"راستە بەكاندیدكردنی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەركەوتنەكەی 200%، بەڵام ئەوە قەت راست نییە، كە دەڵێن پڕۆژەیاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەیە پارتی دەیەوێت ئەو پۆستە وەربگرێتەوە، نەخێر راست نییە، بەگوێرەی پڕۆژە یاساكە، كە خوێندنەوەی دووەمیشی بۆ كراوە، لە ماددەی چوارەم بڕگەی دووەم دەڵێت: هەركەسێ خیانەتی نەكردبێتو... مەرجی دیكەش هەیە، دەتوانێت خۆی كاندید بكات، ئینجا هەر كەسێ جورئەتی هەیە بەرانبەر بەڕێز نێچیرڤان بارزانی خۆی بۆ ئەو پۆستە كاندید بكات دەرگا واڵایە، بەڵام كێشەكە ئەوە نییە كێی دیكە خۆی كاندید دەكات بۆ ئەو پۆستە، بەڵكو كێشەكە جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستانە!".
ئەوەی سەرەوە پەرەگرافێك لەنووسینێكی پەرلەمانتار هێڤیدار ئەحمەدە، كە پێشتر "ئەستێرە"و رۆژنامەنووسی ناو كەناڵی رووداوە بووە، كە ئەگەر تەنیا لەو پەرەگرافە وردبینەوە، ئەوە زادەی ئەو بیركردنەوەیە زەقتر دەبینینەوە، كە بڕیارە حكومەت و كابینەو ئیدارەی ئەم هەرێمەی لەسەر بینابكرێتو لەو پەرەگرافە كورتە دوو خاڵی هەیە، كە رەنگە پێویستی بەدیقەتی زیاتر هەبێت.
یەكەم/ كاك هێڤیدار دەڵێت: راستە بەكاندیدكردنی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەركەوتنەكەی 200%، بەڵام ئەوە قەت راست نییە، كە دەڵێن پڕۆژەیاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەیە پارتی دەیەوێت ئەو پۆستە وەربگرێتەوە، نەخێر راست نییە"، نازانم بەو رەهایەتییە دەربڕین، تاچاندە دەچێتە خانەی بیركردنەوەیەكی سەلیمەوە، بەڵام ئەوە دەزانم، كە لەكابینەی پێشوو پارتی لەسەر ئەو پۆستە لەگەرمەی شەڕی داعش، دەرگای پەرلەمانی وەك دیوەخان داخستو كۆمەڵێك وەزیری گۆڕانیشی ناردەوە ماڵەوە و ئامادەش بوو ئاگری شەڕێكی خۆ بەخۆ لەسەر ئەو پۆستە خۆش بكات، خۆ گەر جاران بوون و نەبوونی پۆستەكەش بلانسی ناو بنەماڵەو پارتی تێكنەدایە، ئێستا ئەوەشی بۆ زیاد بووە، كە گەر ئەو پۆستە بۆ پارتی و لەناو پارتیش بۆ نێچیرڤان بارزانی نەبێت، ئەگەری هەیە لەناو پارتی دۆو دۆشاو تێكەڵ ئەبێت، ئیتر سەیرە هێڤیداری كۆنە رۆژنامەنووسو تازە پەرلەمانتار ئەو راستیە نەزانێت، یان بیەوێت راستییەكە لەخەڵك بشارێتەوە.
دووەم/ باس لە پڕۆژە یاساكە دەكات، كە دەڵێت: "هەركەسێ خیانەتی نەكردبێ و ... مەرجی دیكەش هەیە، دەتوانێت خۆی كاندید بكات"، ئینجا هەر كەسێ جورئەتی هەیە بەرانبەر بەڕێز نێچیرڤان بارزانی خۆی بۆ ئەو پۆستە كاندید بكات دەرگا واڵایە"، سەیربكەن بزانن هێڤیدار چۆن بەزمانی تەحەداو بەزمانی قۆڵبادان باس لەبەرزترین پۆستی ئەم وڵاتە ئەكات، سەیربكەن چۆن ئەو پۆستە هێنراوە ئاستێكی نزمو وەك پرسێكی شەخشسی حیزبی لێكراوە، ئاخر هێڤیدار زمانی تەحەداكەی ئەوەندەی بۆ ناو پارتییە ئەوەندە بۆ دەرەوەی پارتی نییە، چونكە لەهیچ گفتوگۆیەك باس لەوە نەكراوە پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆ لایەنێكی تر بێت، لە حاڵەتی نەگەیشتنە رێككەوتنیش لەگەڵ یەكێتی بوونی كاندید ئەوەندەی بۆ رەتكردنەوەی دەنگدانە بەكاندیدەكەی پارتی ئەوەندە بۆ وەرگرتنی پۆستەكە نییە، خۆ گەر هەر ببێتە سەر تەحەداش، هێڤیدار هەقە بزانێت، لە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵك لە 25/7/2009 دكتۆر كەمال میراودەلی بەتەنیا تەحەدای كاك مەسعود بارزانیشی كرد، سەرباری گزیو فزی و ئەوەی یەكێتیش پشتیوانی بارزانی و پارتی بوو زیاتر لە 450 هەزار دەنگی بەدەستهێنا، كە ئەوەندەی جیاواز نەبوو لەگەڵ مەسعود بارزانی.
سەبارەت بە پرۆژە یاساكەش ، كە دەڵێت هەركەس خیانەتی نەكردبێت، رەنگە مەسەلەی خیانەت ئەو هەویرە بێت ئاو زۆر بكێشێت، چونكە بەداخەوە لەدنیای سیاسەت و حیزبایەتی كوردی تا ئێستا پێناسەیەكی ورد نەكراوە بۆ مانای خیانەت، هەرچەندە وەك مەرجی سەرەكی لەبەدەستهێنانی باڵاترین پۆستی هەرێم باس دەكرێت، بەڵام تائێستا لەناوی كایەی سیاسی ئێمە كۆدەنگی لەسەر مانای خیانەت (ناپاكی) نییە و هەر كەس و لایەنە لەبەرژەوەندی خۆی بەكاریدەهێنێت و پێناسەی دەكات، بۆیە تا ئێستا ئەو خیانەتەی كراوەتە مەرج شمولی ئەوانە ناكات، كە پێشتر پەیوەندیان بە رژێمی سەددامەوە هەبووەو هاوكاریان كردووەو هاوكاریان لێوەرگرتووە، دیارە ئەوانەش ناگرێتەوە، كە هۆكاری شەری ناوخۆ بوون و بۆ یەكلاكردنەوەی شەر پێش سوپای داگیركەر كەوتوون، بۆیە بەهەدەردانی سەروەت و سامانی گشتی و پەلكێش كردنی لەشكری بێگانەو برسی كردنی خەڵك و دزیكردن و گەندەڵی و داگیركاری ژێرخان و سەرخانی ئابوریش ناگرێتەوە، رەنگە ناپاكی لەم دەڤەرە هەقیشی بەسەر رادەستكردنی خاك و ژن و منداڵی ئیزیدیەكان بەداعش و ناوچە جێناكۆكەكان بەحەشدی شەعبی نەبێت، هەر بۆیە پێدەچێت خائین و ناپاكەكان ئەوانە بن، كە رەخنەیان هەیە لەو دیاردانە، بۆیە دەبێت وەك سەردەشت و سۆرانەكان پەلاماربدرێن و بكوژرێن.
كەمال رەئوف
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی