نەوتی كەركوك توركیا دەباتە بەردەم دادگا

15/04/2019

د.حیلمی ڕەسول

بە پێی هەواڵە رۆژنامەوانیەكانی نێو پەرلەمانی عێراق ، رۆژی 13ی نیسان، ژنە پەرلەمانتاری لیستی نەسر "هودا سەجاد" كە حەیدر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق سەرۆكایەتی دەكات، پرسیارێكی ئاراستەی سەرۆك وەزیرانی ئێستا عادل عبد المهدی كردوە سەبارەت بە تەواو كردنی ئەو داواكاریە نێو دەوڵەتیانەی كە حكومەتی عێراق دژی توركیای دراوسێی گرتویەتیە بەر دەربارەی فرۆشتنی نەوت. ژنە پەرلەمانتارەكە داوای روونكردنەوە دەكات سەبارەت بەو رێكارانەی حكومەتی ئێستای عێراق گرتویەتیە بەر بۆ تەواو كردنی ئەو داواكاریە نێو دەوڵەتیانەی كە حكومەت دژی كۆماری توركیا تۆماری كردوە بەهۆی رواندن و فرۆشتنی نەوتی خاوی كەركوك لە رێگەی هەرێمی كوردستانەوە؛ كە پێچەوانەی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكان و نیەت باشی دراوسێتیە. هەروەها ناوبراو بەناوی كوتلەی نەسرەوە داوای زانیاری كردوە سەبارەت بەو رێكارانەی حكومەت دەیگرێتە بەر بۆ پێشكەش كردنیی لە كاتی دانیشتنی دادگاكەدا؛ ئەوەشی خستۆتە روو دانیشتنی دادگاكە بۆ تەماشاكردنی داواكاریەكە لە رۆژانی 24 تاكو 26 ئەم مانگە لە پاریس بەرێوە دەچێت. دیارە هەمان پرسیاریش ئاراستەی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كراوە و چاوەڕوانی وەلام دەكات سەبارەت بە رۆڵی حكومەت بە گوێرەی رێككەوتنە نێو دەوڵەتیەكان دەربارەی هێشتنەوەی فرۆشتنی نەوت لە دەستی حكومەتی فیدراڵی. 

دیارە ئەم هەنگاوانەی لایەنە سیاسیەكان دەیگرنە بەر لە رێگەی حكومەتی فیدراڵ و كەناڵە فەرمیەكانی دەوڵەت و پەنا بردن بۆ دادگا ئەوروپی و نێو دەوڵەتیەكان، ئەوەمان بۆ روون دەكاتەوە؛ كاری جدی هەیە بۆ رادەستكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بە حكومەتی ناوەندی. مەترسیەكی گەورەی دادگاكەی پاریس ئەوەیە؛ زیاتر باس لەنەوتی هاڤانا و  بای حەسەنی كەركوك دەكرێت، خۆگەر قۆناغی دوایی ئەگەر بێت و عێراق ئەو داواكارییە بباتەوە مەزندەی ئەوە دەكرێت توركیا بە بڕی 26 ملیار دۆلار سزا بدرێت، لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە توركیا ئەو بڕە پارەیەی بە كێ داوە و كێ قەرزاریەتی، بێگومان مادام مەسەلەكه بازرگانی نەوتە لەگەڵ‌ توركیا‌، لێرەدا پارتی كە سەرو كاری ناردنە دەرەوەی ئەو نەوتەی لە سنوری خۆیەوە كردوە، دەبێ مامەڵەیەكی سەیرو سەمەرەش لە نێوانیاندا بێتە گوڕێ، چونكە ئێستا توركیا لە بەرانبەر وەرگرتن و فرۆشتنی ئەو نەوتەدا،‌ باس لەوە دەكات زیاتر لە چەند ملیارێكی بەقەرز بە پارتی داوه، و پێویستیش دەكات  پەرلەمانتارانی خولی پێشوش لەو بارەوە قسەیەكیان هەبێت، كە ئاخۆ ئاگاداری ئەو قەرزو بازرگانییە نەوتەن، یان رێككەوتنێكی جەنتڵمانی نێوان پارتی و توركیا بووە و ئێستاش ئەبێت باجەكەی كورد بیدات.‌ پرسیارەكە ئەوەیە ئێستا كە ئەو نەوت ناردنە دەرەوە بەردەوام نییە و‌ رێگای لێگیراوە، ئەبێت كێ ئەو بەرپرسیارێتیە هەڵبگرێت، پارتی یان حكومەتی هەرێم و خەڵكی كوردستان..

حلمی رەسول رەزا 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی