

 

سێ یەم ، دوای خۆ گرتنەوەی کەسانی کۆدەتاچی دانانی رژێمێکی نوێ سەرەتا بانگەواز بۆ جۆرێ لە کرانەوە و گۆرانکاری دەکرێ دواتر یەکەم توێژ رۆژنامەنوسان دەکەونە بەر هێرش و گرتن و پەلامار

 

چوارەم ، هەر زوو دین و مەرقەد و مزگەوت خۆیان لەگەڵ سیستەمی نوێدا رێک دەخەن و جۆرێک لە فەوزای حەڵاڵ و حەرام و شەرع و تەعەسوب لە بەرژەوەندی رژێمی کۆدەتا چی دروست دەبێت بە کورتی ئەمە ئاکاری دوای هەموو کۆدەتاو راپەرین و شۆرسێکی جەماوەری یە کە لە تەواوی دەوڵەت و کۆمەڵگە رۆژهەڵاتیەکان و جیهانی عەرەبی روی داوە ، بەڵام گۆرانکاری ریشەیی دەبێ لە گۆڕینی جۆری بیر کردنەوەدا بێ بەرامبەر حکومرانی و کۆمەڵایەتی . ئەگەر نا جارێکی تر و هەزار جاری تر زوڵم و زۆرداری هەمیشە خۆی بەرهەم دێنێتەوە .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی