جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌و بونیادی میراسێكی سیاسی نوێ

24/04/2019

كەمال محەمەد

سەرەتا بە وتەیەكی گرنگی (میشێل فۆگۆ )دەست پێ ئەكەم ، كە بەرگریكردن لە كۆمەڵگا بە بناغەی ئازادی دادەنێت و ئاماژەی بەوەداوە كە لەدەستدانی كۆمەڵگا لە لایەن پاوانەكان و تاكرەوێتی زێدەرۆییانە تەنها وەك لەدەستدانی ئازادی و رادەربڕین هەڵناسەنگێنرێت ،بەڵكو وەك لەدەستدانی مرۆڤیش هەڵدەسەنگێنرێت ! 

جوڵانەوەی نەوەی نوێ وەك هێزێكی ریفۆرمیست نزیكی ساڵێك لەمەوبەر توانی وەك جەمسەرێكی دیكەی دژ بە سیستەمی سیاسی و حكومرانی تا رادەیەكی باش جێگای خۆی بگرێت وەك هەر هێزێكی دیكە  كە لە سەرەتادا دادەمەزرێت بارگاوی كرابوو  بە كۆمەڵێك بەڵێن و چاكسازی  و ئومێدی دڵخۆش بون ئۆقرە گرتن بە خەیاڵەكانی داهاتویان و كردنیان بە كردار ،هەرچی دەرهەقیش بو  لەمیانەی رەخنەكانیانەوە دژی بە بنەماڵەیی كردنی دەسەڵات و سیاسەت درێخیەكیان نەكرد ،دواتر بە ئامانجی جێبەجێكردنی پیلان و بەرنامەكەیان كە دەبن بە ئەندازیاری گۆڕانكارییەكانی سیاسەت و حكومڕانی و كۆمەڵگا و لە رێگای نەخشە رێگایەكەوە ئەو جۆرە سیستەمە ئەخوڵقێنن كە هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە بە حەسترەتیەوەن ،بەڵام ئەگەر ئەو ڕۆڵ و ئەركە مەزنەی كە ئەكەوێتە سەر ئەم باسە بە رێگا رەوای گۆڕانكاریدا تێپەر نەبێت ،چیتر ئەو میتۆدە لە سیاسەتەیان تەنها وەك وتەو بەرنایەكی پروپاگەندەیی و حەماسی هێزێكی پۆپۆلیستی هەڵ ئەسەنگێنرێت و دور یان نزیك ناتوانێت هەڵگری تایبەت مەندییەكانی هێزێكی سیاسی خاوەن مۆڕاڵ بێت .

بەیاننامە نارەزاییەكەی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەشێكی ئەنجومەنی باڵای ئەو حیزبە ،هەمان ئەو خاڵەیە كە هێزە سیاسییەكانی دیكە  بە درێژایی مێژوو لە ئەنجامی پێشخستنی بێ سنوری تاك رەوێتی و پاوانخوازێتی  دەسەڵات و سەرمایەداریدا تێی كەوتوون ،كە ئامانج لێی بەرزترین یان زۆرترین رادەی دەسەڵاتیان بوە ،بۆیە ئەوەی رویداوە و ئەبینرێت لە ناو ئەم جوڵانەوەیەدا تێكچون و پەراوێزبونی ئەنداماكانێتی بەهۆی سیاسەت و هەڵسوكەوتەكانی كەسی یەكەمی ناوی ئەم هێزە سیاسییەیە بە پێی بۆچون و دەربڕینەكانیانەوە  ،بۆیە پێیان وایە لەناو ئەم سیستەمە سیاسییەی جوڵانەوەكەدا چیدیكە توانای خاوەن پۆتانسێڵێكی گفتوگۆكردن و هەڵسەنگاندن و بڕیاردان و سەرلەنوێ خۆبنیادنانەوەیان بە باشترین شێوە راستینەو تێگەیشتنی سیاسییان لەسەر پرەنسیبەكانی سەرەتای جوڵانەوەكەوە نەماوە و رایان وایە بە هەمان شێوەی هێزە سیاسییە بنەماڵەییەكانی دیكە كە چۆن سیاسەت حیزبی سیاسیان كردوە بەرێگایەك بۆ بزنس و دەسەڵاتی سەرمایەداری  بە شێوەیەش جوڵانەوەكە خەریكە مۆركی خۆی لەو سیاسەت ئایدۆلۆژیایە ئەدات ،  

سیاسەت لە دنیای ئێستای هێزە سیاسییەكانی باشور  لە بەرگریكردن لە گەل و چەمكە دیموكراتییەكان و كۆمەڵگایەكی سیاسی و مۆڕاڵ و خاوەن مافی تاكەكانەوە گۆڕاوە بۆ بەرگریكردن لە عەقڵییەتی خێڵەكی و بزنس و دروستكردن و بەهێزكردنی خێزانی سیاسی و كردنە ئامرازی حیزب و خودی ئەوانەشی كە خاوەنی ڕۆڵبینیان لەم سیاسەتەدا هەیە دەبنە قوربانی ،تا رادەی  بونیادی میراسی سیاسی ،بۆیە لەبەر ئەم هۆكارانەیە كە ركابەرایەتیكردن و گۆڕینی ئەم جۆرە لە سیستەم و ئایدۆلۆژیایە پێویستی بە نوێبونەوەیەكی سیاسی و رۆشنبیری رادیكاڵانە هەیە بۆ ئەوەی بگەن بەهێزێك كە بە ئاگاییەوە ماهییەتی پاوانەكانی دەسەڵات و سەرمایە    بناسن ،بۆیە ئەوەی ئێستا بەشێكی  ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ و فراكسیۆنەكەیان ئاماژەیان پێداوە هەستكردنە بە ئازادی و بوێری و بەرپرسیارێتی  و رێگەنەدانە بە بەلارێدا نەبردنی ئەرك و پرەنسیبەكانی ئەم جوڵانەوەیە كەلە سەرەتادا بانگەشەی بۆ كردوە ،ئەمەش سەرەتایەكی باش ئەبێت بۆ ئەوەی   شەرعیەت و رێگا بۆ دروستكردنی بونیادێكی میراسی  خێزانێكی سیاسی دیكە نەدات .

كەمال محەمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە