گرنگی و پێویستی پێكهێنانی حكومەت لەم قۆناغەدا

گرنگی و پێویستی پێكهێنانی حكومەت لەم قۆناغەدا

كەمال محەمەد


631 جار خوێندراوه‌ته‌وه

دوای نزیكەی ٦ مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان لایەنەكان نەیانتوانیوە بگەنە رێكەوتنی كۆتایی بۆ پێكهێنانی پێكهاتەیەكی نوێ لە حكومەتێكی نوێدا،وێڕای ئەوەی هەریەكێك لەم هێزانە لەسەروبەندی هەڵبژاردنەكاندا بە كۆمەڵێك بەرنامەو بەڵێنی جیاجیاوە ئاماجیان چارەسەركردنی كێشەكان و باشتركردنی دۆخەكە و ژیانی هاوڵاتیان بوو ،بەڵام لەگەڵ تێپەربونی كات خۆیان بون بە سەرچاوەی كێشەكانی كۆمەڵگاو بەردەم پێكهێنانی حكومەت ،بەو پێیەی ئەم هێزانە هێندەی لە خەمی بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەكانی خۆیانن وەكو حیزب هێندە لەخەمی گشتیدا نەبوون

 

لێ ئەگەر خەمی گشتی لەبەرنامەی ئەم هێزانەدایە وەك ئەوەی خۆیان ئاماژەی پێ ئەدەن فەرمون بۆ نایكەن كێ دەستی گرتون !؟ یەكگرتویی و یەكریزی لایەنەكان لەم ساتەدا لە هەمو كاتێك گرنگتر و پێویستترە ،بەهۆی ئەو بارودۆخە ناوخۆییەی لە عێراق و ناوچەكەدا هاتۆتە ئاراوە،لێرەدا مەعادەلەی سیاسی و گۆڕانكارییەكان بە جۆرێكن كە رەنگە ناوچەكەو هەرێمی كوردستان روبەروی زەحمەتییەكی زۆر ببێتەوە ،بۆیە پاراستن یان بەرگریكردن لەم پارچە هەرێمییە دەستورییە ئەركی سەرشانی هەمو ئەو لایەنانەیە بەپێی قەبارەو دەسەڵاتیان ،بەجۆرێك كە سیاسەت و پێكەوە بونیان لەسەربنەمای روبەروبونەوەو گونجاندنی دۆخێك بێت رەوشەكە رۆشن بكەنەوەو تا رادەیەكی باش چانسی سەركەوتن و شرۆڤەی حكومەتێكی تەكنۆكرات بەدەست بهێنن ، تەواوی هەلومەرجەكان و دۆخەكە بۆ دواخستنی پێكهێنانی حكومەت لەبار نییە ،ئەمەو جگە لە هەندێ قۆناغی پێشبینیكراو لە داهاتودا لەنێوان وڵاتان.

 

هەروەها بێ ئاگایی و بیركردنەوەو بەرژەوەندی تەسكی خودی پارتە سیاسییەكانیش لەسەر حسابی بەرژەوەندی نەتەوەیی و هەرێمەكە هۆكاری سەرەكی قەیرانی سیاسی و ئابوری ئەمرۆمانن ،كە رەنگە لە داهاتودا لە قۆناغی قەیرانەكانی ئێستا خراپترین ئەنجامەكانی لێ دەركەوێت ،كاتێك هەرێمی كوردستان دەكەوێتە قەیرانێكی وەهاوە كە توانا و دەرفەتی خستنەگەڕی هێزێكی دیكەی چارەسەری نەمێنێت و وەك كارەساتێك هەڵبسەنگێنرێ كەبەساتی مان و نەمانی پێگە دەستورییەكەی هەرێم تێ پەرێت .

 

یەكێكی دیكە لە گرنگییەكانی پێكهاتنی لایەنەكان لەم قۆناعەدا ئەوەیە كە هەموان هەوڵەكانیان بۆ كابینەی نوێ بە بنەماگرتنی ئەو گرفتە قورسانە بێت كە لەچاوەروانی گفتوگۆو رێكەوتنەكانی هەرێم و بەغداد بێت بۆ ئەوەی قەیرانی ئابوری پێ دەرباز بكرێت و كۆی پرۆژەكان بخرێنەوە كار و بەرپرسیارێتی سەرەكی چارەسەری دابینكردنی پێداویستییە ژیانییەكانی هاوڵاتیان لە ئەستۆ بگرن و هەنگاو بەرەو بە دامەزراوەیی كردنی پێگە سیاسی و حكومرانییەكان بدەن ،ئەمەش لە میانەی بە بریاربونی پێویست بەیەكەوە لەسەر بنەمای بەبیر هێنانەوەی بەرپرسیارێتییەكانیان پەیوەندی ببەستنەوە بۆ سەلماندن و نیشاندانی گرنگی و پێویستی ئەو حكومەتەی كە لە چاوەروانی هاوڵاتیاندایە .



ads

زۆرترین خوێندراوە

ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved