عەسری چەتە نوێیەکان

22/04/2019

عەزیز رەئوف

یەکەم: چەتە نوێیەکان تەنها دەسەڵات و پیاوانی دەسەڵات و منداڵی بەرپرسەکان نین، بەڵکو ئەوانەشن بەهەمان عەقڵیەتی دەسەڵاتەوە دەیانەوێت دەسکاری دنیای ئێمە بکەن. ئەوانەشن کە بە هەمان عەقڵ و دنیابینی دەسەڵاتەوە بە مادە و پارە و شاشە و کۆکردنەوەی حەشاماتەوە دەیانەوێت جێیەک بۆ خۆیان و تەماحەکانیان بکەنەوە.
دووەم: چەتە نوێیەکان ئەو تاجر و بازرگانە گەورانەن کە لەسایەی دەسەڵاتی مافیایی دنیای ئێمە هەڵتۆقیون و دەزانن تونێڵی دەسەڵات زیاتر فوو بە سامان و ناوبانگیاندا دەکات. دەزانن بۆشاییەکی گەورە لە ساحەکەدایە و خراپی ئەدای بەڕێوەبردن و حوکمڕانی دەکەن بە بەهانەیەک کە زۆر منداڵانە و زۆر هەرزەکارانە دەیانەوێت ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە.
سێیەم: چەتە نوێیەکان ئەوانەن کە وەهمی دەنگەدەنگی ڕۆژانە و پێویستی ڕۆژانەی خەڵک دەکەنە بەهانە بۆ ئەوەی شتە گەورەکانمان بیر بچێتەوە. ئەوانەن کە نە خۆیان بیر دەکەنەوە کە چی دەکەن و دەیانەوێت چی بکەن لە ڕێی شاشەوە ماڵەکان پڕ دەکەن لە ژەهری دەنگەدەنگێکی بێ سود و بێ فەڕ کە لە دە ساڵی ڕابردوودا دنیای ئێمە پڕە لەم دەنگەدەنگە بێسودە. 
چوارەم: چەتە نوێیەکان ئەوانەن کە میدیا و دەنگەدەنگ دەخەنە شوێن بیرکردنەوەی عەقڵانی و پەروەردەی سیاسی نوێ، دەنگەدەنگ و فۆکەسی کامێرا لەسەر شوێنکەوتەکانی خۆیان تا بە خەڵک بڵێن لەناو خەڵکدان. ناتوانن ڕووداو دروست بکەن بۆیە خۆیان لە ڕووداو هەڵدەقورتێنن، بە خۆیان و مۆبایل و شاشەی تەلەفزیۆن و ئەندامەکانیانەوە دەچنە پێشەوە و شەوانیش لە شاشە و لە فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە تەماشای باڵای خۆیان دەکەن.
پێنجەم: چەتە نوێیەکان ئەوانەن کە پارەی خەڵک دەخۆن و دەیانەوێت وا لە خەڵک بگەیەنن کە بۆ خەڵک دەکۆشن و بۆ خەڵک دەژین. چەتە نوێیەکان خۆیان لە خەڵک وەردەدەن تا ناشرینی خۆیان لەناو خەڵکدا بشارنەوە.
شەشەم: چەتە نوێیەکان ئەوانەن کە لە شاشەکانەوە فوو دەکەنە خۆیان و هانی هەوادارەکانیان دەدەن کە بە "سەرۆک" بانگی بکەن. کۆی هێزەکەیان لە خۆیان و وتار و قسەو چاوپێکەوتنەکانیاندا بچوک دەکەنەوە و هەرکەسێکیش کەمێک تێبینی لەسەر ئەم جۆرە لە نەرجسیەتە هەبێت ئەوا بە پیاوی دەسەڵات تاوانباری دەکەن. چەتە نوێیەکان خەریکی دروستکردنی بتی "سەرۆک" ن بێئاگا لەوەی مێژووی نزیکەی سی ساڵی حوکمڕانی ئێمە ئەم جۆرە لە سیاسەتی فوتێکردن و گەورەکردنە بووە کە دواجار جەهەننەمی بۆ خەڵک و بەهەشتی بۆ سەرۆکەکان و منداڵەکانیان دروست کردووە.
حەوتەم: چەتە نوێیەکان ئەوانەن کە لە میدیا و هەڵبژاردن زیاتر هیچ کەرەستەیەکی تر شک نابەن بۆ دەسکاریکردنی دنیا.
هەشتەم: چەتە نوێیەکان ئەوانەن پارەیەکی زەبەلاح سەرف دەکەن بۆ پەیجی ساختە و نوسەران و ڕۆژنامەنوسان بە پیاوی دەزگا ئەمنیەکانی یەکێتی و پارتی وەسف دەکەن و خۆشیان بەناوی دەستگیرکردنەوە چەند شەوێک میوانی پاک و پوختی دەسەڵاتن.
نۆیەم: چەتە نوێیەکان ئەوانەن مۆبایل و ئەنتەرنێتیان لێ بسێنیتەوە ماڵی خۆیان نادۆزنەوە. سێڵفی بیبَتام و نمایشی بێلەزەستی ئەم چەتە نوێیانە ئەوەندەی تر سیاسەت لەم هەرێمە ناشرین و نابوتتر دەکات .
دەیەم: چەتە نوێیەکان نەوەی دووەمی پیاوانی شاخن چ لای دوو هێزی دەسەڵات و چ لای هێزی بەناو ئۆپۆزسیۆن، ئەوانەن کۆمپانیا و میدیا و شوێنی باوانیان بۆخۆیان داگیرکردووە و بەناوی خزمەتکردنی خەڵکەوە کۆی جومگەکانی حزب و بزوتنەوەکانیان لەسەر خۆیان تاپۆ دەکەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی