خێڵ یاخود پرۆسەی بەخێڵكردنەوە؟

28/04/2019

مەریوان وریا قانیع

سەرنجێكی خێرا لەسەر ڤێستیڤاڵی ئێلی جاف
یەكێك لە خورافەتە ھەرە گەورەكانی فیكری ئینشایی باڵادەست لەناو ڕۆشنبیریی ئێمەدا، فیكرێك كە نووقمە لەناو سەدبارەكردنەوەی پێشداوەرییە ھەڵەكانی فیكری”خۆرھەڵاتناسیی“ كۆن و ھاوچەرخدا، وێناكردنی كۆمەڵگای ئێمەیە وەك كۆمەڵگایەكی خێڵەكیی و بینینی خێڵیشە وەك یەكەی سۆسیۆلۆژیی سەرەكیی و نەگۆڕ و بنەڕەتیی ناو پێكھاتەی كۆمەڵگای ئێمە. یەكەیەك كە گوایە سەدەھا ساڵە بەبێ ھیچ گۆڕانكارییەك ئامادەیە و لەناوەوە مێژووی ئێمە بە خۆدوبارەكردنەوەیەكی ھەمەلایەن مەحكوم دەكات. ئەم فۆرمە لە بیركردنەوە ھەرچییەكی تێدابێت بیركردنەوەی تێدا نییە، بیركردنەوەیەك كە لانی ھەرە ھەرەكەمی میتۆدییبوون و زانستیبوونی لەخۆیدا كۆكردبێتەوە.

بەشی ھەرەزۆری ئەوەی لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا لەسەر ”ڤێستیڤاڵی ئێلی جاف“ گوترا نموونەی ئەو جۆرە بیركردنەوەیەیە كە لەڕاستیدا جگە لە ئینشانووسی شتێكی تری نییە لەسەر دیاردە تازەكانی ناو دونیای ئێمە بیانڵێت. خوێندنەوە و نیشاندانی دیاردەی وەك ئەم ڤێستیڤاڵە وەك دەركەوتێكی سروشتیی لە دەركەوتەكانی خێڵگەرایی لە دونیای ئێمەدا، ئەوەی بە ئینگلزیی پێیدەگترێت Tribalism، یان وەك نمایشێك لە نمایشەكانی ھێزی بانمێژوویی خێڵ وەك یەكەیەكی سۆسیۆلۆژیی نەگۆڕ، نموونەی ئەو جۆرە فیكرەیە كە توانای خوێندنەوەی سادەترین دەركەوتە كۆمەڵایەتییەكانی دونیای ئێمەی نیە. ئەوەی لەو ڤێستیڤاڵەدا بینیمان نە درێژەدانە بە ”عەقڵیەت“ێكی خۆرھەڵاتی گریمانكراو، نە بەرھەمھێنانەوەی كۆمەڵگایەكە بۆ خۆی لە ڕێگای ھێزی خێڵەوە، نە قەدەرێكی كۆمەڵایەتیی خۆرھەڵاتیشە كە دەرچوون لێی مەحاڵە. نە ڕووداوێكی سروشتیی ناو خەیاڵ و عەقڵیەتی خێڵ خۆشیەتی. 

ئەوەی بینیمان بەشێكە لەو ”ھەندەسە كۆمەڵایەتییە“ تازەیەی كە ھێزە سیاسییە سوڵتانییە حوكمڕانەكانی دوای ڕاپەڕین، بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خێزانە سیاسییەكانیان، لە ساڵانی ڕابردوودا دروستیانكردوە و گەشەیان پێداوە. ”ھەندەسەیەكی كۆمەڵایەتیی“ كە كاری سەرەكیی بریتییە لە ”پرۆسەی بەخێڵكردنەوە“ی پێكھاتە كۆمەڵایەتییە جیاوازییەكانی ناو كۆمەڵگای ئێمە. پرۆسەیەك بە ئینگلزیی پێیدەگوترێت retribalisation. لەپاڵ ئەم پرۆسەیەدا ئەوەی ڕوودەدات بەھیچ جۆرێك تەعبیر نییە لە ھێزی گریمانكراوی خێڵ وەك یەكەیەكی سۆسیۆلۆژیی، بەڵكو ھەوڵدانێكی پلانبۆدانراو و بیرلێكراوەی حوكمڕانانی كوردستانە بۆ وێرانكردنی تەواوی ئەو ”چینی ناوەڕاست“ەی لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا دروستدەبێت. ئەم حوكمڕانانە لەڕێگای ئەم پرۆسە تازەیەی ”بەخێڵكردنەوە“وە، retribalisation، بەشێكی زۆری ئەندامانی ئەو چینە ناوەڕاستە ناچار بە گەڕانەوە بۆ باوەشی خێڵ و ناچار بە بوونەوە بە بەشێك لەشی خێڵ، دەكەنەوە. میكانیزمەكانی ئەم گەڕانەوەیەش ئاڵۆزە و لێرەدا مەودای باسكردنیانم نییە. بەڵام ناچاركردنی چینی ناوەڕاست بۆ گەڕاندنەوە بۆ باوەشی خێڵ، پرۆسەی كۆنترۆڵكردنی ئەندامانی ئەم چینە ھەم ئاسانتر دەكات و ھەم ڕێ لەوە دەگرێت ئەم چینە گەشەیەكی سەربەخۆ بكات و ببێتە ھێزێی كۆمەڵایەتیی سەربەخۆ. بەر لە حوكمڕانانی ھەرێم، لە ساڵانی نەوەد دا، ڕژێمەكەی سەدام حوسەین ھەمان پرۆسەی لە عێراقدا ئەنجامدا. 

بە كورتییەكەی ئەوەی دەیبینین ھەم زنیدووكردنەوەیەكی بەمەبەستی خێڵە وەك ئۆرگانێكی كۆمەڵایەتیی، ھەم بەھێزكردنێكی ھۆشیارانەی سەرۆكەكانیانە، ھەم بەخشینی كۆمەڵێك وەزیفەی تازەیە بە خێڵ، لەناو ئەو ”ھەندەسە كۆمەڵایەتییە“ تازەدا كە سوڵتانیزمی سیاسیی لە ھەرێمدا پێویستیی پێیەتی. 

نەبینینی ئەم پێدراوە سادانە نەك تەنھا سەتحیبوونی ئەو ھۆشیاریەمان نیشانئەدات كە بە ئارەزووی خۆی و بێ ھیچ دوودڵیەكی میتۆدیی لەسەر ھەموو دونیا قسەدەكات، بەڵكو نەزۆكی فیكرێكی ئینشانووسیشمان نیشانئەدات، كە وەك ”ڕێگرێكی ئەبستمۆلۆژیی“ گەورە لە دونیای ئێمەدا كاردەكات و تێپەڕاندنی یەكێكە لە ئەركە سەرەكییەكانی بیركردنەو ە لەو دونیایەدا.

مەریوان وریا قانع

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی