حزب دەبێ چاوەڕێی مەرگی خۆی بکات!

حزب دەبێ چاوەڕێی مەرگی خۆی بکات!

شاخەوان برایم عەبدوڵڵا


761 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بەهۆی پەرەسەندنی زیاتری سیستەمی سەرمایەداری و بە کۆمپانیابوونی ژیان و هەموو شتێکی جڤاتی گشتی، وای لێ هاتووە، مرۆ کاتی نەمێنێت، واتە تۆ کە لە کۆمپانیایەکدا کار دەکەیت، پێت خۆش بێت یان ناخۆش، خاوەنکار بە چاوی کەرەسە و کۆیلەی خۆی، لێت دەڕوانێت و قبووڵیش ناکات دوو سەعات و زیاتریش بە دیار درۆی تەلەفزیۆنەوە دانیشیت، خاونکار، کار و بەرهەمی لە تۆ دەوێت، کاتێکیش لە کار دەگەڕێیتەوە ماڵ، هێندە ماندوویت، تەنانەت ناتوانیت سەیرکەری تەلەفزیۆنیش بیت یان رۆژنامەیەک بخوێنیتەوە، ئاخر کۆمپانیا ڕۆحت دەردەکات، سەرمایەداری باکی بەوە نییە، تۆ چیت و ئارەزووت لە چییە و بە کام شتەش دڵنەواییت دێت، تۆی تەنیا بۆ ئەوە دەوێت، لەسەر پێ بوەستیت و کاڵاکانی ساغ بکەیتەوە و پڕۆژە بزنسییەکانیشی بەڕێوەبەریت، ئەمە بەشێکی بچووکە لەو دەلاقە گەورەیەی کە دەتوانین لێیەوە جیهانە فراوانەکەی سەرمایەداری ببینین، هەڵبەت هەمووی نا، بەشێکی.

ئاخر بۆیە ئەوانەی لە وڵاتانی سەرمایەداری و کۆمپانیایی، دەژین و کار دەکەن، کاتیان نییە، نەک بۆ سەیرکردنی تەلەفزیۆن، تەنانەت بە زەحمەتیش دەتوانن پیاسەیەک بکەن، لە شارێکی وەک بەرلین و هاوشێوەکانی، پاریس و لەندەن و هاوشێوەکانیان، دەڵێن بۆ ئەوەی زوو بگەیتە سەر کارەکەت، ناچاریت کە هێشتا دونیا تاریکە لە چاوەڕوانی پاس و میترۆدا بوەستیت، بۆ ئەوەی زوو بگەیت، ئاخر دەبێ چەند کاتژمێرێک لە ڕێگە بیت بۆ ئەوەی لە کاتی خۆیدا ئامادە بیت و واژۆی گەیشتنە سەر کار بکەیت یا پەنجە بخەیتە ناو ئەو ئامێرەوە کە بوونت لەسەر کار دەخاتە ناو سیستەمەوە، خۆ ئەگەر دوابکەویت، کارەکەت لە دەست دەدەیت، یان سزای ماددیت بەسەردا جێبەجێدەکرێت و بە دووبارەبوونەوە و سێبارەبوونەوەی شەرم لە خۆت دەکەیت و دەبێ چاوەڕێی دەرکردنیش بیت.

بەڵام لەو فەزا ئاڵۆزەشدا هەمیشە مرۆ بەدوای زانیاری و هەواڵ و شتدا دەگەڕێت، بۆیە سەرمایەداری ئەو بوارەشی تەنیوەتەوە و لە ڕێگەی هەزاران ئەپ و ڤێرژنی جۆراوجۆری سۆشیاڵ میدیاوە، خۆی دەکاتەوە دۆستی مرۆڤ، جاران لە ڕێگەی تەلەفزیۆنەوە رێکلامی دەکرد، سیاسییەکانیش پەیامی خۆیان دەگەیاند، ئێستا چونکە کات نەماوە، سۆشیاڵ میدیا ئەو بۆشاییەی پڕکردووەتەوە، ئەگەرچی لە هەندێ کۆمپانیا و شوێنکاتی بزنسیدا، تەنانەت مۆبایلیش یاساغە، ئەمە چ جای تەلەفزیۆن و ڕۆژنامە و گۆڤار کە هەر ڕێگە پێدراون نین، بەو پێیەی خاوەنکار نەک هەر خاوەنی کۆمپانیاکەیە، بەڵکوو جەستە و ڕۆحی تۆی کارمەندیش بە هی خۆی دەزانێت، هەر بۆیە زۆرترین جارەکان ژنان دەبنە قوربانی حەزی خاوەنکارەکان لە بواری تێرکردنی ئاڵۆشی سێکسی بە تایبەتی لە کۆمپانیا و هۆتێلەکان.

ئینجا بۆیە سۆشیاڵ میدیا رەواجێکی یەکجار زۆری پەیداکردووە، لە دونیادا حیزبەکان، کۆمپانیاکان، کەسایەتییەکان، تەنانەت هۆتێل و کۆی کایە بزنسی و سیاسییەکانیش، هانا بۆ سۆشیاڵ میدیا دەبەن، چونکە لەناو گیرفانی هەموو کەسێکدایە، مرۆ دەتوانێت لەناو پاس بە کاتژمێرێک هەموو شت بزانێت، هەروەها لەکاتی پشووە کورتەکانی شوێنی کاری، دیسان دەتوانێت لە ڕێگەی مۆبایلەکەیەوە هەواڵ و هەموو شتەکان بزانێت، ئەوکات هیچ کارێکی بە تەلەفزیۆن نییە، ئەسڵەن ڕێگەشی نادەن سەیری بکات، ئەم باسە زیاتر مەبەست لە وڵاتانی تەواو سەرمایەدارییە و کەمتر کوردستان دەگرێتەوە، ئەگەرچی کوردستانیش خەریکە بەرەو قۆناغی سەرمایەداری و نەمانی کات دەچێت، بەڵام لە ئێستادا هێشتا مرۆڤ کاتی هەیە، چونکە گوشاری خاوەنکار زۆر نەبووە و زۆرینەش کارمەندی حکوومەتن، بەدڵنیاییەوە رۆژێک دێت هەم حکوومەت، هەمیش خاوەنکارەکان بە چاوێکی دیکە لە کارمەندانیان دەڕوانن.

لە کوردستانیش هەر حیزبێک پشت بکاتە سۆشیاڵ میدیا، زیانێکی یەکجار زۆر دەکات، حیزبی کوردی ئەگەر سۆشیاڵ میدیای نەبێت، کەس لە ڕێی شاشەی تەلەفزیۆنەوە پەیام و هەواڵەکانیان نابیستێت و ناخوێنێتەوە، ئەسڵەن کام تەلەفزیۆنەی زەبەلاحی کوردی هەیە، بەشی زۆری پەیامەکانی لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە دەگەیەنێت، نەک شاشەی تەلەفزیۆن، چونکە شاشە پابەندبوونی دەوێت بۆ ئەوەی بە دیارییەوە دابنیشیت، بەڵام مۆبایل و ئامێرە بچووکەکانی دیکە، لە بازاڕ، مۆڵ، پرسە، قوتابخانە، ناو ئۆتۆمۆبێل و تەنانەت لە گۆڕستان و سەفەر و گەشتوگوزاریشدا، لەگەڵتدان و تۆ بە جیهان دەبەستنەوە و هیچ پێویستیشت بە شاشە نابێت، بۆ خۆم دوو مانگ دەبێت، دە کاتژمێر سەیری تەلەفزیۆنم نەکردووە!

لێرەدا ناڵێین شاشە گرنگ نییە، دەڵێین سۆشیاڵ میدیا دەتوانێت جێی زۆر شتی شاشە بگرێتەوە، ئەوە هەر بۆیە لەکاتی گرژییەکان، فەیسبووک و تۆڕە هاوشێوەکانی فلتەریان دەخرێتە سەر، بەڵام تەلەفزیۆن پەخشی بەردوامی دەبێت، ئاخر حکوومەتەکان دەزانن سۆشیاڵ میدیا شەقام دەجوڵێنێت، کەمتر تەلەفزیۆن دەتوانێت ئەوە بکات، لەبەر ئەوەشە ئەو حیزبەی بیەوێت ئایندەی هەبێت و لەگەڵ جەماوەر و ئەو نەوەیە بمێنێت، دەبێ سۆشیاڵ میدیا فەرامۆش نەکات، ئەگینا جەماوەر و بەکارهێنەرانی زۆرینەی سۆشیاڵ میدیا، ئاگایان لە حیزب و پەیام و ستراتیژییەکانیان نامێنێت، بە گشتی سۆشیاڵ میدیا دەتوانێت، شەقام بە دوو دیوی دژ و هاوسۆز، بەرانبەر حیزبەکان بجوڵێنێت. ئەو حیزبەی لە قۆناغی ئێستا پشت بکاتە سۆشیاڵ میدیا، دەبێ چاوەڕێی مەرگی خۆی بکات!




ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved