سێ ساڵ لەمەوبەر؛
ئیجماعی درۆزنانەی کوردیی

17/04/2019

مەریوان وریا قانیع



ھیچ شتێک ھێندەی سیاسەتی کوردیی ئەمڕۆکەی ھەرێم قابیلی پێکەنین نییە. لەم چەند ساڵەی دواییدا ئەم سیاسەتە گۆڕاوە بۆ گاڵتەجاڕییەکی پێنج ئەستێرەیی: گاڵتەکردن بە کۆمەڵگای کوردیی وەک گشتێک، گاڵتەکردن بە دەزگا شەرعییەکانی حوکمڕانیی، گاڵتەکردن بە خەم و ئازار و نەھامەتییەکانی ھاوڵاتیان، گاڵتەکردن بە ھەموو یاساکان و بەھاکان، گاڵتەکردن بە ھەڵبژاردنەکان، گاڵتەکردن بەھەموو شتێک لەدەرەوەی ئیرادەی چەند سیاسییەکی نەرجسیی و سواودا، ھێڵە سەرەکییەکانی ئەو سیاسەتانەن لە ھەرێمدا پیادەدەکرێن. ئەمە جگە لە گاڵتەکردن بەسەرجەمی ئەو ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییانەی نیشانیئەدەن چۆن کوردستان لەوە کەوتوە نیشتمانێکی نەتەوەیی بێت بەلانی کەمی ڕێزگرتنی مافەکانی مرۆڤەوە و چۆن گۆڕاوە بۆ مەزرەعەی داخراوی چەند خێزان و کەسایەتییەکی سیاسیی دیاریکراو و بەڕێوەبردنیشی بەو شێوەیەیە کە ئەوان دەیخوازن و دەیانەوێت. لەناو ھەرێم خۆیدا نەک شتێک بەناوی ”ئیجماعیی سیاسیی“ەوە بوونی نییە و بوونی نەماوە، بەڵکو جەنگێکی تا ئەم ساتە پاسیڤ و ڕەمزیی گەورەش، لەنێوان لایەنە کوردییەکان خۆیان و لەنێوان بەش و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان لەگەڵیەکدا لەئارادایە. گوێ لە قسەکەران و نوێنەرانی دەسەڵاتدارانی ھەرێم بگرن لەوە تێدەگەن چۆن دەکرێت ئەم جەنگە ڕەمزییە بە ئاسانی بگۆڕدرێت بۆ جەنگێکی خوێناویی و سەرتاسەریی.


لە ھەرێمدا ھیچ بنەمایەکی دروستبوونی لانی ھەرکەمی ھیچ جۆرە ئیجماعێکی سیاسیی بوونی نییە، کوردستان بە کردەوە چەند زۆنێکی داخراوی دەسەڵاتە و ھەر زۆنێکیشیان بە ویست و ئارەزو و تەماحی دەستەیەکی بچووک لە بازرگانانی نەوت و غاز بەڕێوەدەچێت. ھەر یەکێک لە زۆنانەش ڕووی لە وڵات و بەرە و ھێزێکی ئیقلیمی جیاوازە و گوتارە ئاشکراو نھێنییەکانیان پڕیەتی لە ئەگەری جەنگ و پێکدادانی چاوەڕوانکراو. 

ئەگەر ”مەسەلەی کورد“ بەدرێژایی مێژووی خۆی ھێزێکی تایبەتی ھەبووبێت، ئەوا ئەو ھێزە نە ھێزی سەربازیی و جەنگیی، نە ھێزی ئابوریی و نە ھێزی میدییایی نەبووە. ھێزی مەسەلەی کورد ھێزێکی ئەخلاقیی بووە. ئەم مەسەلەیە لەدەوری کۆمەڵێک پرنسیپیی ئینسانیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی کۆبۆتەوە کە ڕەھەندێکی ئەخلاقیی بەھێزیان ھەبووە، بەرگریی لە کۆمەڵێک بەھا کردوە، وەک بەھای دادپەرەوریی و ئازادیی و یەکسانیی، کە لەزۆر شوێنی دونیادا قابیلی ناسینەوە و ڕێزلێنان.

ئەوەی ئەمڕۆ دەبینینن بەتاڵبوونەوەی مەسەلەی کوردە لەسەرجەم قورساییە ئەخلاقییەکەی، لە سەرجەمی ئەو بەھایانەی قابیلی بەرگریلێکردنن، سەرەتا لەناو کوردستان خۆیدا و بەبەرچاوی کۆمەڵگاکەوە, ئینجا لەبەرچاوی دونیای دەرەوەدا. ئەوەی ئەمڕۆ دەبینین گۆڕانی مەسەلەی کوردە بۆ ھەڵکەندنی چەند چاڵە نەوتێک و تاڵانفۆرشکردنیان بەدریاچاوی ھەمووانەوە لەناو کێشوەرێک تاریکیی و گەندەڵییدا. بە بۆچوونی من ئەمڕۆکە شتێک لە ھەرێمدا بەناوی ”مەسەلەی کورد“ەوە بوونی نەماوە، ئەوەی ھەیە مەسەلەی دەسەڵاتی سیاسیی چەند خێزانێکی کەم و دیاریکراو و مەسەلەی بەردەوامیدانە بەتاڵان فرۆشیی غاز و نەوت لە کوردستاندا. 

وەک ووتیشم لەناو سیاسەتی کوردیدا شتێک بەناوی ”مەسەلەی کورد“ەوە نەماوەتەوە تا باس لە ”ئیجماعی کوردیی“ بکەین، کەی ئەم مەسەلەیە بووەوە بە مەسەلە، کەی لانیکەمی بەھا و پرنسیپە سەرەکییەکانی ئەم مەسەلەیە گەڕانەوە، ئەودەم دەکرێت باس لە ”ئیجماعی کوردیی“ بکەین. ئەوەی ئێستا ھەیە ئیجماعە لەسەر تاڵانیی و دزیی و جەردەیی. لەدەرەوەی ئەم ھاوکێشە سادەیەدا ھەموو باسکردنێک لە ”ئیجماعی کوردیی“ درۆیەکی سیاسیی و ئەخلاقیی گەورەیە و بەشێکە لە پرۆژەی درێژەدان بەو وێرانەیەی لە ھەرێمدا دروستکراوە و دروستدەکرێت.


مەریوان وریا قانع

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی