فەزیحەی تۆمارو کامێرە

24/04/2019

دانا ڕەشید

 


هەمیشە لە جیهاندا کاتێ حیزبایەتی و جۆری ململانێ بکەوێتە بواری موخابەراتی و هەواڵگری و نهێنی دزین ، بە پلەی یەک ( کچان و ژنان ) یان بڵێێن رەگەزی مێ دەکەونە ریزی هەرە سەرەوەی قوربانیەکان ، بیرمان بێت خودی ( سروە عبدالواحید) لە بەرامبەر پارتی و پاراستن ئەو کاتەی پەرلەمانتاری لیستی گۆرران بوو لەسەر لێدوان و قسەکانی باجی زۆری دا وەک ژن یان ژنێکی سیاسی و پەرلەمانتار ، لە کاتێکدا پارتی ئەوسا لایەنی دژی بزوتنەوەی گۆرران بوو ،گەلۆ لەبەرامبەر ئەم ژنە پەرلەمانتارەی لیستی نەوەی نوێ لە لایەن باڵادەستەکانی نەوەی نوێ بەو جۆرە سوکایەتی پێ بکرێ سروە عبد الواحید هەڵوێستی چی دەبێت ؟


ئەم باسە لە جیهاندا لێرەو لەوێ چیرۆکی زۆری لەسەرە واتە فیلمێکی کۆنە ، حەق نەبوو بۆ کەسێکی وەک ( شاسوار عبد الواحد) کە بە باندەکەی شاوار ناو دەبرێن دەستی بۆ بەرێ ، چونکە 
یەکەم ، ئەم بەو دروشم و ئاکارەی هاتۆتە مەیدان زۆر خۆی کردبوو بە فریشتەی فریادرەسی ئەم هەرێمە دارزێنراوە و داماڵراوە لە هەموو ئیتک و ئەخلاقێک 


دوەم ، ئەم کارە موخابەراتیانە کردەیەکی فاشیلی ئەو تاقم و دەستە و حیزبانەیە کە ئیتر هەناسەی ململانێیان پێ نەماوە،


لە کۆتایی ساڵانی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابوردو لە ئەمەریکا ، فەزیحەی ( نیکسن ) بە بەرچاو ترین فەزیحە دادەنرێت کە چەند کتێب و توێژینەوە و فیلمی لەسەر دەرکرا ، تاقمەکەی نیکسن سەرۆکی ئەمەریکا هەڵدەستن بە چاندنی چەند ئامێرێکی پچوکی دەنگ تۆمار کردن لە نوسینگەو شوێنە هەستیارەکانی حیزبی دیمۆکراتەکان ، کە لە رێگەی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا ئەنجام درابوو ، وەلی کە پێ زانرا بوو بە روداوێکی هیندە ئابڕوبەرانە کە سەرلەبەری دەستەو تاقمی سەربە نیکسن بە خودی خۆشیەوە ناچار کران دەست لە کار بکێشنەوە و روو بە رووی دادگا ببنەوە ، کە بەجۆرێک هەرچی کاری باشی نیکسن بوو بۆ ئەمەریکا کردبووی بەیەک هەڵەی ئابروبەرانە لە بەردی دا ،وەک دەڵێن عیبادەتی ٧٠ ساڵی بە کفرێک دۆڕاند.


لێرەدا چەند سەرنج و پرسیارێک دیتە گۆرێ 


ئایا بەرەی نەوەی نوێ کە خۆی لەم کەسانە دەبینێتەوە پەرلەمانتارو کادێرانی نەوەی نوێن لە بەرامبەر تاقمی یا باندەکەی شاسوار چۆن دادگا مامەڵەی یاساییان لەگەڵ دەکات ، ئایا شاسوار بە جۆرێکی تر ئەمە نابێتە ئەوەی بۆ خۆ قورتار کردنی بجیتە پاڵ ئەم دەسەڵاتە گەندەڵەو جارێکی تر ژن وەک قوربانی ببێتەوە بە سەرتۆپی قوربانیەکان ؟ 
ئایا ئەمە لە پیلانێکی خودی ئەم دەسەڵاتە ناچێ کە لەگەڵ شاسوار رێک کەوتبن بۆ هێنانەوە ریزی خۆیان جا بە هەر ناوێک بێ کە ئەم کەسە پاک و خاوەن هەڵوێستانە بەرامبەر شاسوار بێ دەنگ و بێ هێزو بێ ئەرزش بکەن ؟ 


ئایا ئەمە لە پیلانی خودی شاسوار ناچێ کە بۆ سپی کردنەوەی سەروەت و دارایی خۆی کە بە جۆرەها گەندەڵی دەستی کەوتوە بە جۆرێک رێک کەوتبێ کە لە لایەک سەفقەی زیاتری پێ ببڕێت و لە لایەکی تر وەک رابون معروف وتی ( جاران حیزب کۆمپانیای دروست دەکرد ، ئێستە کۆمپانیا حیزب دروست دەکات ) 


کەواتە پێویستە لە باشترین حاڵەتدا پشتگیری ئەم کەسایەتیانە بە تایبەتی ئەو خانمە پەرلەمانتارە بکڕێت لەوە زیاتر نەبێت بە قوربانی دەستی کۆمپانیای گەندەڵ و دز 
لە خراپترین حاڵەتیشدا هندەی تر کێرڤی رەش بینی و بەد بینی بەرامبەر ئایندەی ئەم هەرێمە وێرانە هەڵدەکشێ بەرەوە ژور مەخابن .

 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی