كاتێك دەستەبژێری ڕۆشنبیر لەڕاوچییەوە دەبێتە نێچیر

25/04/2019

لوقمان حاجی قادر

دەستەبژێر بەو كەسانە یان ئەو كەمینەیە دەگوترێت كە توانستیان لەوانەی دیكە زیاترە. خاوەن خەسڵەتێكی ئەوتۆی دانسقەن كە توانستیان دەداتێ ڕۆڵی پێشەنگییەكی كارا بگێڕن لە كۆمەڵگادا، بەو پێیەی كاریگەرییەكی بەهێزیان هەیە لەسەر پڕۆسەی بڕیارسازی و پشكداری لە دروستكردنی ڕای گشتیدا بە ئاراستەی چاكەی گشتی.

دەستەبژێرەكانیش جۆراوجۆرن "ڕۆشنبیری، هزری، سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی، ئاینی، سەربازی، زانستی...هتد"،  هەمووشیان بەیەكەوە كۆمەڵگا‌ بەرەو ئامانجێكی دیاریكراو ئاراستە دەكەن. بەڵام گرنگترینیان دەستەبژێری ڕۆشنبیره كە مامەڵە لەگەڵ دیاردە مرۆییەكاندا دەكات و پەی بە گرفت و تەنگوچەڵەمەكانی كۆمەڵگاكەی دەبات و شیتەڵ و شیكاریان دەكات و ڕەخنەیان لێدەگرێت و  چارەسەریشیان بۆ دەدۆزێتەوە‌.

دەستەبژێرەكانیش خاوەن خەسەڵەتەكانی وەك: "كەمینە، پێگەی كۆمەڵایەتی شیاو، جڵەوگیری سیاسی، توانستی بڕیارسازی، ئاراستەكردنی هاووڵاتییان بەرەو بەهای كۆمەڵایەتی دیاریكراو و هەمواركردنەوەی ڕەفتاریان...هتد".

سەرباری ئەوەی كۆی كۆششی دەستەبژێرە جۆراوجۆرەكان ڕوخساری كۆتایی كۆمەڵگا دیاریدەكەن و دەیگەیەنە‌ ئامانجی بە ئامانجگیراو، بەڵام ڕۆڵی دەستەبژێری ڕۆشنبیری هزری لە هەر كۆمەڵگایەكدا پلەی لە پێشینەی هەیە و یەكلاییكەرەوەیە؛ بەوپێیەی ڕۆڵیان چاندنی بەها باڵاكان و هەمواركردنەوەی ڕەفتارە چەوتەكانی تاك و كۆمەڵگایە، ئەمەشیان بە ڕۆڵی خۆی دەچێتە خانەی پارێزگاریكردن لە چاكەی گشتی و بەرژەوەندی گشتی و دووركەوتنەوە لە بەرژەوەندی تەسكی تاكەكەسی.

دەستەبژێری ڕۆشنبیر هەڵوێستەكانی خۆی لەسەر بنەمای چاكەی گشتی بنیات دەنێت، بەو پێیەی بەرژەوەندی گشتی بەو چوارچێوە شەرعییە‌ دەبینی كە بەرژەوەندی تاكەكەسیش لەخۆ دەگرێت و پارێزگاری لێدەكات و یاسا و ڕێسای بۆ دادەڕێژێت.  بۆیە هەڵوێستی لە بەرامبەر كەس و لایەن و ڕوودا و دامەزراوە و پرسە جۆراوجۆرەكان لەو سۆنگەیەوە سەرچاوە دەگرێت كە ئاخۆ تا چ ڕادەیەك لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتیدان. بۆیە هەرگیز هەڵوێست و ڕەفتارێك نانوێنێت كە بكەوێتە خزمەت خراپەكارییەوە.
لێرەوە دەستەبژێری ڕۆشنبیر بەرژەوەندی ماددی و مەعنەوی خۆی ناخاتە سەرووی بەرژەوەندی گشتی و چاكەی گشتییەوە، لەو سۆنگەیەشەوە هەڵوێست لە بەرامبەر پرسە گشتییەكان وەردەگرێت، ئەگەر هەڵوێستەكەی زیانی ماددی و مەعنەویشی پێ بگەیەنێت و تووشی دۆخی سەخت و دژوار و تەنگەتاویشی بكات.

كەسی دەستەبژێری ڕۆشنبیر توانستی ئەوەی هەیە لە جوغزی حەز و ئارەزووە كەسییەكانی خۆی دەرچێت و لە سەرووی ئەوانەوە لە پرسە گەورە و گرنگەكانی كۆمەڵگا بڕوانێت، ئەو بایی ئەوە بوێری هەیە بە پێچەوانەی زۆرینەوە هەڵوێست وەرگرێت و دوای شەپۆلی باوەڕ و هزری زۆرینە نەكەوێت و بگرە بەرەنگاریشیان ببێتەوە. 

ئەگەر ئەمەی لەسەرەوە باسمان كرد لەسەر واقعی كۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی بە گشتی و عێراق و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی پراكتیزەی بكەین، دەبینین هاوكێشەكە چەندە لاسەنگ دەردەچێت، بەهاكان چەندە پێچەوانە دەبنەوە، هەڵوێستەكان چەندە دادەبەزنە ئاستێكی نزمەوە؛ چونكە واقعی كۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەكان ئاماژە بەوە دەكات كە زۆرینەی دەستەبژێرە ڕۆشنبیرەكان تا بینەقاقا گلاونەتە‌ ناو بازنەی بەرژەوەندی‌ تەسكی ماددی و مەعنەوییەكانی خۆیانە‌وە، ئەوان لە دۆڵێكن‌ و چاكەی گشتیش لە دۆڵیكی دیكە، نەیانتوانییوە سنوری داب و نەریت و یاسا و ڕێسا باوە كۆنینەكان ببڕن و لێیان دەرچن، بە زۆری هەڵوێستیان لە هەمبەر ڕووداوەكان و پرسەكانی كۆمەڵگا لە تان و پۆی بەرژەوەندییە كەسییەكانی خۆیانەوە دەردەچێت، بە ڕادەیەك لە زۆر كاتدا ئەو ڕۆڵەی دەیگێڕن تەواو پێچەوانەی چاكەی گشتییە و دەكەوێتە خزمەت كەس و لایەن و دامەزراوە خراپەكارەكانەوه كە هۆكاری سەرەكی چەقبەستووی كۆمەڵگان لە هەموو كایەكاندا‌.

ئەم ڕۆڵە نەرێنییە نەشیاوەی بەناو دەستەبژێری ڕۆشنبیر لە هەر‌ێمی كوردستاندا زەق و بەرچاوە، بە ڕادەیەك خەڵك متمانەی بە خوێندن و خوێندەواریش نەماوە ، پەروەردە و فێركردن و زانكۆی لەلا بێ نرخ بوون، چونكە بە چاوی سەری خۆی دەبینی چۆن ئەو كەمینەیەی چاوەڕوانی هەڵوێستی مەزن و مێژوویی لێدەكرێت لە وەرچەرخاندنی چارەنووسی تاك و كۆمەڵگاكان بەرە و شارستانییەت و مەدەنییەت و چاكەی گشتی، بونەتە دەسكەلای ئەم و ئەو و توانستی هزری و پێنوسەكانیان خستۆتە خزمەت حەز و ئارەزووی كەسییەوە، بەوەی پشت و پەنای خراپەكاران و دامەزراوە گەندەڵەكانن و لە هەموو ئەو تەنگژانەی تووشیان دێن، پارێزەرێكی دڵسۆزیانن، بگرە فریادڕەس و دەربازكەریانن.

حزبە سیاسییەكانیش ژینگە لەبار و پاراوەكەی ئەم دۆخە ناهەموارەی دەستەبژێری ڕۆشنبیرن لە هەرێمی كوردستان قۆزتۆتەوە كە هەر خۆیان چوارچێوەكەیان دیزاین كردووە، ئەوان زەوییەكەی دەكێڵن و ئاوی دەدەن و بەرهەمەكەشی دەچننەوە و دەدورنەوە،  ئەوان هەمیشە ئامێزی گەرمی خۆیان بۆ ئەو جۆرە بەناو دەستەبژێرانە كردۆتەوە، گیرفانی پڕی خۆیان بۆ واڵاكردوون، پۆست و پایەی جۆراوجۆریان بۆ فەراهەمكردوون، بەو ئامانجەی لە ئەرك و ڕۆڵە جەوهەریەكەیان لایاندەن و بیانخەنە خزمەت هەژموون و ئەجێندای حزب و فیگەرە حزبییەكانەوە، بە ڕادەیەك زیادەڕەووی نییە ئەگەر بڵێین حزبی كوردی لەم هەرێمەی ئێمەدا لە دەستەمۆكردن و ڕامكردنی ئەو كەمینە دەستەبژێرەدا بە پلەی نایاب سەركەوتوو بووە.

بۆیە دەبێت ئەوانەی خۆیان بە خوێندەوار و ڕۆشنبیر و دەستەبژێری كۆمەڵگا دەزانن، ئاوڕێك لە هەڵوێست و ئاراستەی نووسینەكانیان بدەنەوە، پێداچوونەوەیەك بە ڕەووتی هزری و كردار و ڕەفتاریان بكەنەوە، بیر لە هەمواركردنەوەی ئەو دۆخە نالەبارە بكەنەوە كە تێی كەوتوون، دەبێت بە ڕوون و ئاشكرای ئەوە بزانن، ئەوان لە بری ئەوەی ڕاوچی گەندەڵی و خراپەكاری و خۆپەرستی و بەرژەوەندی تەسكی كەسی و حزبی بن، بوونەتەوە نێچریان. ئەگەرنا ووردە ووردە و قۆناغ دوای قۆناغ، زیاتر و زیاتر دەپوكێنەوە، تا ئەو ڕادەیی خۆشیان بێزیان لە خۆیان دەبێتەوە.

لوقمان حاجی قادر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی