گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵ و وه‌یسی و شتی تر

گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵ و وه‌یسی و شتی تر

لەتیف فاتیح فەرەج


702 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

1
سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌وه‌ بڵێم نه‌له‌و تیمه‌دا بوم كه‌ بانگكرابووم بۆ به‌غدا نه‌له‌ گه‌ڵ ئه‌واندا حسابكرابووم ، بۆ كارێكی تایبه‌ت چوومه‌ به‌غدا له‌ فڕگه‌ی سلێمانی ئه‌وانم بینی ، دواتر له‌ فڕگه‌ی به‌غدا دۆسته‌كانم و ئه‌و هاوڕێیانه‌ش سور بون له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ گه‌ڵیان بم بۆ سه‌ماوه‌ ، راستی منپێشتر له‌ سه‌ر جینۆسایدو كاره‌كانی خۆم به‌ كورتی ئه‌وه‌م نووسی بووم كه‌ قه‌رزاری كه‌س نیم له‌و باره‌یه‌وه‌، كتێبه‌كانی جینۆسایدیش" چوار دانه‌یان " ئه‌وه‌ یه‌كه‌م جاره‌ دۆستێك ئه‌ركی چاپكردنیان ده‌گرێ ئه‌ستۆ ده‌نا یه‌ك به‌رپرس ، یه‌ك وه‌زیری حكومه‌ت له‌به‌رانه‌ر كاره‌كانما رۆژێ‌ له‌ رۆژان پاره‌ی چایه‌كی بۆ خه‌رج نه‌كردووم ، چونم بۆ به‌غداش له‌ سه‌ر حسابی خۆم بووه‌ ،ئه‌مه‌ وه‌ك راستی ده‌ڵێم ره‌نگه‌ له‌و ژماره‌كه‌مه‌ش بم كه‌ ئیشكردن له‌ جینۆسایدا ئازاری داوم و زه‌ره‌ریشی لێداوم .
2
به‌ سێ كۆپته‌ری هێزی ئاسمانی عیراقی به‌ره‌و سه‌ماوه‌ كه‌وتینه‌ ڕێ‌ ، من 2003ش له‌ ته‌ك تیمێكا مه‌نسور حه‌مه‌ كه‌ریم و ئاریان محه‌مه‌د و یه‌ك دوو دۆستی تر زۆربه‌ی ئه‌و بیابانانه‌ی باشوری عیراق بۆ ئێسك و پروسكی ئازیزان گه‌ڕاین و زۆریشمان دۆزیه‌وه‌ لێ‌ كه‌س نه‌خه‌می هێنانه‌وه‌ی خوارد نه‌خه‌می پاراستنی ، وێنه‌كان ، راپۆرته‌كان هه‌موو ئه‌وه‌ی كردومانه‌ لای خۆمان و لای حكومه‌تیش هه‌یه‌ ، وێنه‌كانی ئێمه‌ گرتمان برایه‌ زۆروڵاتی ده‌ره‌وه‌ ،ئه‌گه‌ر یاده‌وه‌ری و چاوم درۆم له‌ گه‌ڵ نه‌كه‌ن من جاری تر چووه‌مه‌ته‌ ئه‌و شوێنه‌ ، ته‌نانه‌ت چووینه‌ ئه‌و گونده‌ی ته‌یموریشیان به‌خێو كردو پاراست ، یه‌كه‌م تیم بووین چووینه‌ ئه‌وێ‌ ، ره‌نگه‌ دواتر خه‌ڵكی تر خۆیان لێ‌ به‌ خاوه‌ن كردبێت ، ئه‌و ناوچه‌یه‌ گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵی زۆری تیایه‌ ، ئه‌م گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌ تازه‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌ یان له‌ 2003ه‌وه‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌ ، ئه‌وه‌یان نازانم ، به‌ڵام وێنه‌ی پشتوێن ، كڵاوو جامانه‌مان گرتوه‌ له‌ 2003.
3
سه‌ماوه‌ چۆن 2003 داره‌كانی ، خانوه‌كانی ، شه‌قامه‌كانی باخچه‌كانی ، بیابان و ده‌شت و ده‌رو خه‌ڵكه‌كه‌ی ماندوو بوون ، ئێستاش ماندوون ، ماندوێتیه‌كی له‌ ڕاده‌ به‌ ده‌ر ، سه‌یره‌ دوای 16 ساڵ هێشتا سه‌ماوه‌و شوێنه‌كانی دیكه‌ی باشوری عیراق بۆ دواوه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ باسه‌كه‌ ده‌رنه‌چم ، ده‌بێت بڵێم به‌شێك له‌م گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵانه‌ ئه‌گه‌ر زوو كاری كنه‌و ده‌رهێنانیان تێا نه‌كرێت ، 10 جاری تر بانگه‌شه‌ی دۆزینه‌وه‌یان ده‌كرێت و هه‌موو جارێكیش ئه‌وه‌ به‌ پاره‌ ده‌كرێت ،ئه‌و سێ‌ كۆپته‌ره‌ی پێی رۆیشتین وه‌ك یه‌ك نه‌بوون ،دوو دانه‌یان زیاتر له‌ هی پاسه‌وانی ده‌چوون من له‌ یه‌كێ‌ له‌وانه‌دا بووم له‌ ته‌ك دۆستگه‌لێكی ترا .
4
له‌ بیابانه‌كه‌ دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح وه‌ك سه‌رۆك كۆماری عیراق قسه‌ی كرد به‌ كوردی و به‌ عه‌ره‌بیش قسه‌ی كرد ، من باسی قسه‌كانی ناكه‌م ، قسه‌ی من له‌ سه‌ر به‌ختی كوردیه‌ ، سه‌یركه‌ن له‌ بیابانی سه‌ماوه‌ ، كوردێك سه‌رۆك كۆماره‌ باشه‌ یان خراپ ئه‌وه‌یان شتێ‌ تره‌ به‌ كوردی و عه‌ره‌بی قسه‌ ده‌كات ، له‌ پڕ وه‌یسی ناوێك بۆ ئه‌وه‌ی دۆخی پێكه‌وه‌ نه‌بوونی كورد نیشانبدات ، دێت به‌ ناوی بارزانیه‌وه‌ قسه‌ ده‌كات ،كه‌ به‌ ناوی بارزانیشه‌وه‌ قسه‌ ده‌كات به‌ چاك و خراپ نای سه‌رۆك كۆماره‌ كورده‌كه‌ی ته‌نیشتی ناهێنێت ، نه‌ك ئه‌وه‌ ئه‌و ده‌ڵێت ئه‌م كاره‌ به‌ هیمه‌ت و داوی بارزانی كراوه‌و ئه‌و به‌ڵێنی له‌ئه‌حمه‌د مه‌هدی جه‌وده‌تی پارێزگاری سه‌ماوه‌ وه‌رگرتوه‌ كه‌ ئه‌و گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵانه‌ بدۆزێته‌وه‌ ، قسه‌كانی وه‌یسی ئه‌وه‌ نیشانی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵكه‌و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و میدیای عه‌ره‌بی ده‌دات كه‌ بارزانی و سه‌رۆك كۆمار نه‌ك هه‌ر كوردو هاوزمان نین ، ته‌نانه‌ت حه‌ز به‌ سه‌ركه‌وتنی یه‌كتریش ناكه‌ن .
5
له‌ راستیدا ئه‌گه‌ر بارزانی ئه‌و كاته‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم بوو ئێستاش كه‌ سه‌رۆكی پارتیه‌ وه‌ك یه‌ك سه‌یری گه‌رمیانیه‌ك و بارزانیه‌كی كردبا ، وه‌ك یه‌ك له‌ خه‌می هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌ك و بادینانیه‌كدا با ده‌بوو داوای دۆزینه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان نا داوای گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و ئێسك و پروسكه‌ی كردبایه‌وه‌ بۆ كوردستان ، هه‌ر نا له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌زاران هه‌ڵه‌بجه‌یی و گه‌رمیانی له‌ 1961ه‌وه‌ دوای خۆی و باوكی كه‌وتون و سه‌دان شه‌هیدیان له‌ كفریه‌وه‌ تا زاخۆ بۆ پارتی داوه‌ ، بۆ بارزانی هه‌ردۆزینه‌وه‌ی ئێسك و پروسكی قوربانیه‌كان به‌س نیه‌ ، بۆ بارزانی و به‌رهه‌م ساڵحیش دۆزینه‌وه‌و هێنانه‌وه‌یه‌كی شكۆمه‌ندانه‌ی ئه‌و ئێسك و پروسكانه‌، ئه‌ركه‌ ، به‌رپرسیاره‌تیه‌ ، خه‌مخۆری و خاوه‌ندارێتیكردنه‌ له‌ كورد ، ئه‌مه‌ش به‌وه‌ ده‌كرێت پێكه‌وه‌ بن نه‌ك دژ ، ئاخۆ 14ی 4ی 2020 ئه‌و كڵاوه‌ هه‌ر له‌ ئه‌و بیابانه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ یان له‌ گه‌ڵ خاوه‌نه‌كه‌یدا دێته‌وه‌ بۆ زێدی خۆی ، ئه‌مه‌ گرنگرترین كاره‌ نه‌ك ئه‌وه‌ی كێ‌ چۆن و چی كرد.



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved