شەرعییەتی دیموكراسی‌و شۆڕشەكانی عەرب

شەرعییەتی دیموكراسی‌و شۆڕشەكانی عەرب

دانا مه‌نمی


240 جار خوێندراوه‌ته‌وه

مرۆڤ روو لەهەر پایتەختێكی وڵاتانی بەهاری عەرەبی  بكات یاخود گوێ لەدەنگ و سەلیقەكانی بگرێت  نیشانمان دەدات شەپۆلی گۆڕانێكی بێ وێنەی گۆڕانی ڕامیاری وئابوری و كۆمەڵایەتی لە نێوهەزارەها خەلك پێكەوەو بەتەنیا، كە هەریەكی پەیمانی تەنیای خۆیان لەبارەی بیروڕای سیاسی و بەردەوامی شۆرشەكان لە نێوان  بەرژەوەندی و ترس دا بە یەكتر دابێت،بەڵام بەرژەوەندی دەوڵەتە زلهێزەكان لەپێشەوەی ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری هەردەوڵەتێكی عەرەبی یە كە شۆرشی تێدا دروست بووە .

ئەمریكا گەمەكەرێكی لیزان و شارەزاو بەپلانە ،دیموكراسی لەجیهانی عەرەبدا لەستەمكاریی پێ باشترە ، بەڵام دوای پاراستن و بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەكانی خۆی، وەك چۆن یەكێتی سۆڤیەتی جاران پێی باشتر بوو سیستمی كۆمۆنیست یاخود سۆشیالیست لەشوێنی سیستمی سەرمایەداری بێنێتەكایەوە، دواجاركۆمۆنیستەكانی یۆنان لەكۆتایی جەنگی دووەمی جیهاندا قەتڵوعامكران وكۆمۆنیستەكانی میسریش كەمۆسكۆ لەساڵی ۱۹٦٤دا داوای لێكردن حزبەكەیان هەڵبوەشێنێتەوەو تێكەڵی (ئیتیحادی ئیشتراكی) ببن. 

داخوازیی دیموكراسی هەرگیز نەبووەتە داخوازییەكی بەرفراوانی شەقامی عەرەبی  بەوێنەی ئەو داخوازیانەی پەیوەستن بەناسیۆنالیزم یان ئیسلامیزم ، واقیعی تائیفی و ئتنیكی زۆر لەواقیعی نیشتمانی بەهێزترە، ئەمە نائومێدكەرە بۆگەشەكردنی  دیموكراسی كە لەدوای گەلاڵەبوونی پرسی ناسیۆنالیزم و ئیسلامیزم و بەرژەوەندی تائیفی و مەزهەبیەوە دێت .

ناتوانرێت لەسەر حسابی كەرامەت و ئازادی مرۆڤ هیچ شەڕو ئاشتی و ئاگربەستێك بەدیبێت، ئەمە وانەی شۆڕشەكانی میسربوو ، ناشتوانرێت لەسەر حسابی كەرامەت و ئازادی مرۆڤ  پاراستنی یەكێتی خاكی هیچ وڵاتێكی عەرەبی بەردەوام بێت ، ئەمەش وانەی شۆڕشی یەمەنە، ئازادی بۆ پێشكەوتن و سەركەوتنی مرۆڤ و كۆمەڵگا له ‌هەموو بوارەكانی ژیاندا پێویستییەكی سەرەكییە ، ئازادی‌ بەشێكە لە سروشتی‌مرۆڤ، كەلە ئیمكانی‌ وە دیهاتنی‌ ویست ‌و ئیرادەی‌ مرۆڤدا خۆی‌ دەنوێنێ، لە دۆخی‌ئازادیدا ئیرادەی‌ مرۆڤێك نابەسترێتەوە بە ئیرادەی‌ مرۆڤێكی‌ دیكە ‌و تاك بە ناچاری‌‌و لەژێر زەخت و گوشاری‌ كەسانی‌ دیكەدا هەڵسوكەوت ناكات ‌و فەرمانڕەوای رەهای‌ جەستە ‌و رۆحی‌خۆیەتی‌‌و هەموو كەسێك مافی‌ ژیان ‌و ئاسایشی‌خۆی هەیه.

دواجار نە موبارەكی میسر لە عەلی یەمەن و نە عەلی یەمەن لە بن عەلی تونس نە بن عەلی تونس لە قەزافی لیبیا و نەقەزافی لە موبارەك و نە موبارەك لە بوتەفیلقەو نە بوتەفیلقە لە بەشیرعیبرەتیان لەوانەی دوای خۆیان وەرنەگرت و یەك لە دوای یەك ستەمكاریان بەرهەم هێنایەوە و شۆڕشەكانی شەقامی عەرەبی چەندین وانەی دیكەی تیدا هەیە، كە لەكۆتایدا وانەیەكن بۆ هەمووان.

بەجوملە هەموو ئەم حساباتە سیاسیانە هەڵەبوون، لەبەرئەوەی شتە بنەڕەتیەكەیان لەبیركردبوو، كە ئەویش ئازادی تاك و مافەكانی هاوڵاتیان و كەرامەتی مرۆڤە، لێرە بەدواوە، هەموو پرۆژەو هەڵوێست و ئەگەرەكان، جا چ بۆ گەشەپێدان بێت یاخود بۆ رزگاری یاخود بۆ یەكگرتن بێت، پێویستی بە شەرعیەتی دیموكراسیانە هەیە ، دیموكراسی بنەمای هەموو شەرعیەتێكی سیاسیە لەجیهاندا، تەنانەت بنەمای هەموو دامەزراوەیەكی ئەخلاقی سیاسیشە، سیاسەت پەیوەندی نەك تەنها لەگەڵ زانست و دیاردە مرۆییەكاندا هەیە بەڵكو پەیوەندی لەگەڵ زانست و دیاردە سروشتییەكانیشدا هەیە ،سیاسەت لە چوارچێوەی ئەخلاقدا نامێنێتەوە ،چونكە سیاسەت بریتی یە لە بەرژەوەندی (ئابوری -سیاسی - گشتی ) و بەپێی گەیشتن بە ئامانجەكانی جوڵە دەكات ،نەك بە پێی یاسا ئەخلاقییەكان .

لەكۆتایدا وەك گەڵاكانی پایز رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عەرەب دەكەون، ئەوانەی كە كۆنەپەرستن و ئەوانەشی كە عەلمانی و ستەمكارن، ئەوانەی كە میانڕەوەكانی ئیسلامی و ئەوانەشی توندڕەوی لیبراڵن، ئەوانەی هەژارن و ئەوانەشی دەوڵەمەندن، مادامەكی بنەمایەكیان نیە، كە ئەویش بنەمای ئازادی و كەرامەتی هاوڵاتی عەرەبییە.

دانا مەنمی



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved