ئەردۆغان لەناچاری بووەتە "دیكتاتۆر"؟

18/04/2019

هێمن عەبدوڵڵا

رۆژی چوارشەممە "17 نیسانی 2019" بۆ بەسەركردنەوەی هاوڕێیەكم، چوومە شوێنی كاركردنی. رۆژەڤ دیسان سیاسەت بوو، لەناو سیاسەتیشدا بەتایبەتی هاوڕێیەك دەیوویست تێمانبگەینێت كە "ئەردۆغان لەناچاری بۆتە دیكتاتۆر".

ئەرگومێنتی ئەم هاوڕێیەمان ئەوە بوو كە گوایە، لەسەرەتای هاتنە سەر دەسەڵاتی رەجەب تەیب ئەردۆغان بەرنامەی دیموكراتیانەی هەبووە، پەیوەست بە كێشەی كورد و كێشەكانی دیكە.

ئەم هاوڕێیە، پێیوابوو كە بزوتنەوەی كورد، جەماعەتی گولەن و ئەرگەنەكۆن كێشەی جۆراوجۆریان بۆ ئەردۆغان ناوەتەوە. ئەردۆغانیش بۆ ئەوەی خۆی و دەسەڵاتەكەی بپارێزێت ناچاربووە مەودای ئازادیەكان بەرتەسك بكاتەوە، ببێتە دیكتاتۆر.

لەگەڵ ئەمەشدا بەڵام بە ناڕاستەوخۆ، پێیوایە دیكتاتۆربوونی ئەردۆغان كاتیە، تاوەكو دەتوانێ بارودۆخی توركیا راست بكاتەوە و مەترسیەكان بڕەوێنتەوە. 

تەنیا ئەم هاوڕێیەمان نیە، كە بەم شێوەیە بیردەكاتەوە، بەڵكو ئەوانەی بەم شێوەیە بیردەكەنەوە، جا هۆكارەكەی ساددەبوون بێت لە سیاسەت یان هۆكاری دیكەبێت، كەمنین، زۆرن و بەڵام لەیەك دوورن و دەنگیان ناگاتە لای یەكتر، بۆیە سەدای دونیابینیەكەیان ناگاتە لای هەمووان!

دیكتاتۆربوونی ئەردۆغان ناچاری نیە!
- ئەردۆغان لە گەڕەكی (قاسم پاشا) پێگەیشتووە، ئەم گەڕەكەی ئیستانبۆڵ گەڕێكی هەژارنشینە، لەژێر كاریگەری نەریتی موحافەزەكاری و سەركوتكاری دایە.
- هەموو دیكتاتۆرەكانی ناوچەكەمان، لە سەدام بگرە تا حوسنی موبارە، زەین ئەلعابدین بن عەلی، بەشار ئەسەد، عەلی عەبدولڵا ساڵح، موعەمەر قەزافی و هەرە دواییان عومەر بەشیر كە دۆستایەتیەكی بەهێزی لەگەڵ ئەردۆغان هەبووە، سەرەتا لەژێر ناوی یەكسانی، دیموكراتی و ئازادی، هەروەها پاراستنی سەروەری نیشتمانی و هاووڵاتی هاتوونەتە سەر دەسەڵات، لەو كاتەی پێگەی حوكمڕانی خۆیان بەهێز كردووە، بوونەتە دیكتاتۆر.
- یەكێك لە سیفەتی دیكتاتۆرەكان، پاكتاوكردنی جەستەیی و سیاسی هاوڕێكانیانە كە بەیەكەوە ملی رێگای سیاسەت و بوونە دەسەڵاتیان گرتووە. نموونەی سەدام لەبەر چاوانە، كاتێك هاتە سەر دەسەڵات هەنگاو بەهەنگاو هەموو هاوڕێكانی لەژێر ناوی جیاجیا بە جەستەیی و سیاسی سەركوت كرد. ئەردۆغانیش بەهەمان شێوە، هەنگاو بەهەنگاو هەموو هاوڕێ و هاوبیرەكانی بەتایبەتی ئەوانەی بۆنی لیبڕالیزم و دیموكراتی سەرمایەداریان لێدەهات پاكتاو كرد. 
- دیكتاتۆربوونی ئەردۆغان ئەو كاتە وەكو رۆژی نیوەڕۆ ئاشكرا بوو، كاتێك كە رێگای دا دەوروبەرەی نزیكەكەی گەندەڵی بكەن و ئەویش بیانپارێزێت. 

هەموو ئەمانە ئاماژەن كە دیكتاتۆربوونی ئەردۆغان ئارەزوومەندانەیە و تا پێیبكرێت هەوڵ دەدات بە دیكتاتۆریانە دەسەڵات بەڕێوەببات. ئەم دیكتاتۆریەش ترسناك ترین مۆدێلی دیكتاتۆریەكانە، چونكە لەگەڵ فاشیزمی ئەتنیكی ئاوێتە بووە، بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتەكەی تا ئەو كاتەی پێیدەكرێت سوود لە هەست و دونیای فاشیزم دەبینێت.

هێمن عەبدوڵڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی