گۆڕان نەبووە گیسكی گوناهـ

22/04/2019

رێبوار کەریم وەلی

(1)
دوای رێككەوتنی دوو هەفتە پێش ئێستای پارتی و یەكێتی (تا راددەیەكیش رێككەوتنی ناو باڵەكانی یەكێتی)، ئیتر تۆپەكە كەوتەوە گۆڕەپانی پارتی و یەكێتی لەو ماوەیەدا بێدەنگیی هەڵبژاردووە و بە قەولی خۆیان چاوەڕێی ئەوەن پارتی چۆن لەگەڵ گۆڕان رێكدەكەوێ، تا دوای ئەوە رێككەوتنی تەواوكاریی چواری ئادار لەگەڵ پارتی ئیمزا بكەن. 

هەفتەی رابردوو لەڕووی جموجوڵی سیاسییەوە هەفتەیەكی بێدەنگ بوو، پارتی هەوڵی دەدا قەناعەت بە گۆڕان بهێنێ و گۆڕانیش داوای مۆڵەتێكی یەك هەفتەیی لە پارتی كرد بۆ تاوتوێكردنی ئەو داوایەی كە پارتی لە گۆڕانی هەیە، ئەویش بریتی بوو لە زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان. 

پارتیش هەر لەسەر ئەو بنەمایە و چاوەڕوانیی وەڵامی گۆڕان، داوای هەفتەیەك مۆڵەتی لە یەكێتی كرد تا دوا ئیمزا بخەنە سەر رێككەوتنەكەیان.

لە دانوستاندنەكانی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی حكومەتدا، تەنیا لایەنێك، كە لەڕووی سیاسییەوە بێ هەڵە بووبێت گۆڕان بووە. 

گۆڕان لەو چوارچێوەیەی كە هەیبووە، داواكارییەكانی خۆی خستووەتە سەر مێز و لە 18ی شوباتدا، لەگەڵ پارتی رێككەوتنی ئیمزا كردووە. 

سەرباری ئەوەش گۆڕان باش لەوە تێگەیشتووە، كە بێ یەكێتی پڕۆسەكە پەكی دەكەوێ و ناكرێ پارتی لەسەر پۆستێك بخاتە هەڵوێستێكی موحریجەوە، بۆیە بەپێی زانیارییەكان گۆڕان و پارتی لەوبارەیەوە رێككەوتوون و لە چەند رۆژی داهاتوودا تەكانێك بە پڕۆسەكە دەدرێتەوە و یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بە رێككەوتنی گۆڕان، پارتی و یەكێتی لە پەرلەمان دەخرێتە دەنگدانەوە، دوای ئەوەش ئیتر دەرگای خۆپاڵاوتن و هەڵبژاردنی سەرۆكی داهاتووی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكات.

یەكێتی ئەگەرچی لەماوەی رابردوودا بەرواڵەت دژی رێككەوتنی گۆڕان و پارتی نەبووە، بەڵام لە هەموو روویەكەوە ئەوەی نەشاردووەتەوە كە رێككەوتنی پارتی و گۆڕان لەسەر حیسابی ئەوان و بۆ كەمكردنەوە لە هێز و قورسایی یەكێتی بووە لە حوكمڕانیدا. بۆیە لە جیاتی ئەوەی بە ئاشكرا هێرش بكاتە سەر رێككەوتنەكە، لە دانوستاندنەكانی لەگەڵ پارتیدا بێ ئەوەی داوای ئەو پۆستانە بكات كە پارتی بە گۆڕانی داون، گوشاری لەسەر پارتی درووست كرد كە هاوتاكانی ئەو پۆستانەی دەستبكەوێت و رێگە نەدات گۆڕان و پارتی لە هیچ پێگەیەكدا بتوانن بەتەنها هەنگاو بنێن. بەڵكو گۆڕان بكشێتەوە!

ئەمجارەش گۆڕان بە رێككەوتن لەگەڵ پارتی دوایین ئاستەنگی بەردەم پڕۆسەكە لادەبات.

دەسەڵاتەكانی سەرۆك
(2)
لەو رۆژەوەی كە مەسەلەی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان (لەڕووی قانوونی و فیعلییەوە) كەوتووەتە بەرباس و ئێستا لە دوایین قۆناغدایە، كەمتەرین نیقاش لەسەر دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی داهاتوو دەكرێت. 

لە كاتێكدا، كێشەی شێوەی هەڵبژاردنی سەرۆك (لە ناو خەڵك یان پەرلەمان؟) لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا گەورەترین قەیرانی سیاسی لە كوردستان خوڵقاند و كوردستانی تا سەر لێواری شەڕی ناوخۆ برد و، یەكێك لە گەورەترین رێككەوتنە سیاسی و ستراتیژییەكانی هەڵوەشاندەوە.

لەو پرۆژە قانوونەی كە دوو جار خوێندنەوەی بۆ كراوە و ئیتر چاوەڕێی ئەوەیە دەنگی لەسەر بدرێت، شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك لەناو پەرلەمانە. بێ ئاماژە بەوەی چەند خول دەتوانێ سەرۆك بێت و ئەو باسە هەڵگیراوە بۆ نووسینەوەی دەستوور لەم خولەی پەرلەماندا. خۆ ئەگەر دەستوور لەم خولەشدا نەنووسرایەوە، ئەوا یان لەسەر ئەو قانوونەی ئێستا بەردەوام دەبن، یان ئەوەتا جارێكی دیكە هەمواری دەكەنەوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە، بزووتنەوەی گۆڕان لەو مەسەلەیەدا دوو ئامانجی پێكا كە یەكەمیان گۆڕینی سیستەمەكە بوو، دووەمیان توانی جێگەی خۆی وەكو جێگر لەو دامەزراوەیەدا مسۆگەر بكات. یەكێتیش كە دیتی بە هەر شێوەیەك بێت گۆڕان و پارتی توانای تێپەڕاندنی قانوونەكەیان هەیە (بە مەبەست) نەپەرژایە سەر دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و پتر بە دوای پشكی خۆیەوە بوو لەو دامەزراوەیە.

بۆچوونێك هەیە، كە پارتی بە ئەنقەست، مەسەلەی جێگرەكانی كردبێتە كێشە، تا گۆڕان و یەكێتی نەپەرژێنە سەر دەسەڵاتەكانی سەرۆك. بەڵام راستییەكەی نە گۆڕان و نە یەكێتی لەم قۆناغە تازەیەدا و بە تایبەتیش لەسەردەمی سەرۆكایەتییەكی نوێ بۆ حكومەت (كە پێشتر ئەزموونیان لەگەڵی نەبووە) نایانەوێ دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كەمبكرێتەوە و ببێتە سەرۆكێكی تەشریفاتی، بە تایبەتیش كە لایان مسۆگەرە نێچیرڤان بارزانی دەبێتە سەرۆك.

باڵە دەستڕۆیشتووەكەی كۆمەڵ!
(3)
ئەخیرەن كۆمەڵی ئیسلامیش تەققەی تێكەوت. كۆمەڵ كە خۆی بەرهەمی زنجیرەیەك لێكترازانی سیاسی و عەقیدەییە، سەرباری ئەوەی كە توانیویەتی لەم هەڵبژاردنانەی رابردوودا، لانیكەم پێگەی جەماوەریی خۆی بپارێزێ، بەڵام بەرەو هەڵوەرینێكی سیاسی دەڕوات. هاوپەیمانیی نیشتمانی بە سەرۆكایەتیی ئارام قادر، زۆر بە هێمنی و بە خشكەیی ئیش لەسەر پێگەی حزبە ئیسلامییەكانی كوردستان دەكات. تەرحكردنی باڵی دەستڕۆیشتوو لەناو كۆمەڵی ئیسلامی كە حزبێكە بە ئایدۆلۆژیای ئیسلامی و مەرتەبەی شەرعی بەڕێوە دەچێت، بیانوویەكی موقنیع نییە. تۆ كە لە حزبەكەتدا باوەڕت بەوە هەبێ یەكێك لە خۆت بكەی بە ئەمیری ئەو موئمینانەی لێی كۆبوونەتەوە و بەیعەتت پێ دابێت، توانای لێپێچینەوە لە دەسەڵاتەكانیت نییە. پلەبەندیی حزبی و عەقیدەییت رێگەت پێ نادات هیچ یەك لە ئیجتیهادات و بۆچوونەكانی ببەیە ژێر پرسیارەوە! تەنانەت ئەمیر تا ئەو رۆژەی لە ژیاندا بێت هەر ئەمیرە و بۆشی هەیە بە حوكمی پێگەكەی جێگرەوە بۆ خۆی دابنێت و، شوێنكەوتووەكانیشی دەبێ بەپێی سوننەت بەیعەتی پێ بدەن. كەواتا دوای نەمانی داعش و شكستی ئیخوان، فۆڕمێكی دیكە لە موحافەزەكاریی موسڵمان (نەك ئیسلامی) لە كوردستان بەڕێوەیە.

لەلایەن رێبوار كەریم

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی