وەهمی كۆتایی هاتنی پەنجا بەپەنجا

18/04/2019

هێمن مەحمود

ماوە ناماوەیەك بەرپرسە باڵاكانی پارتی (تەنانەت خودی مەسعود بارزانیش) باس لەوەدەكەن كە ئیتر سەردەمی پەنجا بەپەنجا كۆتایی هاتووەو لەبەرئەوەی پارتی زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانی بردۆتەوە بەچاوی جاران تەماشای هاوبەش و حوكمدارە شەریكەكەی خۆی( یەكێتی) ناكات و پەنجا بە پەنجای پۆستەكان و داهاتەكان و دەسەڵاتەكان لەگەڵیدا دابەشناكات.

جا هەر زوو زووش هەندێك لەپارتییەكان و بەشێكیش لە ئەندام و لایەنگرانی حزبە ركابەرەكانی یەكێتی بەو لێدوانانە شاگەشكەدەبن و باوەڕ بەوەدەكەن كە ئیتر پارتی حساب بۆ یەكێتی ناكات و بەتەنها حكومەت دروستدەكات.

مرۆڤ ئەگەر كەمێك بەدوور لە عاتیفەی حزبایەتی و بەدوور لەكاریگەرییەكانی میدیاو میدیای سێبەرو لێدوانی بەرپرسە پلە سێ و چوارەكانی پارتی و یەكێتی بیربكاتەوەو تەماشای واقیع بكات بۆی دەردەكەوێت پارتی و لێدوانی بەرپرسە باڵاكانی ئەو حزبە جگە لەهاشوهوشێك زیاتر هیچی ترنیە و تەنها بۆ ئەوەیە ماوەیەك خەڵك چەواشەبكەن بەوەی گوایە پارتی فیلی ساحەكەیەو دروستكردن و دروستنەكردنی حكومەت بەدەستی خۆیەتی، لەكاتێكدا كە دەگاتە خاڵی یەكلاكەرەوە پارتی بەناوی بەرژەوەندی باڵای گەل و ناچاری مامەڵەكردن دێتەوە بۆ لای یەكێتی و بەبێ یەكێتی ناتوانێت حكومەت دروستبكات.

یەكێتی بەحوكمی واقیع و بونی دەسەڵاتی سەربازی و ئەمنی و كۆنترۆڵكردنی سەرچاوەكانی داهاتی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی حكومەتێكی بچوككراوەیە لەهەرێمداو دەسەڵاتداری فیعلی ئەم ناوچەیەیە، هەرچی كاتێكیش بیەوێت دەتوانێت ئەگەر یارییەكەی پێ نەكرێت پێی تێكدەدرێت، هەر بۆیە تێكدانی یارییەكەش لەبەرژەوەندی پارتی و دەسەڵاتی ئەندامانی بنەماڵە نیە، بۆیە پارتی كاتێك كە دەگاتە خاڵی كۆتایی و دەبێت بڕیاری كۆتایهاتنی پەنجا بەپەنجا بدات نایدات و جورئەتی بڕیاردانێكی وەها ناكات و دەگەڕێتەوە بۆ لای شەریكی چەند ساڵەی خۆی.

بۆ ئەوەی لەهاوكێشەكە تێبگەین بەئاسانی، پارتی و یەكێتی بەتایبەت بنەماڵەكانیان بەرژەوەندیی ئابوری و نەوتی گەورەیان پێكەوە هەیە، چەك و پارە و هێزی ئەمنییان بەدەستەوەیە، یان دەبێت شەریكبن یان دەسەڵاتیان لەناوچەكانی یەكتریدا نابێت، دواتریش پارتی چی زیانێك دەكات ئەگەر پەنجا بەپەنجا بەردەوام بێت، خۆ ئەوەی پارتی لە پەنجا بە پەنجا دەستی دەكەوێت لەكاتی نەمانی پەنجا بەپەنجاشدا ئەوەی بەئاسانی دەستناكەوێت، پارتی لە ئێستاو پەنجا بەپەنجادا هەرچی سەرۆكایەتی و دەسەڵاتی نەوتی و دارایی و ئەمنی هەیە بەدەستیەوەیەتی، ئێستا ئەمەی بەپەنجا بەپەنجا شەرعیەتی پێدراوە بە نەمانی پەنجا بەپەنجا ئەو شەرعیەتەی پێنادرێت، هەر بۆیە شەڕی پارتی بۆ مانەوەی پەنجا بەپەنجایە نەك تێكدانی، لەدواجاریشدا یەكێتی لەوە دڵنیایە كە هەرچی داوابكات لەپارتی لەحكومەتدا بۆی جێبەجێی دەكات چونكە دڵنیایە پارتی ناتوانێت بێ ئەو حكومەت دروستبكات و پارتی ناچارە بۆ سەلماندنی دەسەڵاتی خۆی و پۆست دۆزینەوە بۆ قوتبە باڵاكانی بنەماڵە هەموو سازشێك بۆ یەكێتی بكات، وەنەبێت یەكێتیش لەو دروشمانەی كە سەرەتا بەرزیكردەوە وەك ( كەركوك و وەزارەتی داد) بەڕاستی بووبێت و شەڕی لەپێناودا بكات، بەڵكو ئەویش هەروەك چاوسوركردنەوەكەی پارتی بوو ئامانجیش لەبەرزكردنەوەی ئەو دروشمانە تەنها بۆ دەستكەوتنی دەستكەوتێكی زیاتر بوو هیچی تر.

جابۆیە دوای كۆتایهاتی یارییەكەی پارتی و یەكێتی ئەوەی لەو نێوەندەدا دەبێتە قوربانی تەنها حزبەكانی تره كە وادەزانن پارتی و یەكێتی ئەو هەڕەشەو چاوسوركردنەوەیان لەیەكتری بەڕاستیانە، ئاخر پارتی لە دوای 16ئۆكتۆبەرەوە چی چەمكی خیانەت و جاشایەتی بوو لەبەشێك لەبنەماڵەی دەستڕۆیشتی ناو یەكێتیەوە ئاڵاند، دواتریش دەستی خستەوە ناو دەستیان و هەموی لەبیری خۆی بردەوە، بۆچی تەنها بۆ یەك ئامانج..ئەویش جێكردنەوەی تەواوی دەسەڵاتدارانی بنەماڵەی دەستڕۆیشتی حزبەكەبوو لەپرۆسەی حومكڕانیدا.. باقی وەسەلام.

هێمن مەحمود

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی