دەربڕین و شێوازی گفتوگۆی مرۆڤەکان
چەپکێک بۆ سەر خەرمانەی ( گەنجینەی نەتەوەیی کورد)

17/04/2019

کامەران قازی


ھەر لە کۆنەوە مرۆڤ بایەخی داوە بە زمان و دەربڕینی زمان بە شێوەیەکی جوان،
ھەوڵی داوە کەپەیوەندییەکانی نێوان وشە و ماناکانی بدۆزێتەوە و ھەروەھا ڕووە
جوانەکانی (ووتن) دەربڕین، دەستنیشان بکات.
ئامانجی جواناسیی ئەوەیە کە بتوانین چواردەوری خۆمان و جێگای کەسەکە لەو چواردەورەدا ھەست پێبکەین. ھەر ئەو ڕۆڵەی کە عەقڵ دەیبینێ لە زانستی ڕەوشتدا، سەلیقە و زەوق لە زانستی جوانیی دەربڕیندا دەیبینێ.
فەیلەسوفەکان و ھونەرمەندەکان لە سەرەتای مێژووەوە جیاواز لەیەکتر سەبارەت بە جوانیناسیی و جوانیی دەربڕین قسەیان کردووە. بۆ نمونە ئەفلاتۆن جوانی بە ھاوئاھەنگی بەشەکان لەگەڵ گشتدا دەزانێت و دابەشی دەکرد بە دوو دەستەوە:
•جوانی سروشت
•جوانی زیندەوەرەکان لەگەڵ جوانی ئەندازەدا.
لە پاش سەدەی ھەژدەیەمەوە، ئەم واژەیە زیاتر لایەنی دەروونی و دروونناسی بەخۆیەوە گرت لە پەیوەندیدا لەگەڵ ئیدراک، بەوھۆیەوە کە فاکتەرە دەروونییەکان  و کۆمەڵایەتییەکان لەسەر مرۆڤ و دەربڕینەکانیی مرۆڤ کاریگەرییان ھەیە.   

بەڵام ھێگل لەسەر بنەمای تیۆرییەکانی ئەفلاتون دوو جۆر جوانیی باس دەکات
•جوانیی سروشتی 
•و جوانیی ھونەریی
 ھەوڵدان بۆ جوان وتن و جوان دەربڕین سەرچاوەی ئەو ھەموو ئەدەبیاتەیە کە مرۆڤ دەتوانێت شانازی پێوەبکات و بە پێچەوانەی تەکنەلۆجیاوە، نەک مرۆڤەکەیان وێران نەکردووە بەڵکو بوونەتە ھۆی بزووتنەوەیەکی ستوونی بەرەو باڵاچوونی مرۆڤ، ئێمە دەزانین کە بە درێژایی تەمەنی شارستانەتی مرۆڤ، نووسین، بەتایبەتی ئەگەر لە شێوە و فۆرمێکی جواندا نووسرابێت یا دەربڕدرابێت، چ ڕوڵێکی گرنگیان گێڕاوە لە بەرو پێشبردن و ڕۆشنکردنەوەی بیر و تێرکردنی ڕۆحیی مرۆڤدا.
جوان دەربڕین ئەگەر چی ھەر دانان یان وتنی چەند وشەیەکی ئامانجدارە لە ڕستەدا و گەیاندنێتی بە بەرامبەر، بەڵام جۆر و شێوەی وتنەکە، دیاری دەکات کە بەرامبەر بەو کۆمەڵە وشانە شادمانی دەست بکەوێت یان غەمگینی بکات، لەسەر وتن و کاریگەری جوان دەربڕین، لە کلتوری خۆماندا نمونەمان زۆرە:
-بەقسەی خۆش مار لەکون دێتە دەر.
لێرەدا باس لە مەحاڵ دەکرێت، کە بە ئەفسوونی وشەی جوان دەتواندرێت کارە مەحاڵەکان ئەنجام بدرێن.
سحریی جوان دەربڕین زۆر لە ئاستەنگەکان ناھێڵێت و ئەو کارەی کە بە مەحاڵ و نەکردەنی دەھاتە بەرچاو، بەھۆی دەربڕینی جوانی وشەوە سانا دەبێت و ئەنجامی باش بەدەستەوە دەدات.
زمان کلیلی کردنەوەی دەرگای چوونە ناو کۆمەڵگایە و پاش چوونە ناو کۆمەڵگا چۆنێتی بەکارھێنای زمان لە گفتوگۆی رۆژانەدا ڕۆڵی سەرەکی دەبینین بۆ  قسەکەر کە لە کام پلە یان لە کوێی کۆمەڵگادا جێگای خۆی بدۆزێتەوە.

زۆرن ئەوکەسانەی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، رەوانبیژییەکەیان گەیاندوونی بە پلەی زۆر بەرز و بەڕێز لەناو کۆمەڵگادا، ھەمان کۆمەڵە وشە کە کەسێ دەیڵێت بە شێوەیەکی تایبەت ڕەنگە ببێتە ھۆی دڵڕەنجان و دڵشکاندنی بەرامبەر، لە کاتێکدا ھەر ئەو وشانە لە زاری کەسێکی ترەوە دەتوانێت خۆشەویستی و ڕێز و پەیوەندی توند دروست بکات، کەواتە جوانیی دەربڕین ئەگەر لە دڵەوە بێت و مەبەستی تری لە پشتەوە نەبێت و خەسڵەتی قسەکەر بێت، ئەوا ئامرازێکی زۆر بەنرخ و کاریگەرە بۆ ڕاگرتنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و گەشەسەندنی کۆمەڵگا بەئاقارێکی دروستدا.
•دەربڕین وەک چەمکێکی کۆمەڵایەتی:
ھەڵبەتە دەربرین و چۆنێتی دەربڕین لە زۆر حاڵەتدا وابەستەی (شوێنی کۆمەڵایەتی کەسەکە، پلەی خوێندەواری و ڕەگەزی کەسەکە و...ھتد) ڕۆڵی گرنگیان دەبێت لە چۆنێتی دەربڕینیدا، بە نمونە:
-رەگەزی نێر: بەحوکمی ئەو دەسەڵاتەی کە بە درێژایی مێژوو خۆی بۆخۆی قایل بووە، دەسەڵاتەکەی لە ڕەفتار و دەربڕینیدا ڕەنگیان داوەتەوە و چۆنێتی مامەڵەکردنی لەگەڵ بەرامبەردا دیاری کردووە. 

زۆرینەی ئاغاکان ھەرگیز بەشێوەیەکی نەرم و نیان بانگیان لە ژێر دەستەکانی خۆیان نەکردووە، ئەمە بۆ خۆی ( ھەروەھا چوادەورەکەی کە وا ڕاھاتوون ، ئاغا دەبێت شکۆدار بێت!!!) کە ئەگەر بە  نەرم و نیانی بانگی لە رەعییەتێکی خۆی بکردبایە، پێیان وابوو لە شان و ھەیبەتی ئاغایەتی و شکۆی دەسەڵاتی کەمدەکاتەوە، بۆیە زۆر جاران بەبێ دەربڕینی وشە، ھەر بە ھێما و ئاماژەکردن مەبەستی خۆی بە ژێردەستەکانی گەیاندووە، لە حاڵێکدا کە ھەر ئەم دەرەبەگە لەگەڵ دەرەبەگێکی تری ھاوڕێیدا بە بەڵێ و قوربان و تەشریفتان ھێناو ....لەم دەربڕینە جوانانە قسەی کردووە.
  
کەواتە لێرەدا جیاوازی پلەی کۆمەڵایەتی بووە ھۆی جیاوازی دەربڕین لە زمانی گفتوگۆدا.
بەھەمان شێوە: 
-رەگەزی مێ: ھەر داخوازییەکی ھەبێت،( لە زۆر حاڵەتدا) ھەوڵ دەدات بە شێوازێکی نەرم و دوور لە توندووتیژیی مەبەستەکەی بگەێنێت، ئەمە بە حوکمی ئەو سیفەتە جوان و بێ وێنەیەی دایکایەتییەیە کە ھەمووی بریتییە لە ڕەحم و میھرەبانی و بەزەیی، کە تەواو پێچەوانەی ڕەفتار و بیرکردنەوەی زۆرینەیەکی ڕەگەزی نێرە، کە زیاتر سەپاندن خەسڵەتی دیاری پیاوەکانە نەک میھرەبانی. لێرەدا ڕەگەز ڕۆڵی خۆی بینی بۆ جوانی دەربڕینی مە بەستێک.

•بارو دۆخ کاریگەریی خۆیان ھەیە لە سەر دەربڕین:
پیاوێکی توڕە دووجار لە دەربڕینەکانیدا ھەڵە دەکات، یەکەم وەک پیاو کە پێی وایە دەبێت ( تۆنی دەنگی زبر و بەرز بێت)، دووەم ئەو حاڵەتەی کە تێیدایە، کە حاڵەتێکی ئاسایی نییە و ھۆشی کۆنترۆڵی ناکات، کەواتە چۆنێتی دەربڕینەکەی، دوو سیفەتی لە خۆ گرتووە:
1.سیفەتی رەگەزیی کە حوکمی پێدەکات قسەکردنەکەی بەو جۆرەبێت.
2.ئەو بارو دۆخەی قسەی تێدا دەردەبڕێت، کە لێرەدا بارودۆخێکی نائاساییە.



•ڕووداو و کاریگەریی لەسەر دەربڕین:
کۆمەڵگاکان، لە ئەنجامی پێکەوە ژیانی تاکەکانیدا کۆمەڵێک ( نۆرم ) و ئەتەکێتی تایبەت بە خۆیان دروست دەکەن کە بۆ ھەر ڕوودا و بۆنەیەک، ڕەفتاریان بەوجۆرە دەبێت کە نۆرمەکان دیاری دەکەن، ھەڵبەتە ئەوە ھەر خۆیانن کە ئەو نۆرمانە دروست دەکەن ( سەرچاوەکانی نۆرمەکان جودان و ئەم سەر چاوانە کار لەیەک دەکەن، بە نموونە ئاین سەرچاوەیەکی گرنگە چونکە بەزۆری ژیانی مەعنەوی و مادی مرۆڤەکان ڕێک دەخات)، و لەسەری ڕێک دەکەون، بەڵام لە پاشاندا وەک دەستوری کۆمەڵایەتیان لێدێت و دەبنە داب و نەرێت و ھەندێکیان باشن و بە سوودی تاکەکانی کۆمەڵگان و ھەندێکیان لە ئەنجامی توندڕەوی و ڕەنگە قازانجی مادی و مەعنەویدا دەبنە ڕێگر و کارەساتی ناخۆش بە دوای خۆیاندا دێنن. 

-کۆمەڵگاکان، بۆ ھاتنە دنیای منداڵەکانیان، کە گرنگترین و بنەرەتترین گۆڕانە بۆ ئینسانەکان بە تایبەت بۆ ڕەگەزی مێ ( پێکهاتە فسیۆلۆجییەکەی بەجۆرێکە کە منداڵ لە پراکتیکدا بۆ ماوەی نۆ مانگ دەبێتە بەشێکی گیان و جەستەی، دەڵێم کۆمەڵگاکان وان لە هەناوی ژناندا)، کۆمەڵگاکان داب و نەرێت و ئەتەکیتی خۆیان ھەیە بۆ دەربڕین لەم گۆڕانکارییە بنەڕەتییە لە پەیوەندی دوو ڕەگەزی جیادا ( کوڕو کچ، ژن و مێرد، کە ئێستا بەھۆی ئەم ڕووداوە گرنگەوە بوونەتە دایک و باوک، ئیتر ئەم ڕووداوە گۆڕانکاریی زۆر گرنگ لە خۆدەربڕینی، دایک و باوکەکەدا دەکەن) چ لەو خێزانەدا کە منداڵەکی تێدا بە دونیا ھاتووە، چ چواردەورەکەی کە بەجۆڕێک پەیوەندیان ھەیە بەم خێزانەوە.

-خێزانەکان و مرۆڤەکان بۆ زەماوەند و دروستکردنی خێزانێکی نوێ، داب و نەرێتیکی تر و تایبەت بەکار دێنن، دەربڕینەکانیان، سنوری وشە تێدەپەرێنێ و بە جەستەیان لە شێوەی ھەڵپەڕکێدا خۆشی خۆیان و داوای خۆشبەختی بۆ ھاوسەرەکان، بە جوڵانەوە و بزووتنەوەی تایبەت  دەردەبڕن، زۆر جار وەک تەواوکەری دەربڕینەکان بە وشە.

ئەگەر بە دنیا ھاتنی منداڵێک و زەماوەندی کوڕان و کچانمان دڵشادمان دەکات و زۆر دەستور و نۆرممان بۆ داڕشتووە، لە ھەمان کاتدا، کە خۆشەویستێکمان بۆ یەکجاری جێمان دێڵیت، بۆ ئەوەش نۆرم و نەرێتی تایبەتیمان داڕشتووە و لەسەرى ڕێکەوتووین، بەو مانایا کە چۆن خۆشی و شادییەکان، دەربڕینی خۆیان ھەیە، ھەر بەو جۆرە ماڵاوایی و کۆچکردنیش دەربڕینی خۆیان ھەیە و مرۆڤەکان زۆر بە وریایەوە ئەم دەربڕینانە لە جێی خۆیدا بەکار دەھێنن و ھەوڵدەدەن کە تێکەڵاوی نەکەن.

وەک بینیمان لەو نموونانەی کە باسمان کردن:
دەربڕین: ئامێر و ئامڕازی پێکەوە گرێدانی ھەموو چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانە، مەرج نییە ئەم ئامرازانە لە ھەموو کۆمەڵگاکاندا بەھەمان شێوە خۆیان نیشان بدەن، پلەی شارستانی، تەکنۆلۆجیا و پیشەسازی کاریگەری راستەوخۆی لە دەربڕینی مرۆڤەکاندا ھەیە، کە دەربڕین ھەڵوێست وەرگرتنە بەرامبەر بە مرۆڤەکەی تر، کە بارو دۆخێکی تایبەتی، ناچارمان دەکات کە دەبێت خۆمان دەرببڕین.

•لە کۆمەڵگا تازەگەشە کردووەکاندا نێوانێک بۆ دەربڕین دروست دەبێت، نە داب و نەرێتە کۆنەکەی خۆیەتی و  نە بەتەواوی داب و نەرێتی کۆمەڵگایەکی مۆدێرنە، ڕەنگە ئەم قۆناغە سەختترین قۆناغی پەرینەوە بێت بەرە و کۆمەڵگایەکی تر، کە سیما و ناوەرۆکی دەربڕینەکان لە رێشەوە دەگۆڕێت.  

•لێرەدا هەڵوێستەک دەکەم و پرسیارێکیش دەکەم: ئایا پێویستە هەموو کلتورەکان، ڕەنگی یەک کلتور بگرن و بە لاسایی کردنەوەی کلتورە زاڵەکە، کە بێگومان خۆرئاواییە، ڕەنگی خۆی ون بکات و زمانێکی هەزار ساڵە و داب و نەرێتێکی باش و خراپی خۆی، بگۆڕێت بۆ زمانێکی تر کە ئەویش هەزار ساڵەیە و داب و نەرێتێکی تر، کە ئەنجامی گەشەکردنێکی تر و تەنانەت کەش و هەوایەکی ترە؟!!.

•لاسایی کردنەوەکە دروستە؟! یا سەر لێ شێواوی و گرفت دروست دەکات؟! لاسایی کوێرانە بکەینەوە، یا سوودی باش وەربگرین؟! کاریگەرییە ڕۆحییەکانی چی دەبێت و پشێوییەکانی کامانەن و سوود و زیانەکانی بۆ کۆمەڵگا چین؟!. 

•ئەمانە پێویستیان بە زانا و پسپۆڕە و دڵسۆزیی و بەتەنگەوە هاتنی دەوێت، چوونکە لە ناو چوونی فەرهەنگێک یا بەشێک لە فەرهەنگی نەتەوەیەک بەهۆی هێرشی کلتورییەوە کە لە ڕیگای تەکنۆلۆجیاوە ئەنجام دەدرێت، زیانێکی گەورەیە بۆ کۆمەڵگای بەشەرییەت، مرۆڤ دەبێت سەرەوەر بێت، نەک مەکینە و تەکنیک!!!. 

•لەهەر کوێیەک و لەهەر کاتێکدا، هەر شتێک بووە بایسی وەڕزکردن و لەناو بردنی ( پەیوەندییەک و بوونێک)، دەبێت چارەسەری بۆ بدۆزینەوە  تا ڕێ لە ئەنجامدانی ستەم بگرین.

ھەڵوێست و بارو دۆخی مرۆڤەکان لە پەیوەندیاندا پێکەوە و بۆ بەڕێکردنی ژیانی ڕۆژانەیان، چەندین دەربڕینی جۆراوجۆر دروست دەکەن، کە وەک وتمان لەپاش پەیڕەوی لێکردنیان  بۆ ماوەیەک لەناو کۆمەڵگایەکدا، دەبنە دەستوور و تاکەکانی کۆمەڵ جێبەجێیان دەکەن. 
ئێمە ناتوانین، بڵێین ئەم دەربڕینانە لەناو فڵانە کۆمەڵگادا باشترە لە دەربڕینەکان لەناو کۆمەڵگایەکی تردا، وەک باسمان کرد، زۆر فاکتەر ڕۆڵ دەبینن بۆ چەسپاندنی نەرێتیکی دەربڕاو بەو جۆرە کە کۆمەڵگا دەیەوێت.

•لە جیھانی ئەمڕۆدا بازاڕ( مانای فرۆشتنی بەرھەم) زۆر دەستوری داھێناوە کە دەربڕینیان دەبێت لە ڕێگای کڕینی ( بەرھەمەکانەوە) بێت، بەو مانایە کە دەربڕینەکان بەو جۆرە کە ئەنجامی دەدەین دستکردی بازارە بۆ ئەوحاڵەتە تایبەتییە. مانای مەبەست کڕینی بەرهەمەکەیە، بۆ فرۆشتنی دەبێت، کلتورێکی بۆ دروست بکرێت.

من هیچ یەک لەم شێوازانە ڕاناسپێرم، بەڵام ئیجازەم بەخۆم دا کە لێی بدوێم، بە زمانێک کە بۆ خوێندنەوە و دەرککردن بشێ، بەڵام ئەوەی باوەڕم پێیەتی:

•دەزانم حەق بە هەر جۆرێک بوترێت و ڕەفتار بکرێت و هەر کەسێک بیڵێت و ڕەفتاریی بکات، سەرچاوەکەی یەکە و بە سوودی کامڵ بوونی مرۆڤە، ئەگەر بەر لە داوەریی کردن، خۆی ڕزگارکردبێ لە پێشداوەرییەکانی. 

دەمەوێت، بە دەربڕین لە ئەدەبیاتی سۆفیزمەوە، کۆتایی بەم باسە بێنم، تا بزانین، دەربڕینە جوانەکان چۆن توانیویانە ‌ھێز و کاریگەریی ( وشە) بەرجەستە بکەن، لە حاڵێکدا کە زۆر جار باری مەعنەوی ئینسانێک بە دەربڕینی وشە، زۆر سەختە و ڕەنگە لە شکۆی حاڵەتەکەش کەم بکاتەوە ئەگەر بێژەرەکە توانایەکی هونەریی بەرزی نەبێ: 
وەک دەربڕینی خۆشەویستی رۆحیی، ئەو حاڵەتەی پەیوەندیی کە جەستە تێدەپەڕێنێ و دەگاتە پلەی ئەڤین (عیشق). 

من تەسەوف، بەتایبەت لای سۆفییە موسڵمانەکان، کە لەوێدا دەگاتە لوتکەی خۆی و کامڵ دەبێت، چوونکە ( جز‌و، بەشێک) دەگاتەوە بە ( کل، گشت) ە کە و لە غوربەتە دنییایەکە ڕزگار دەبێت، چوون لە وابەستەییەکان دەرباز دەبێت و تا لەو وابەستەییە بچووکانە دوور دەکەوێتەوە لە ئاسایشە بەردەوامەکە نزیک دەبێتەوە و هەستی پێ دەکات، ئەو بەرهەمانە ناو دەنێم 
( هەنگوین) ی ئاین. 

•شوشەیی بوونەوەی عەقیدە و دەستورە شەرعی و ڕەفتارە ئیمانییەکانە، لە چوارچێوەیەکی گوڵیندا، وەک ڕێکردنە بە ناو هەوادا، پشوودانە لەسەر هەور و یاریکردنە بە ڕەنگەکانی تیشکی خۆر و بینینی بۆنی گوڵان، خۆی لە چەقی بووندا و بوونەکانی تر لە دەوری خۆی دەبینێت، یا دەکرێ بڵێم لە بوونێکدا دەتوێتەوە کە خۆی بەشێکی بوونەکەیە.

•نازدار خۆی و گوڵ هەر خۆی و گوڵستان خۆی و باخەوان خۆی، ئاو خۆی و کانی هەر خۆی، هەناسە لە خۆی وەردەگرێ و بەخۆی دەداتەوە، بەش خۆی و بە گشتی دەداتەوە، کە خۆی لە گشتدا بۆتەوە بە بەش.
 

بایەزیدی بوستامی:  بەدەوری ماڵی خودادا دەسوڕامەوە، کە بەتۆ گەیشتم، بینیم ماڵی
                          خودا بەدەوری مندا دەسوڕێتەوە.
عەتار دەڵێت:  چووم بۆ بیابان، عیشق باری بوو، زەوی تەڕ بوو، وەک چۆن، پێ بەناو
                         بەفردا ڕۆ دەچێت، ئاوا پێم بەناو عیشقدا ڕۆ دەچوو.
مەحوی دەڵێ: لەسەرخۆ چوونە، قوڕ پێوانە، سووتانە، شەیدا بوونە، ھەتا مردن مەحەبت
                         ئێشی زۆر ڕێزی لێدەگرم.
نالی دەڵێ:    گەر تۆزی تۆزی دامەن بە، وەگەرنا تۆزی بەر بادی.

وەک دەبینین لەم دەربڕینە زۆر بەرزانەی سەرەوەدا ( پێک گەیشتنی دژەکان، دەربڕینێکی زۆر جوان و ھارمۆنییەکی وایان لە نێوان وشەکاندا و مەستی بێژەردا دروست کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەوین سووتان و ئێش و ئازارێکی بێکۆتاییە، کە چی مەحوی بەو دەربڕینە، وامان لێ دەکات کە حەز بکەین لە ناو ئەو ئاگرە سوتینەرەدا، بمێنینەوە و ببینە تۆزێک و خۆ بە داوێنی دڵبەرەوە هەڵواسین تا لە بەرباد چوون ڕزگارمان بێت.)....

کامەران قازی 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی