گرنگی بوونی خزمەتی سەربازی ئیلزامی لەكوردستان

26/04/2019

كاوە مەحمود

هیزی پیشمه رگه ی كوردستان گه وره ترین داستانی بو داكوكی كردن له كوردستان تومار كردوه و هیزیكی نیشتمانی كور دستانی و جیگای شانازی گه ل بووه . گەر بمانەوێ هێزی پێشمەرگەی كوردستان ووەزارەتی پێشمەرگە بكرێ بە دامەزراوێكی نیشتمانی كۆمەڵگەیی ـ حكومی پرۆفیشناڵ لە سایەی چەمكی دەولەتی دیموكراتی مەدەنی بە رچاوكردنی تایبەتمەندییەكانی كوردستان ورەوشە سیاسییەكەی، تەنها دانانی سیستمی خزمەتی سەربازیی ئیلزامی بۆ ماوەیكەی دیاریكراو، ئەو ئامانجە مسۆگەر دەكات، وكۆمەلێك خاڵی گرنگی دیكە بۆ لاوانی كوردستان كە داینەمۆی گورانكاری كۆمەلایەتی وگەشەپێدانن، دابین دەكات، لەوانە:

ـ پێكهاتەی ئایندەی هێزی پێشمەرگە لەسەر بنەمای ئینتمای حزبی درووست نابێت، بەڵكو لەسەر بنەمای خزمەتی سەربازی ئیلزامی كە تەمەن وموالید دەستنیشانی دەكات.

ـ لە ماوەی خزمەتی ئیلزامی لاوان كە بە قانون رێكدەخرێت، ئەو كەسانە دەكرێ چەندین خولی تواناسازی بۆ فێربوونی پیشە ببینن، جگە لە مەشقی سەربازی، كە ئەمەش یارمەتیدانیانە بۆ ئەوەی دوای تەواوبوونی خزمەتی سەربازییان كار وپیشەی گونجاوی لە كەرتی تایبەتدا دەستكەوێ نەك تەنها چاوەرێی دامەزراندی وەزیفەی بەرسێبەر وبندیوار بێت.

ـ خزمەتی سەربازی ئیلزامی بنەمایەكی سەرەكییە بۆ گەڵاڵەبوونی ناسنامەی نیشتمانیی كوردستانی لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون،و زەمینەیەكە بۆ تێكەڵبوونی لاوانی سەرجەم ناوچەكانی كوردستان كەئەمەش شێوەزارەكانی زمانی كوردی لەیەكتر نزیك دەكاتەوە، سەرەرای تێكەلبوونی سەرجەم نەتەوە وئاین وئاینزاكان. بەم جۆرەش خزمەتی سەربازی ئیلزامی هەنگاوێكە بۆ پەروەدەی مەدەنی لە نێو كومەڵگادا. 

ـ ئەو لاوانەی كە خاوەن بروانامەی جۆراوجۆرن وخزمەتی ئیلزامی دەیانگرێتەوە ئامراز وفاكتەرێكن بۆ ئەوەی پسپۆری جۆراوجۆر لە نێو هێزی پێشمەرگی كوردستان درووست بێت. ئەمەش هێزێكی پێشمەرگەی كارا وخاوەن زانست لە بواری جۆراوجۆردا درووست دەكات.

كاوە مەحمود

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی