هێلكەگون كڕەكان كێن؟

هێلكەگون كڕەكان كێن؟

جیهاد محەمەد


2716 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ماوەیەكە ئەم دیاردەیە، كەم، یان زۆر لە كوردستاندا دەنگی داوەتەوە و قسەی لەسەر دەكرێت، حەزم كرد وەك هاوڵاتیەك قسەی خۆم و ڕای خۆمی لەسەر بدەم.

هێلكەگونكڕ، كەسێكی دواكەوتووی شوانكارەییە! 
ڕەنگە هێلكەگونفرۆشیش، بە هەمان شێوە هەمان بیری دواكەوتوانەی شوانكارەیی هەبێت!، وەلێ وەك دەڵێن، نرخی گونفرۆشتن زۆرە و ڕەنگە ئەم نرخە زۆرە، یان پێویستی ئابووریی و دارایی و داهاتی نزم وەك گورچیلەفرۆشەكان پاساوێك بێت بۆ ئەو كارە، لێردەدا، لەبەرئەوەی زانیاریم لا نییە، نامەوێت قسە لەسەر هێلكەگونفرۆشەكان بكەم، بەڵام لاموایە، پێویست بە زانیاری ناكات لەسەر هێلكەگونكڕەكان، چونكە ئەمەیان ئاشكرایە لە كوێوە سەرچاوە دەگرێت.

هەڵبەت گونكڕەكان، نەزۆكەكانن ـ هەڵبەت هەموویان نا ـ، لە پێناوی ئەوەی منداڵیان بێت، گون دەكڕن، دەنا هیچ پاساوێكی تری لە پشتەوە نییە، بڕواناكەم بۆ ئەوە بێت ئاستی سێكسیان بەرز بێتەوە، خۆ ئەگەر بۆ ئەوەش بێت، هەر بە هەمان شێوە جۆرێكە لە بیركردنەوەیەكی دواكەوتوانە و شوانكارەییانە.

لە ئەوروپا و ئەو كۆمەڵگانەی كە مرۆڤییانە بیر دەكەنەوە، كە بە پەروەردەیەكی مرۆڤییانە لە منداڵییەوە گۆشكراون و ڕاهێنراون، ئەو كەسانەی تووشی نەزۆكی دەبن، چ لە پیاوەكاندا، یان لە ژنەكاندا، بە كارێكی سروشتی وەردەگرن. مرۆڤی نەزۆك لەم كۆمەڵگانەدا هەست بە كەمیی ناكات، ناشبێت بە جێگەی باسوخواس و توانج و كەم تەماشاكردنی لە لایەن كەسانی ترەوە، تەنانەت بۆ هیچ كەس نییە پرسیار لە هەرچ ژنێك، یان پیاوێك بكات، بۆچی منداڵی نابێت.

لە لایەكی تر، ژن و پیاوە نەزۆكەكان، ئەوەندە مرۆڤییانە بیر دەكەنەوە، هەموو منداڵێك بە منداڵی خۆیان دەزانن، بۆیە كاتێك زۆر حەز لەوە دەكەن، كە منداڵێك یان دوو منداڵیان هەبێت، لە ڕێگەی هەندێك ڕێكخراوی منداڵپاڕێزەوە، هەوڵ ئەدەن بە یاسا و ئاگاداری لایەنە پەیوەندیدارەكان، منداڵێك لەو منداڵانەی كە دایك و باوكیان نییە بەخێو بەكەن، ئیتر وەك منداڵی خۆیان بەخێوی دەكەن، وەك منداڵی خۆشیان خۆشیان دەوێت، وەك منداڵی خۆشیان سەروەت و سامانی خۆیانی پێ ڕەوا دەبینن و منداڵەكە دەبێت بە میراتگری سەروەت و سامانی دایك و باوكی هەڵگرەوەی. 

ڕۆژانە لەم ناو كۆمەڵگای نەرویجیی و سویدییەدا، بۆ نموونە، چەندین دایك و باوكی  سوور و سپی پێست، دەبینێرێن، منداڵێكی ڕەشتالەی خوێن گەرمی چاو ڕەشی ئەفەریقیی، یان گەنم رەنگێكی وڵاتانی دیكەیان بە دەستەوەیە. زۆر جار بینیومە، دایك و باوكی نەرویجیی بە دەست بیانوگرتنی منداڵە هەڵگرەوەكەیەوە، بە چارەكە سەعات وەستاوە و لاواندوێتی بۆ ئەوەی ژیریی كاتەوە و ساردەمەنیەكی بۆ نەكرێت لەو ساردوسەرمایەدا، كە منداڵەكە داوای دەكات. یەك كەمتەرخەمی بكات بەرامبەر بە منداڵە هەڵگرەوەكە، جگە لەوەی لێی دەسەننەوە، سزاشی دەدەن.
 
بە داخەوە، لە كوردستاندا، ئەم شێوازە مرۆڤییانە نییە، یان زۆر دەگمەنە، خۆ ئەگەر هەشبێت، ئەوە منداڵە هەڵگرەوەكە لە گەورەبوونیشیدا دەبێت بە جێگەی تانە و توانج، بە توانجەوە پێی دەوترێت بە منداڵی هەڵگیراوەتەوە. 

سەیر لەوەدایە، زانیاریە پزیشكییەكان، دەلێن،  پیاوی گونكڕ، كە منداڵیشی ببێت، منداڵەكەی مۆر و خانەی گونفرۆشی پێوە دەبێت. كەواتە ئەم عەزێتە بۆ دەداتە بەرخۆی، ئەگەر منداڵێكی بێ دایك و باوك هەڵگرێتەوە باشتر نییە؟. بەڵام چونكە دواكەوتووانە بیر دەكاتەوە، پێیخۆشە ژنەكەی سكی پڕ بێت، بەمە هەست بە پیاوەتی و نێریتی خۆی دەكات، هەروەها، ژنەكەش، كە سكی پڕ دەبێت هەست بە پیاوەتی مێردەكەی و ژنێتیی خۆی دەكات. 

سەیری ئەم دواكەوتوویەتیە بكەن، ئاخر نووسینێكم نووسی لە ژێر تایتڵی(مرۆڤی رۆژهەڵاتیی نە مێژووی هەیە و نە مێژووكردە) ناحەقم نەبوو، وایە، ئێمە لە یەك مێژووی كۆن و بەسەرچوودا ماوینەتەوە. برادەرێكم لەسەر ئەو نووسینە ڕەخنەی لێ گرتم و پێی وتم ئەو تایتڵە زۆر ڕەق و زبرە، خۆشم كە نووسینەكەم نووسی، زانیم كە ڕەق و زبرە، بەڵام هەتا بە ڕەقی و زبری لەسەر خۆمان نەدوێین ڕەخنەكانمان كاریگەریی نابێت. 

گونكڕین و گونفرۆشتن و گورچیلەكرین و فرۆشتن، هەرچەندە، زۆر جیاوازیان هەیە، چونكە دووهەمیان پەیوەندی بە ژیانەوە هەیە، بەڵام هەموویان ئەوە دەگەیەنن، كە كۆمەڵگای كوردستان تووشی فەرمانڕەواییەكی چەپەڵ و گەندەڵ و پەروەردەیەكی دواكەوتوو بووە، دەنا ئەم كارانە دەبوو بە سزای یاسایی قەدەغە بكرێت، بەڵام پێش سزا یاساییەكەش، دەبێت، باری دەروونی مرۆڤەكان ئاسایی بێت، واتا كەس پێویستی بە گورچیلە كڕین نەبێت، پەروەردەیەكی وا هەبێت لە وڵات و ناو كۆمەڵگادا، هەرچ كەسێك، یان زۆربەی كەسەكان، پێش مردنیان، پەیمان بدەن بە نەخۆشخانەكان، هەرچ كات بە مردنێكی كوتوپڕ مردن، ئەندامەكانی لەشی  پێشكەش بكەن بەو نەخۆشەی كە پێیوستێتی. ئاخر خۆ دوای مردن، ئەندامەكانی لەش هیچ سوودێكی نییە بۆ مرۆڤەكان. 

دیسان پەروەردەیەكی مرۆڤییانەی وا بگوزەرێت لە ناو خێزان و كۆمەڵگا و فێرگەكاندا، كە خەڵك ئەوەندە بیری دواكەوتووانەی نەبێت. بەڵام ئەو دیاردە نەخوازرا و نامرۆییە دواكەوتووانە، دەسەڵاتە ستەمكارە قۆرخكارە درێژخایەنەكە سوودی لێ وەردەگرن. ناهۆشیاری چەند ماڵوێرانیە بۆ كۆمەڵگا، هێندە و زیاتریش سامانێكی گەورە و قوڕێكی خۆشكراوە بۆ درێژەدان بە فەرمانڕەوایی ستەمكارەكان.

لەم كۆمەڵگا پێشەكەوتوانەدا، هەرچ كەسێك تانە بدات لە كەسێك، كە نەخۆشە، یان نەزۆكە، سزای یاسیی گەورە دەدرێت. تەنانەت هیچ كەسێك بۆی نییە بەزەیی بە نەخۆشێك یان خاوەن پێداویستییەكی تایبەتدا بێتەوە. 

جیهاد محەمەد



ads

زۆرترین خوێندراوە

ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved