كاتی ئەوەیە‌ چەمچەماڵیش قسەی خۆی بكات

11/04/2019

حلمی ڕەسوڵ ڕەزا

 

 لە هەموو دونیادا عورفی حوكمڕانی دەربارەی درامەتە سروشتیەكان‌ وەهایە؛ هەر شارێكی ئەو وڵاتە كە خاوەنی درامەتێكی سروشتیە داهاتەكەی بچێتە گەنجینەی گشتیەوەو پاشان بە گوێرەی پێویستیەكان لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی ئەو هەرێم و وڵاتەدا خەرجبكرێتەوە. بۆ نمونە شارەكانی سەر بەندەرەكان، شارە بازرگانیەكان، گەشتیاریەكان ..تد . لە هەمان كاتدا پێویستە ئەو شارە لە داهاتەكەی خۆی پشكێكی تایبەتی بۆ دابین بكرێت و بە هەمان شێوە بخرێتە خزمەتی خزمەتگوزاریەكان و هاولاتیەكانی لەو نیعمەتە بێ بەش نەبن كە خودا پێی بەخشیون. 
كورت و موختەسەر، وەك هاوڵاتیەكی پایتەختی شەهید و ئەنفال ماوەیەكی زۆرە دەمەوێت لەو بارەوە قسەیەك بكەم، هەقیشە ئەوانەی داكۆكی لە پرسی ئەنفال و كەسوكاری شەهیدان دەكەن، لەوبارەوە قسەیان هەبێت بەتایبەتی ئەوانەی پشكى چه‌مچه‌ماڵیان بردوه‌ له‌ پله‌و پۆسته‌كاندا و نزیكی بەرپرسە باڵاكانی هەرێمن، لەبری ئەوەی خۆیان بخافڵێنن و بەبای دەسەڵات باڵۆن هەڵا بده‌ن بۆ دەستخۆشی، هەوڵى ئه‌وه‌ بدەن داكۆكی لەهاوشارییەكانیان بكەن و لەبارەی پرسی عەدالەتی دابەشكردنی داهات و مافی چەمچەماڵیەكانەوە هۆشدارى بەوانە بدەن كە هۆكاری ئەم نادادییەن. ئاخر ئەگەر بێ ده‌نگى لێ بكرێت و هه‌ر یه‌كێكمان؛ ئه‌وانه‌ى خه‌ڵكى ئه‌م شاره‌ین بەبێ‌ دەنگی لە سێبەری دەسەڵاتێكی نادادا هەوارمان  خستبێت ئیتر چۆن ئەتوانین داكۆكی لە ئەنفال و كەسوكاری شەهیدان و ئەنفال كراوەكان بكەین. ئێستا ئەو سەروەت و سامانەی لە شارەكەی منەوە دەڕوات و بۆتە خێرو بێر بۆ بەرژەوەندی شەخسی و حزبی و ڤێلای مۆدیڵ ئەوروپی بۆ بەرپرسەكان پێ دروست دەكرێت، ئێمەش لە تینودا خنكاوین و لە چایخانەكاندا گەنجەكان خەریكی یاری دۆمینەن بەهۆی بێ كاریەوە‌. 
ئاخر ره‌وایه‌یته‌كه‌ له‌ كوێدایه‌ كاتێ هاوڕێیەكم وەزیری دارایی بینیبوو، جەنابی وەزیر فەرموو بووی هەموومان قەرزای چەمچەماڵین چونكە 70% ی داهاتی كوردستان پشت بە نەوت و غازەكەی چەمچەماڵ دەبەستێت، من لاى خۆمه‌وه‌ یەكسەر ئەو هاوڵاتیەم وەبیر هاتەوە لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا دەربارەی دۆخەكە وتی : ئێوە دەكەن .. ئێمە دەیخۆین.. هەر بەراستیش ئەم قسە بێ بایەخە جێگای تێڕامانە، ئەو رێژە زۆرە لە سەروەت و سامانی شارێك بچێتە گەنجینەی هەرێمەوە كەچی لە 20%ی داهاتی شارەوانیەكەی بۆ خەرجبكەنەوە. 
لە هەمووی سەرسووڕهێنەر تر ئەوەیە، چەمچەماڵ لە رووی هەژموونەوە سەر بە زۆنی سەوزە و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە رووی سیاسی و سەربازیەوە تیایدا باڵا دەستەو ئەوەش دەزانین پارتی لەم ناوچەیە دەسەڵاتی نیە. بەڵام سیحری مەتەڵەكە لەوەدایە ئەم سامانە بە ئاسانی بەبۆری و ژێر دەسەلاتی یەكێتیدا دەڕوات داهاتەكەشی بە حساب بۆ زۆنی زەردە، لێرەدا لە دوو ئەگەر زیاتر نیە، یەكێكیان ئەوەیە یەكێتی هیچ دەسەڵاتێكی نیە بەرگری لە پایتەختی شەهیدان بكات، یان ئەوەیە بە نرخێكی زۆر كەم چەند كەسێك رازی كراوەو پاسەوانی بۆ پرۆسەكە دەكەن، بە بۆچونی من هەردوو كیان عەیبەیەكی گەورەیە لەبەر یەك هۆكار، ئەویش ئەوەیە كاتێ بەرپرسێكی حكومی سەردانی ئەم شارە دەكات بە لێپاڕانەوە داوای پرۆژەیەكی لێدەكەن، ئەویش بە منەتەوە و لەو داهاتە زۆرو زەبەندەیە چەند ملیۆن دینارێك خەرجدەكرێت و دەیان جاریش لە كەناڵەكانەوە دەدرێتەوە بەچاوی خەڵكدا. 
ماوەتەوە بڵێم داهاتەكەی چەمچەماڵ بە بڕوای شارەزایانی بواری نەوت و گاز بودجەی وڵاتێكی تەواوە، بە تاڵانبردنی و بێ دەنگ بوون لێی تاوانێكی گەورەیە بەرانبەر خەڵكی ئەو شارە، بەداخەوە تاكو ئێستا نەتوانراوە ئاوی گۆپتەپەی بۆ رابكێشرێت، تاوانە نەخۆشەكانی تەكیەو شۆرش و قادركەرەم و چەمچەماڵ نەخۆشخانەیەكی مۆدێرنی تێدا نەبێت، . من وەك زانیاری تەنها ئەوەندەی لێدەزانم، بۆیە پێویستە خەڵكی ئەم شارە ئەوانەی شارەزاییان لەلایەنە یاسایی و رێكارە مەدەنیەكان و زانیاری وردیان هەیە دەربارەی ئەم پرۆسەی بە تاڵانبردنە بێنە دەنگ و زۆر بە هێمنانە ئەم پرۆسەی تاڵانكردنە ڕابگرن، كە هەم شارەكەی لێ بێ بەشە، هەم وەك خێرو سەدەقە چەند دینارێك لە بودجەی شارەوانیەكەی پێدەدەن و هەزار منەتی بەسەردا دەكەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە