ئاماژەكانی پشت هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لەتوركیا

20/04/2019

فەرید ئەسەسەرد

ئەنجامەكان سوپرایز نەبوون، بەڵكو پێشبینیكراو بوون. پارتی داد و پەرەپێدان خۆیشی پێشبینیی سەركەوتنی گەورەی نەدەكرد، بەتایبەتی كە راپرسییەكان ئەنجامێكی نزیك لە راستییان دەرخست. هەرچەند ئەنجامی راگەیەنراوی هەڵبژاردنی شارەوانییەكان پاشەكشەی پارتی داد و پەرەپێدانی نیشاندا، بەڵام لە هەمان كاتدا ئەوەشیان نیشاندا كە پارتی داد و پەرەپێدان هێشتا بەهێزە و جەماوەرێكی زۆری هەیە. هەروەك ئەوەش دەركەوت كە ئۆپۆزیسیۆن لە پێشكەوتندایە. لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە كە ئەنجامەكان دابەشبوونێكی كۆمەڵایەتیی زەقیان دەرخستووە، ئەویش ئەوەیە كە لادێ‌ و شارە بچووكەكان و ناوچە كشتوكاڵییەكان پشتگیریی ئەردۆغان دەكەن و شارە گەورە و پێشكەوتووەكان و ناوچە پیشەسازییەكان زۆرتر پشتگیریی ئۆپۆزیسیۆن دەكەن. ئەمەش بەم واتایە دێت كە ململانێكە تەنها سیاسی نییە، بەڵكو كۆمەڵایەتیشە.

ئەردۆغان دەترسێ‌ حزبەكەی پاشەكشەی زۆرتر بە خۆیەوە ببینێ‌. بەڵام ئەم ترسە، بە كردەوە هیچ مانایەكی نییە، چونكە تا ساڵی 2023 توركیا هیچ هەڵبژاردنێكی لە بەردەمدا نییە و لەم سۆنگەیەوە حزبەكەی ئەردۆغان تا ساڵی 2023 ترسی لە دەستدانی دەسەڵاتی سیاسیی نییە. ماوەی ئەو چوار ساڵە بۆ هەردوولا، ئەردۆغان و ئۆپۆزیسیۆن، دەرفەتە بۆ تەنگهەڵچنین بە یەكتری. ئۆپۆزیسیۆن ناچارە چوار ساڵی تر چاوەڕێ‌ بكا تا ئەو دەرفەتەی بۆ دەلوێ‌ كە گورزێكی كاریگەرتر لە حزبەكەی ئەردۆغان بدات. ئەردۆغانیش چوار ساڵی لەبەردەمدایە بۆ خۆسازدان بۆ هەڵبژاردنی ئایندە و تەمێكردنی ئۆپۆزیسیۆن. ئەردۆغان لە یەكەم وتاری پاش هەڵبژارندا، دانی بە كەموكوڕییەكانی حزبەكەیدا نا. ئەمەش خۆی لە خۆیدا هەنگاوی یەكەمە بەرەو چاككردنی حزبەكەی.

بەڵام مەسەلەكە هەر مەسەلەی چاككردنی حزب نییە. حزب لەبەر خراپیی خۆی پاشەكشەی نەكردووە، بەڵكو لەبەر خراپیی سیاسەتی پەیڕەوكراو لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە. بە دڵنیاییەوە ئەگەر پێداچوونەوە بەم سیاسەتە نەكرێ‌، دەبێ‌ ئەردۆغان چاوەڕوانی ئەنجامی باشتر نەكات. فایلی دووەم كە دەبێ‌ لەبەرچاو بگیرێت، فایلی ئابوورییە. لە هەموو هەڵبژاردنەكانی پێشوودا، پارتی داد و پەرەپێدان شانازیی بە دەستكەوت و سەركەوتنە ئابوورییەكانی خۆی دەكرد. بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەم دواییەدا، لەبەر دابەزینی نرخی لیرە و بەرزبونەوەی ئاستی بێكاری و گرانی، نەیتوانی فایلی ئابووری بە قازانجی خۆی بەكار بێنێ‌. بە پێچەوانەوە، ئۆپۆزیسیۆن فایلی ئابووریی قۆستەوە و لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بە قازانجی خۆی بەكاری هێنا. ئەگەر لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا، ئەردۆغان بتوانێ‌ سەركەوتوو بێ‌ لە چارەسەركردنی كێشە ئابوورییەكانی وڵات، بە دڵنییاییەوە پێگەی حزبەكەی بەهێز دەكاتەوە و شكۆی بۆ دەگێڕێتەوە. بەڵام ئەم كارە ئاسان نییە و كاری بەردەوامی دەوێ‌. هەڵبژاردنی ئەم دواییەی شارەوانییەكان یەكەم تاقیكردنەوەیە بۆ سەلماندنی تۆكمەیی سیستمی سەرۆكایەتی. ئەنجامی هەڵبژاردنەكە دەریخستووە كە رەوشی ئابووری كاری بەسەر سیستمی سیاسییەوە نییە و ئەوەی كە دەوترا گوایە توركیا لە سایەی سیستمی سەرۆكایەتیدا هەموو كێشەكانی لە كۆڵ دەبێتەوە، راست دەرنەچوو. بەكردەوە دەركەوت كە سیستمی سەرۆكایەتی وەرچەرخانێكی ئابووریی لە توركیا دروست نەكردووە و توركیای لە خراپەوە بۆ باش نەگواستۆتەوە. بە پێچەوانەوە، دەركەوتووە كە سیستمی پەرلەمانی، بە هەموو كەموكوڕییەكانییەوە، گونجاوتر بوو بۆ توركیا.

ئەو مەسیجەش كە هەڵبژاردنی ئەم دواییەی شارەوانییەكان بە دەستەبژێری سیاسیی گەیاندووە، ئەوەیە كە كورد هێشتا ئەكتەرێكی كارایە لە یاریی سیاسیدا و تەنگ پێهەڵچنینەكان ئامانجەكانیان نەپێكاوە. روونتر، دەركەوت كورد دەتوانێ‌ مەیدانی شەڕی هەڵبژاردن بگوێزێتەوە بۆ ئەنكەرە و ئیستانبوڵ و دەنگەكانی بەقازانجی ئامانجە سیاسیەكانی بەكار بێنێ‌ و دەشتوانێ‌، وەك لە ئیستانبوڵ دەركەوت، تای تەرازووی فڵان حزب قورستر بكات و تای تەرازووی فیسار حزب سووكتر بكات. لە راستیشدا ئەو ئەنجامەی كە ئۆپۆزیسیۆن لە ئیستانبوڵ بەدەستی هێنا، بەبێ‌ دەنگی كورد بەدی نەدەهات. ئەم پەندانە لای سەركردەكانی پارتی داد و پەرەپێدان نامۆ نین و زۆر بە باشی تێی دەگەن.

پاش هەڵبژاردنی شارەوانییەكان، پارتی داد و پەرەپێدان لە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی دژوار دایە كە بە دڵنیاییەوە هەوڵ دەدا بە سەركەوتوویی لێی دەرچێ‌. بەڵام ئەمە پێویستی بە پێداچوونەوە و چاككردنەوەی هەڵەكان و دانانی سیاسەتی كاراترە. وردتر، پێویستی بە سیاسەتێكی ژیرانەترە، لە ناوەوە و دەرەوە.

فەرید ئەسەسەرد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە