نەوەی نوێ لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی چارەنوسسازدا

23/04/2019

بەرزانی حەمەخورشید

یەكێك لەو پەتا كوشندانەی كە  ئەزمونی حیزبایەتی و حكومڕانی كوردستانی پەكخستوە و وەك شێرپەنجەیەكی ترسناك بەكۆی ئۆرگان و دامەزراوەكانیدا بڵاوبۆتەوە پەتای بە بنەماڵەكردن و تەوریسی سیاسی هەردوو دامەزراوەی حیزب و حكومەتە،

لە بیستوحەوت ساڵی تەمەنی ئەزمونەكەدا ئەم پەتایە  شانبەشانی قۆرخكردنی سەرجەم سەكتەرەكانی ئابوری  كۆمەڵگا لە لایەن بنەماڵە سیاسیەكان و حاشیەیەكی سودمەند لەو نوخبە قۆرخكارە، لەوێوە وەزیفەی سیاسەت لە دابینكردنی حوكمڕانیەكی تەندروست و لە پێناوی چاكەی گشتیەوە گۆڕراوە بۆ وەزیفەی ئیدارەی پرۆژەی ئابوری و  تێركردنی تەماعە نوخبەویەكانیان و بەمەش  ئەزمونەكەیان ڕوبەڕوی قەیرانێكی كوشندە كردۆتەوە كە چەند هەژمونی ئەو نوخبەیە درێژە بكێشێت هێندەی تر فرسەتی چارەسەر و دەرچون لە قەیران پاشەكشە دەكات.

لە بەرامبەر ئەم مۆدێلەی حوكمڕانیدا بزوتنەوەی گۆڕان وەك یەكەم پرۆژەی  ئۆپۆزسیۆن بە پشتیوانیەكی بەرفراوانی دەنگی ناڕازی خەڵكەوە بە نیازبوو لەڕێی خەباتی پەرلەمانی و جوڵەپێكردنی شەقامەوە دەستكاری بونیاتی حكومڕانی و چوارچێوەی گەمە سیاسیەكە بكات و  ڕۆنانی بنەماكانی  مۆدێلێكی تری حكومڕانی تەندروست لە ژێر قوببەی پەرلەمانەوە دەستبداتێ، وەك مەترسیەكی جیددی هێزەكانی دەسەڵات بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەڵكشانی پشتیوانی زیاتری خەڵك و برەوگرتنی پرۆژەی ئۆپۆزسیۆن لە ڕێكەوتنێكی ڕانەگەیەندراودا هەموو شێوازێكی بەرەنگاربونەوە و نابوتكردنی ئۆپۆزسیۆنیان گرتەبەر و لەوێدا سەركەوتوو بون كە(گۆڕان)یان پاش چوار ساڵ ڕاكێشایە ناو كابینەی حكومەت و هێدی هێدی وەك  شەریكی ناشیرینیەكانی ئەزمونەكە دەردەكەوت(بێگومان كۆمەڵێك هۆكاری خودیی تایبەت بە ناوخۆی گۆڕان و هۆكاری مەوزوعی تایبەت بە دۆخی حكومڕانیی كە لەم نوسینەدا جێی ووردەكاریەكانی نابێتەوە ڕۆڵی گرنگی لەوەدا بینی)و لە پاش كۆچی دوایی ڕابەری بزوتنەوەكەش ئیدی گۆڕان بەو دۆخی پاشەكشە و خاڵیبونەوەیە لە بنەما و پرانسیپە بنەڕەتیەكانی فەلسەفە سیاسیەكەی گەیشت كە ئێستا هەڵسوڕاون و لایەنگرانی بزوتنەوەكە لە هەموو كەس زیاتر هەستی پێدەكەن و نیگەرانی دۆخی پاشەكشەی ئێستای ئەزمونەكەیانن.

ئەزمونی دووەمی ئۆپۆزسیۆن وەك(هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری)خۆی بەیانكرد و لە هەگبە سیاسیەكەیدا چەمكی چەسپاندنی دیموكراسیەت و وەدیهێنانی دادی كۆمەڵایەتی و فرسەتی بەشداربونی ڕاستەقینە و حوكمێكی ڕەشیدی جێگا كردبۆوە و ئەویش هەرزوو كەوتە بەر پەلاماری هێزەكانی دەسەڵات و لە یەكەم چونە سەر سندوقەكانی هەڵبژاردندا گورزێكی كوشندەی وەبەركەوت و دەرەنجام ئاڕاستەی هەڵسوڕان و چارەنوسی پرۆژە سیاسیەكەشی بە ئاقارێكی تری سیاسەتكردندا برد.

لەو بەسەركردنەوە مێژوییەوە  تێدەگەین كە پرۆژەی (بەرەنگاربونەوە و نابوتكردنی  ئۆپۆزسیۆن)لە لایەن هێزە باڵادەستەكانەوە  دژە پرۆژەیەك بوە لە دەرەوە و ڕوو لە ناوەوە بۆ لێدانی پرۆژەی ئۆپۆزسیۆن ئاڕاستە كراوە، بەڵام ئەوەی لە نێو پرۆژەی سێیەمی ئۆپۆزسیۆن واتە(نەوەی نوێ)دەگوزەرێ دژە پرۆژەیەكە كە هەڵگری ڤایرۆسی پەكخستن و نابوتبونەكەی بونیاتی سەركردایەتی و دروست كەسی یەكەمی سەرپەرشتیاری پرۆژەكە خۆیەتی، ئەو دەنگە ناڕازیەی نێو ئەنجومەنی باڵا و فراكسیۆنی(نەوەی نوێ) لە هەمبەر پرۆژەیەكی ناوەكیدایە بۆ بە بنەماڵەكردنی سەركردایەتی جوڵانەوەكە و تەوزیفكردنی پێگە سیاسیە پەرلەمانیەكەی لە بەغداد لە پێناوی بەرژەوەندی و تەماعە ئابوریەكانی بنەماڵەدا، دیارە گەنجەكانی نێو ئەو دوو ئۆرگانەی نەوەی نوێ پەندێكی باشیان لە چارەنوسی ئەزمونی بزوتنەوەی گۆڕان وەرگرتوە هەر بۆیە ماوەی دوو مانگێك دەبێت ڕاستگۆیانە وەك ئەمەك بۆ بنكەی جەماوەری و دەنگدەرانیان دژە جوڵانەوەیەكیان دەستداوەتێ كە وا دەردەكەوێ(شاسوار عەبدولواحید)نەتوانێ لەبەردەم دژە پرۆژەی تەماعە(سیاسی-ئابوری)یەكانیدا خۆی بگرێ.

لە ڕاستیدا لە مێژووی سیاسی دوای ڕاپەڕینەوە ئەوە یەكەمجارە سەركردایەتی و فراكسیۆنی هێزێكی سیاسی تەحەددایەكی بێوێنە دەكات و ڕاستگۆیانە لە پێناوی پەیام و پرانسیپ و  بەرنامە سیاسیەكەیدا دێتە دەنگ و لە كردەیەكی ئیستیباقیدا گەمارۆی هەوڵێكی مەدروسی ناوخۆیی بۆ بەلاڕێدابردن و نابوتكردنی پرۆژەكەی دەدات.

ماوەتەوە بڵێین ئەوەی ڕوو دەدات لە هەناوی جوڵانەوەكەدا هەڵگری یەقینێك و حەقیقەتێكی سیاسی بێ خەوشە، بەوەی گەر لە ڕابردوودا گومان و دڵەڕاوكێیەك لێرە و لەوێ لای خەڵك لەمەڕ كەسی یەكەمی جوڵانەوەكە لە چەكەرەكردندا بوو ئیدی لێرەوە هەم بنكەی جەماوەری جوڵانەوەكە و هەم شەقامی سیاسیش بەرەوڕووی یەقینێك دەبنەوە كە"لە ئاسۆی سیاسی ئێمەدا هیچ ئومێدێك لەسەر هێزە دەسەڵاتدار و بەناو ئۆپۆزسیۆنەكانی موڵكی بنەماڵە سیاسیە تەقلیدیەكان هەڵناچنرێ" و كۆمەڵگای ئێمەش بەرەوڕوی ڕاستیەك دەكاتەوە كە "گەر نیەت و ئیرادەی ڕاستگۆیانە بۆ چاكسازی و كۆتاییهێنان بەمۆدێل و پەتای كوشندەی حیزبی بنەماڵە لە ئارادا بێت دەبێت لە پێشدا لەنێو ماڵی خڕداخراوی ئەو هێزانە خۆیانەوە دەستبدرێتێ"و گەر ئەو پرۆسەیەش بۆ  چارەسەری هێزە تەقلیدیەكان لە محاڵەوە نزیك بێت ئەوا(ئەنجومەنی باڵا و فراكسیۆنی نەوەی نوێ) سەلماندیان كە لە ئامادەگی ڕاستگۆیی لەگەڵ پەیام و حزوری ئیرادەیەكی بوێرانەدا لێرە بەدواوە كارێكی كردەیە.

بەرزان حەمەخورشید

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی