لە یادی (31) ساڵەی ئەنفال دا

لە یادی (31) ساڵەی ئەنفال دا

قادر عزیز


438 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئەنفال بەو پرۆسە بەرنامە بۆ دارێژراوە دەگوترێ كەرژێمی بەعس بۆ لەناوبردن و قڕ كردنی نەتەوەی كوردو بڕانەوەی رەچەڵەكی كورد لەساڵی 1983 بەئەنفالكردنی (8)هەزار بارزانی و دواتر فراوانتر لە شوباتی ساڵی 1988 تا ئەیلولی ئەوساڵ بە(8)قۆناغ لەكوردستانی باشور بەدڕندەترین شێوە دژ بە خەڵكی سڤیل و دانیشتوانی گوندەكانی كوردستان ئەنجامیدا. 

ئەنفال پەرەسەندن و درێژە پێدانی سیاسەتی بەعەرەبكردن و بەبەعسیكردن و راگواستنی كوردستان بوو كەبەعسیەكان لەسەرەتای هاتنیان بۆ دەسەڵات دەستیان پێكرد. 

هەرچەندە مێژووی دەستپێكردنی ئەو پرۆسەیە لە قۆناغی یەكەمدا بۆ ساڵانی (1970-1971) دەگەرێتەوە كاتێ رژێمی بەعس لەگەرمەی بەیانی (11) ئازار بوو هەڵسا بەگرتنی (75) هەزار خێزانی كوردی فەیلی و راگواستنیان بۆ ئێران بەبیانوی تەبەعیەی ئێرانی دوای دەستگرتن بەسەر موڵك و ماڵیان هەروەك دوای وەرگرتنەوەی ناسنامەی عێراقی لە نزیك ملیۆنێك كوردی فەیلی دواتر لە 4/4/1980 لە چوارچێوەی پەلامارێكی فراوان و درندانەی رژێم بۆ سەركوردانی فەیلی لە بەغدا و بەدرەوجەسان و كوت و ناوچەكانی تر زیاتر لە (12) هەزار گەنجی كوردی فەیلی گرت و ئەنفالكرد و (600) هەزاریشی بۆ ئێران دورخستەوە و دەستی بەسەر موڵك و ماڵیدا گرت. بەڵام ئەم پرۆسەیە ساڵَێك پێش كۆتایی شەری عێراق – ئێران گەیشتە لوتكە كاتێك رژێم لەئەنجامی كاردانەوەوبەپاساوی هاوكاری پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ سوپای ئێران لەداگیركردنی حاجی ئۆمەران و گردەمەندو ناوچەكە لە( 1983) (8) هەزار بارزانی لە ئۆردوگای قوشتەپە و شوێنەكانی تر گرت و دواتر ئەنفالی كردن. 

هەروەك ئەنفالە گەورەو بەرفراوانەكە لە(18)ی شوباتی ساڵی (1988) تا ئەیلولی ئەمساڵە بوو كە رژێم بە (8) قۆناغ (182) هەزار كوردی لەژن و مناڵ و پیروپەككەوتەی بێ دیفاع لەناوچەكانی خۆیاندا راگواست و دواتر لەبیابانەكانی خواروی عێراق زیندە بەچاڵی كردن، ئەنفال دەكرێ بەتاوانی سەردەم دژبە مرۆڤایەتی بۆ كوردیش بەگەورەترین كارەسات لەمێژووی خۆیدا ئەژمار بكرێت، ڕژَێمی بەعس شەڕی لەگەڵ ئێران بە بەهانەو هەم بە دەرفەتێك زانی كە تاوانی ئەنفال لە گەرمەی ئەم شەڕەدا ئەنجام بداو ئەو تاوانەش لەناو تەمومژی ڕووداوەكانی جەنگ ون و دیزە بەدەرخۆنە بكات،

ئەم قسەیە تەنانەت بۆ تاوانی هەڵەبجەش ڕاستە كاتێ كە ڕوداوەكانی شەڕی عیراق-ئێران، نەك هەرتاوانەكەی شاردەوە، بەڵكو بە پێچەوانەوە سەرەتا ئەمریكاو هەندێ لە وڵاتانی تر بەهۆی پشتیوانیان بۆ رژێم لە جەنگەكە تاوانی كیمیا بارانەكەیان خستە ئەستۆی ئێران،

خۆئەگەر وێنەگرەكانی ئێرانیەكان نەبوایە ئەوا هەرگیز ئەو تاوانە بەسەر ڕژێمی عێراقدا ساغ نەدەبوەوە. 

رێكخراوی (میدل ئیست ۆوچ)یش ئەنفال بەكارەساتی (هۆلۆكۆست)ی جولەكەكان بەراورد دەكات كاتێ هێتلەر لەئەڵمانیا بەپاساوی پیلانگێری و زانیاریدان بە هاوپەیمانەكان یا باج نەدان هەڵسا بەكوشتنی (4) ملیۆن جولەكە. 

رژێمی بەعس بۆ رەوایی بەخشین بەتاوانەكەی ناوی (ئەنفال) لەپرۆسەی قركردنەكە نابوو، كەبەمانای (تاڵانی) دێت و ناوی سوورەتی هەشتەمی قورئانە، واتە بەعس ئاینی وەك ئامرازێك بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانە بەكارهێنا.

دیارە لەسەردەمی خۆیدا ئیسلام لەشەرو غەزاكانیدا دژ بەكافرەكان سەروو ماڵی تالان دەكردن وپیاوەكانی بە مێردمنداڵەكانیشەوە دەكوشتن و ژنەكانیش وەك كۆیلەو دەسكەوتی شەڕ مامەڵە دەكردن،

لەپرۆسەی ئەنفالدا كەزیاتر لە (200) رۆژی خایاند، زیانەگیانیەكان بە (182) هەزار هاوڵاتی مەزەندە دەكرێن و زیاتر لە (4) هەزار گوندو (4)قەزاو (30)ناحیەو (3100)مزگەوت و (100)كلێسا وێرانكران، ئەمە جگە لەو زەرەرو زیانە گەورەی كە بەژینگەو داروبەردو ئاوو ئاژەڵ و باڵندەو كانیاوەكانی گەیاند كەوەك دەڵێن" لم یترك لا بشرا ولا شجرا ولا حجرا"، دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق لە (24/6/2007)دا بە بڕیاری ژمارە ( 1/ج2/2006)ئەنفالی وەك جینۆساید ناساندو بڕیاری لەسێدارەدانیشی بۆ هەریەك لە علی حسن المجید ئامۆزای سەدام حسین ناسراو بە (علی كیمیاوی)*1بەرپرسی راستەوخۆی ئەنفالكردنی خەڵكی كوردستان، سوڵتان هاشم وەزیری بەرگری پێشوی رژێم و سەرپەرشتیاری ئەنجامدانی پرۆسەی بەدناوی ئەنفال و حوسین رەشید تكریتی و صابر عبدالعزیز الدوری و فەرحان موتلەك جبوری دەركرد،

*1 علی حسن مجید كە بەرپرسی ڕاستەوخۆی تاوانی ئەنفال بوو، لەكۆبوونەوەیەكدا لە نوسینگەی باكور لە (21/1/1989) دەڵێ: باشە دەكرا من ئەوانە هەروا بەسەلامەتی بهێڵمەوە (دیارە مەبەستی گیراوەكانی ئەنفال بوو) نەخێر بە بلدۆزەر دەیانكەم بەژێر خاكەوە،ئەی من ئەو خەڵكە لەژمارە نەهاتووە لەكوێ دابنێم؟، بۆیە كە ووتم دابەشكردنیان بەسەر پارێزگاكاندا ، ئەوكاتەش دەبوو بلدۆزەرەكان بڵاوە پێبكەم! (ئەم قسانەی علی كیمیاوی لە كتێبی "هەڵەبجەو ئەنفال لەبەڵگەنامە نهێنیەكانی ئەمریكادا" كە لەلایەن پرۆفیسۆر (مایكل كیلی) بە پشت بەستن بە كاسیەتەكانی دوای ڕوخانی سەدام ئامادەكراوە هاتووە.

هەروەك زیندانی هەتا هەتایش بۆ هەریەك لە (فرحان موتلەگ جبوری و سابیر عبد العزیزالدوری) تایبەت بەكەیسی ئەنفال. دوای بڕیاری دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق سەبارەت بەجینۆساید ناسینی ئەنفال، دواتریش پەرلەمانی عێراق لە (14/4/2008) و سەرۆكایەتی كۆماریش لە (10/9/2008) هەمان بڕیاریان لەبەجینۆساید كردنی ئەنفالدا دەركرد هەروەك لە (7/1/2013) دادگای باڵای تاوانەكانی عیراق ڕاگواستن و كاولكردنی ناوچەی پشدەر(قەڵادزێ)و قەزای سەیدصادقی بە كۆمەڵكوژی (جینوساید) ناساند، كە بەم پێیە ئەو (2)قەزایەش شان بەشانی ئەنفال و بۆردومانی چەكی كیمیاوی و ئەنفالی بارزانیەكان و كوردە فەیلیەكان دەچنە دۆسیەی كۆمەڵكوژی (جینوساید)كردنی گەلەكەمان كەئەمەش ماف دەدا بە خەڵكی ئەوناوچانە كەداوای قەرەبووی مادی و مەعنەوی و یاسایی لە حكومەتی عیراق بكەن. 

ئەمە لەكاتێكدا لەعێراق هێشتا بڕیاری دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق ژمارە (16) لە ساڵی (2010) سەبارەت بەقەرەبووی مادی و مەعنەوی كەس و كارو خانەوادەی ئەنفال لێكراوان جێبەجێ نەكراوە، كەخۆی لەقەرەبووی (9) بەلاین دۆلارو لەئەستۆگۆتنی بەرپرسیارێتی یاسایی و مورالی حكومەتی عێراق وەك میراتگری یاسایی رژێمی پێشوو بەرامبەر بەئەنفالكردنی خەڵكی كوردستان دەبینێتەوە. هەروەك تائێستا دەسەڵات لەكوردستان نەك هەر بریاری دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقیان (2007) سەبارەت بە دەستگیركردنی (258)تاوانباری ئەنفال جێبەجێ ناكەن، بەڵكو دالدەیان داون و زۆر بەشیان بەنایاسایی بەبێ ڕەچاوكردنی هەست و مەینەتیەكانی كەس و كاری ئەنفال ئیمتیازی زۆریان لەمووچەو خانەنشینی و حیمایەو خانووبەرە پێداون، هەروەك تائێستا نەتواندراوە ژیانێكی شایستە بۆ بەجێ ماوانی ئەنفال و كەسوكاریان بۆ دابینبكەن و بەشێوەیەكی تەندروست تێكەڵ بە كۆمەڵگای كوردستانیان بكەنەوە. دەبێ بگوترێ كەرۆژی (14/4ی هەموو ساڵێك وەك رۆژی ئەنفال دیاریكراوە، چونكە لەم رۆژەدا نزیكەی (20) هەزار هاوڵاتی لەهەردوو گوندی(ملە سوورە)و (كوڵەجۆی حاجی حەمەخان) ئەنفال كراون.

لەپرۆسەی ئەنفالكردنی خەڵكی كوردستان ئەوەی لەهەمووی بەسۆو بەئازارتر بوو ئەو سوكایەتی و دەستدرێژیەبووكە بەرپرسانی ڕژێم، بەتایبەتیش بەرپرسانی سۆپا لەسەربازگەو گرتووخانەكان دەیانكردە سەر ئافرەتانی كورد، دەبێ بگوترێ تەنها (10) كەس هەیە كەلەژێر تەرموو ناو گۆڕ بەكۆمەڵگاكانەوە رزگاریان بووەو دواتر بوون بەشایەت حاڵی پرۆسەی تاوانی ئەنفال و سەرچاوەی زیندووی زانیەریەكان ( تەیمورو عوێزو هاشم و فەرەج و رەمەزان علی سلێمان و هتد..)لەناو ئەوكەسانەدابوون، لەكۆتاییدا دەبێ ئەوە بڵێم ئەنفال و ئاكامە خراپەكانی تا ئیمڕۆ بەسەر گیان و بژێوی و باری دەروونی كەسوكارو خانەوادەی شەهیدەكان هێشتا هەر زیندوەو وەك برینێكی ساڕێژنەبوو كاریگەریەكانی ماوەتەوەو درێژەیان هەیە. بۆیە وەك دەڵێن ئەو رابردووە بەسۆیەی كە هێشتا ئازارت ئەدات هەرگیز رابردوو نیە و بۆت نابێ بەرابردوو. وەك چۆن ئەنفال بۆ كورد هەرگیز نابێ بەرابردوو.

قادر عزیز



ads

زۆرترین خوێندراوە

ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved