نۆ سەیرو سەمەرەی تری ساڵی ٢٠١٩

27/04/2019

محمەد عەلی

یەكەم: كەریم شەریف قەرەچەتانی: تەلەبەی خۆم كراوە بەسەرۆكی بەشەكەم! دەبو ئەم قسەیە بومەلەرزەیەك بوایە بۆ ھەمو دامەزراوەی خوێندنی باڵاو زانكۆی سلێمانی، بەڵام وەك ھەمو حەقیقە تاڵەكانی تر، بێ كاریگەری تێپەڕی ! خۆسەپاندنی حیزب بەسەر زانكۆكاندا بەردەوامە. 

دوەم: بارزانی لە كردنەوەی پێشانگای كتێبی ھەولێر، لەڕۆژی ٢٠١٩/٤/٣، ھەڕەشەی كرد كە یەك چركەی تر چاوەڕێ ناكەن! بەڵام ئەمڕۆ ٢٠١٩/٤/٢٧ یەو حكومەتیش پێكنەھاتوە! دەبێت چركە لای بارزانی چەندرێژ بێت؟ بەڕاست پێشانگای كتێب پێویستە ئەھلی كتێب بیكاتەوەو وتەی ھەبێت یان سەرۆكی حیزبێك  و لەم بۆنە كلتوریەدا، ھەڕەشە بكات؟! 

سێیەم: ئەرێ بەڕاست لیژنەی باڵای فەتوای ھەرێم چ پەیوەندیەكی بە ڤیستیڤاڵی ڕەنگەكانەوە ھەیە؟ ئایا ئەم لیژنەیە لە ھەمو ئەو ناعەدالەتی و ئیھانەیەی بەرامبەر بەرژوەندی گشتی دەكرێت، لەكوێیە؟! یان لەوھەمو كوشتنە بەناھەق و قوربانیانەی كێشە كۆمەڵایەتیەكان بۆ ھەڵوێستی نیە؟! 

چوارەم: ئەندام پەرلەمان پارێزپەندی (حەسانەی ھەیە )، بەڵام عەقڵیەتی نوێی ئەمنی لەسەرۆكایەتی پەرلەمان و حكومەت، بڕیاریانداوە لە شوێنی كارەكەی خۆیان بیانپشكنن! لەھەموی كارەساتتر، كاندیدە زۆر بڵێیەكانی كاتی بانگەشەی ھەڵبژاردن ورتەیان لێوەنایەت! لەم ھەرێمەدا، تەنھا ئەندامانی خێزانە سیاسییە حوكمڕانەكان حەسانەیان ھەیە.

پێنجەم: یەكێتی لەڕابردودا: تێبینی زۆرمان لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەیە، بەڵام ئێستا: تەنها بڕگەیەك بۆ یاسایەكە زیاد بكەن بۆئەوەی جێگرێكمان هەبێت. ئەوەی لەكوردستان دەگوزەرێ، یەك زنجیرە درۆی گەورە و ماكیاڤیلەتێكی ساسیی بێمانایە. 

شەشەم: كاندید بۆ سەرۆكی كابینەی داھاتوی حكومەتی ھەرێم ئامۆژگاری بەرپرسانی عێراق دەكات كەداھات زۆرە، بەڵام خراپ ئیدارەدانی ھەیە ! ئەم جورئەتی لەخۆڕازیبون و غرورە وەھمیەش، نمونەی دەگمەنە! باشە ٢٨ ساڵە كێ ئیدارەی كوردستان ئەدات؟ ئەمان خۆیان یان كەسانێك لە مەریخەوە ھاتوون؟

حەوتەم: كوێستان محمد: زیادكردنی جێگری دوەم بۆ سەرۆكی ھەرێم، بارگرانیە بۆ بودجەی ھەرێم! زەحمەت نەبێت سەرۆكی ھەرێم و جێگری یەكەمی بۆ بارگرانی نین؟ ئەوە ساڵ و نیوێكە ئەم دامەزراوەیە نەماوەو دەسەڵاتەكانی دابەشكراوە، چ كاروبارێكی ھەرێم پەكی كەوتوە؟! ئەمە لەكاتێكدایە گۆڕان خۆی داهێنانێكی هاوشێوەی كردوەو بەناوی چاكسازییەوە یاریدەرێكی بۆ سەرۆكی حكومەت زیادكردوە، هەموشمان ئەو ڕاستیە دەزانین كەچاكسازی بەم یاریدەدەرە ناكرێ و جگە لەبەهەدەردانی سامانی گشتی، ئەم پۆستەش هیچ جێگەیەك ناگرێت. ھێزێك كە ستراتیژەكەی بووە دۆزینەوەی پۆست بۆ كەسە نزیەكانی جەماعەتی سەرەوە، بەم دەردەی گردەكەی گۆڕان (نەك بزوتنەوەی گۆڕان) دەچێت. 

ھەشتەم: جوڵانەوەی نەوەی نوێ داھێنەرو ناتەقلیدی بو لە داھێنانی دزێوترین جۆری ھەڕەشەكردن لە ئەندامەكانی. لەم فەزیحە سیاسیی و رەگەزیەدا،  ڕێكخراوەكانی ژنان و ئافرەتان و یەكێتی پەرلەمانتارن و داواكاری گشتی لەكوێن؟! ژەھرو ڤایرۆسی حیزبایەتی ھەمو كایەكانی ناشرینكردوە! 

نۆیەم: میللەتی سودان بەیەكێك لەمیللەتە ھەرە ھەژارەكانی دونیا ئەژمار دەكرێت. بەڵام عمر بەشیر خاوەنی ١٣٠ ملیۆن دۆلاربوە (یەك ملیۆن و سێسەدھەزار دەفتەر دۆلار)! سەیرلەوەدایە، ئیسلامی سیاسی بەگشتی نەسیحەتیان ئەوەیە كە ئەم ژیانە ھیچ نیەو پێویستە گرنگی نەدەین بەلەزەتەكانی، بەڵام زۆربەی ھەرەزۆریان ڕێك بە پێچەوانەی ئەم نەسیحەتە ھەرزانەی خۆیانەوە ڕەفتاردەكەن!

محەمەد عەلی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی