نەوەی نوێ لە نێوان بزنس و گڵۆپەکەدا

23/04/2019

دانا رەشید

یەکێک لەو کەسایەتیە دیارو تا رادەیەکی زۆر ئەگەر گونجاو بێ بۆ وتن ( قسە لە ڕووانەی) کە بەم دوایە دەرکەوت  رابون مەعروفە ، رابون  پێش دروست بوونی بزوتنەوەی گۆرران  دەنگیمان دەبیست وەلی  گۆرران سەرەتا وەک بزوتنەوەیەکی جەماوەری  لەسەر  بنچینەی رای ئازاد و ئازادی رادەربڕین و  رەخنە گرتن ،  یەکێک لەو رەخنە گرە ئیجابیانەی دەرکەوت رابوون مەعروف بوو ، 
هەتا ئەو کاتەی گۆرران لەگەڵ رەوتی ئێش و ئازارەکانی جەماوەردا  بەرامبەر حکومەت و پەرلەمانی  گەندەڵ و حیزبی کۆمپانیاو دەسەڵاتی بنەماڵە دەجەنگاو لە ململانێێ توندا بوو ، قسەو  کارو ئاکاری هەم رابون و هەم ئەوانەی  ئەوکات  لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن بوون  بەرز دەنرخێندرا ، چونکە  لەسەر  دروشمە بنچینەییەکانی بزوتنەوەی گۆرران کار دەکرا ، بێ گومان گەورەترین دروشم ( گۆڕینی سیستەمی حکومرانی ، نەهێشتنی مەحسوبیەت و مەنسوبیەت ، دوور خستنەوەی دەستی بنەماڵە لە حکومەت و  سیستەمی حوکمدا ، دەستورێکی نیشتمانی بۆ هەرێمی کوردستان ، ئازادی و دیمۆکراسی و ماف فەراهەم بکرێت ، سەرانی حیزب راستەوخۆ  دەست وەرنەدەنە کاروباری حکومەت ، ئازادی رۆژنامە نوسی ، سەروەری دادوەری ، ....... هتد) وەلی کاتێک ئەم بزوتنەوەیە لە رەوتی خۆی لایداو  کەوتە سەر سەودای جۆرێک لە  بنەماڵە کردن و  قۆرخ کردن و  بە گژا چونەوەی رەخنەو  واتە  بوو بە ستایلێکی تری هەمان  کوالیتی حیزب لە باشوری کوردستان ، ئەوکات رابون مەعروف کە هاتە دەنگ  وەک چۆن  هەمان رابون ئێستە لە نەوەی نوێ هاتۆتە دەنگ ، جا لێرەدا دەکرێ  بپرسین گەلۆ  ئەم دەنگە  تا چەند دەنگێکی رەواو  رابون و  پڕ  رەخنەی جدی بوە و هەیە ؟ 
بەندە بەش بە حاڵی خۆم  ئەوکاتەی لە ناو گۆرراندا بوو  بەرگریم لێ دەکرد ، چونکە ئەوەی ئەو دەیوت راستیەکی حاشا هەڵنەگر بوو ، ئاخر  دیار ترین دروشمی بزوتنەوەی گۆرران بریتی بوو لە شەفافیەت کە  قسەت لەگەڵ هەر گۆرانخوازێک بکردایە یەکەم وشە نا دوەم وشە دەیوت شەفافیەت ، کاتێ  خودی شەفافیەت دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە ، ئەگەر دەنگ هەڵنەبڕیت و نەیەیتە دەنگ ئەوا بێ شک  خودی خۆت دەکەویتە ژێر پرسیارەوە گەلۆ  کەوتویتەتە گیرفانی کام لایەن و کام  کۆمپانیاو بەرژەوەندیەوە ، ئیدی  سیاسەت و کاری رێکخراوەی دەبێتە   قسەو ئاخاوتنێکی تەواو فریودەر و  هەڵخەڵەتێنەرانە ،  رابون لێرەوە دەنگ هەڵدەبرێت واتە سەرەتای  دەرکەوتنی کیشەکە ، سەرەتای  بە بنەماڵە کردن و بە کۆمپانیا کردن و سەرەتای تاریکاندن و سەرەتای  بە لارێ بردنی ماف و دەنگی خەڵک ، رابون دەیوت ئەو میلەتەی دەنگی خستە پاڵ دەنگی بزوتنەوەی گۆرران بێ گومان بۆ ئەم  کارو کردەوانەی ئەمڕۆ  دەنگیان نەداوە ، هەر بە هەمان ریتم و  لۆجیک ئێستە دەلێ ، ئەوەی دەنگی داوە بە نەوەی نوێ و پەرلەمانتاران بێ گومان بۆ ئەم بە کۆمپانیاو بنەماڵە کردنە دەنگی نەداوە ، کەواتە بەم لۆجیکە  دەنگ هەڵبرینی هەم رابون مەعروف و هەم هاورێکانی  بەدەر لەوەی  چ نەوەی نوێ و چ  (بزنس مان) شاسوار عبدالواحد   دەخەنە ژێر پرسیارەوە ، کۆی گشتی  جوڵانەوەکەو تەواوی دەنگ دەرانیشی  رادەچڵەکێنێت کە ئیدی هۆشیارتر بن لەوەی کە هەن ، برواو سیقە دەبەخشێتە  هەوادارو دەنگ دەرانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ کە ئیوە دەنگتان داوە بە  بەرنامەو پرنسیبەکانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ  لە ژێر دروشمی روناکی گڵۆپێک ، نەک بزنس مان و  خاوەن کۆمپانیایەک ، لێرەوە  تێک چون و پەرت بوونی فکرو ئایدیا دێتە گٶرێ کە  دوو کەرت بوون و چەند کەرت بوون دروست دەبێ و  جارێکی تر حیزبێکی تری  بنەماڵەیی و  کۆمپانیاو باندێکی تری  حیزبی  دەچیتە سەر ئەوانی تر ،
بۆیە دەبێ جوڵانەوەی نەوەی نوێ  بە راشکاوی  پشت گیری رابون و هاورێکانی بکەن  و  بۆ بەرگری لە خۆیان و لە دەنگدەرانیان  چ شاسوار عبدالواحید  وەک سەرۆکی جوڵانەوەکە  یەک لا بکەنەوە و لە نێوان کۆمپانیاو بزنس و  حیزب و حکومەتدا  سنوربەند بکەن کە یا سەرۆکی نەوەی نوێ بێ یا بزنس مان و  خاوەن کۆمپانیا بێ ، لە لایەکی تر نەوەی نوێ بە رێگەی دروشمەکانیدا بەرن نەک بە لارێێ خواستە بنەماڵەیەکان و پیلان و پلانەکانی خوشکو برا بەرن .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی