پارتیش بێگوناهـ نییە

29/04/2019

رێبوار کەریم وەلی

(1)
ئەگەرچی دانوستاندنە سیاسییەكان لە نێوان گۆڕان، پارتی و یەكێتی گەیشتوونەتە ئەنجام، بەڵام هەر لە رۆژی یەكەمەوە سستییەك بە پڕۆسەكەوە دیارە. سەرباری ئەوەی ئەم سێ لایەنە لە زۆر قۆناغی سیاسیدا یەكتریان تاقیكردووەتەوە و شارەزای دەستی یەكترین، كەچی وەك سێ هێزی تازە و نەناسراو مامەڵەیان لەگەڵ یەكتریدا كرد. لەو روانگەیەوە ئۆباڵی دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت كە بە ئیحتیمالی زۆر دەكەوێتە نزیك جەژنی رەمەزانی ئەمساڵ، لە ئەستۆی هەرسێ حزبەكەیە، چونكە هەموو ئەو كۆبوونەوانەی كە هەفتەی یان دوو هەفتە جارێك دەكران و درێژكرانەوە بۆ مانگەكانیش، دەكرا لە مانگێكدا بكرێن. هەموو حزبەكان ئەنجامی هەڵبژاردنەكانیان قەبوڵ بووە و قەبوڵیان بووە كە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتیی حكومەت پشكی پارتی بێت وەكو ئیستیحقاقی حزبی یەكەم، بەڵام لەوێ بەدواوە جۆری مامەڵەی پارتی لەگەڵ داخوازییەكانی حزبی دووەم و سێیەم وایكرد، هەم كاتێكی زۆر بەفیڕۆ بدرێت و هەمیش لە كۆتاییدا پارتی مل بۆ داواكانیان بدات!

ئەڵبەتە پارتی لەو پڕۆسەیەدا دەیتوانی زۆر لەوە باشتر بێتە پێش، بەڵام ئەگەر حزبەكانی دیكە كێشەی ناوخۆییان هەبووبێت، ئەوا پارتیش بێ ئامادەكاریی پێشوەخت، دەرگای خستنەڕووی داواكاریی زیاتری بۆ یەكێتی و گۆڕان كردەوە. بەڵام دیسانیش توانی دوو ئامانج بپێكێت كە گرنگترینیان كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بوو ئەوەی دیكەشیان سەرباری ناڕەزایەتی یەكێتی لە سەرەتادا، توانی گۆڕانیش بكاتە یەكێك لە شەریكەكانی حوكمڕانی. ئەو قسەیەش راست نییە كە پارتی ویستبێتی ئەزموونی كابینەی هەشت لە دژی یەكێتی دووبارە بكاتەوە، بە پێچەوانەوە تا پێش رێككەوتنی گۆڕان و پارتی لە 18ی شوبات، گۆڕان ترسی ئەوەی هەبوو كە پارتی لەژێر گوشاری یەكێتی، لە حكومەتدا بەشداریان نەكات!


ئۆباڵی دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت چەند لە ئەستۆی لایەنەكانی دیكە بێت، هێندەش لە ئەستۆی خودی پارتییە. پارتی ئەگەر بە رواڵەت یەك گوفتاری هەبووبێت، لە ئەرزی واقیعدا فرە كردار بووە. ئەوەش لای لایەنە بەرامبەرەكان وەكو خاڵی لاواز وەبەرهێنانی لەسەر كرا. ئەگەر پارتی لە رۆژی یەكەمەوە هێڵە سوورەكانی خۆی بەلاوە نابا و لە گرنگیی سەركەوتنەكەی تێگەیشتبایە، ئێستا هەم بە دەستێكی پڕتر و هەمیش بە ماوەیەكی زەمەنیی كورتتر دەگەیشتە ئەنجام.

ماراتۆنەكە تازە دەستپێدەكات
(2)

بەپێی قسەی لایەنەكان بێت، ئیتر پارتی، گۆڕان و یەكێتی گەیشتوونەتە خاڵی كۆتایی لە پێكهێنانی حكومەت و هەموو لایەنەكان و تەنانەت باڵەكانی ناو حزبەكان پشكی خۆیان لە حوكمڕانی بەركەوتووە. بەڵام لە راستیدا تا لە ناوخۆی حزبەكانیش بە تەواوەتی بەربژێر (وەكو تاكەكەس) بۆ ئەو پۆست و بەركەوتانە یەكلا نەبنەوە، پڕۆسەكە ناگاتە ئەنجام. لێرەدا سەرۆكی حكومەت كە سەرۆكایەتی كابینەیەكی فراوانی نزیك بە بیست وەزارەت و چەندین دەستە دەكات، بەرەوڕووی ئاستەنگێكی دیكە دەبێتەوە.

ئەم حكومەتە بۆیە هێندەی خایاندووە تا حكومەتێكی بەهێز بێت و كەسانی بەهێز پۆستەكان پڕ بكەنەوە. نیوەی كابینەی داهاتوو تەقریبەن بەر گۆڕان و یەكێتی كەوتووە و باڵەكانی ناو یەكێتی و تەنانەت گۆڕانیش ناوی بەربژێرەكانی خۆیان لەسەر هاوسەنگیی هێزی ناوخۆیی خۆیان یەكلا دەكەنەوە كە ئەو فاكتەرە، بناغەی رێككەوتنیانە لەگەڵ پارتیدا. بۆیە لێرەدا قودرەتی مانۆڕی سەرۆكی حكومەت بۆ دیاریكردن و هەڵبژاردنی یەكێك لە چەند كەسێكی پێشنیازكراو كەم دەبێتەوە، یان دەبێ رەچاوی رێككەوتنی سیاسی بكات و كێیان نارد قەبوڵی بێت، یان دەبێ پێداگری لەسەر كەسی دیكە بكات كە ئەوكاتە رێككەوتنەكان دەكەونە مەترسییەوە. هاوكات لە پشكی پارتیش میراتی 17 ساڵ سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی ماوەتەوە و لەوەشیاندا مەرج نییە هەموو وەزیرە پێشنیازكراوەكانی پارتیش بەدڵی ئەو بن. ئینجا جیا لە هەموو ئەو ئاستەنگانەش، مەسەلەی كارنامەی حكومەت كە بەرمەبنا و لەبەر رۆشنایی هەردوو رێككەوتنی پارتی لەگەڵ گۆڕان و پارتی لەگەڵ یەكێتیدا شكڵ دەگرێت و خۆی لە نزیكەی 50 خاڵ دەدات، یەكێكی دیكەیە لە تەحدداكانی بەردەم پڕۆسەكە. چونكە هەر لە سەرەتاوە ئەگەری بەریەككەوتنی بەرژەوەندییەكانی گۆڕان و یەكێتی، شتێكی چاوەڕوانكراوە. 

شاسوار و لاهوور
(3)

دەڵێ گەورە ئاو دەڕێژێ و گچكەش پێی لێدەخشێنێ! لاهوور جەنگی یەك دوو ساڵ پێش ئێستا لە كۆڕێكی حزبیدا لە دەربەندیخان هەڕەشەی كاسێتی ڤیدیۆیی (جا مەعلوم نەبوو چ جۆرە ڤیدیۆیەك) لە سەركردەكانی حزبەكەی خۆی كرد و جەماوەریش چەپڵەیان بۆ لێدا. ئەم زاتە سەرۆكی باندی دژەتیرۆرە لە سلێمانی!

هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی ئەندام پەرلەمانەكانی نەوەی نوێ و ئەو دەنگۆیانەی كە كامێرای چاودێریی نهێنییان بۆ دانراوە، گەورەترین سكانداڵی سیاسی و ئەخلاقییە كە خەریكە وەكو جیاوازیی بۆچوون و "نمەك بە حەرامی" و "خیانەت" بەسەر سەرۆكی بزووتنەوەكەدا تێپەڕ دەبێت. ئەو زاتە لە دەرەوە یان لەبەغداوە دێتەوە هەولێر و بە باسك راوەشاندن دەچێتەوە سلێمانی و كەسیش ناڵێ ماڵت لە كوێیە!!

ئەم پیاوە هیچ پارێزبەندییەكی یاسایی نییە، بەڵام درووستكراوی دەستی بنەماڵەی تاڵەبانییە. ئەگەرنا دەبوو هەر لە ساتەوەختی یەكەمەوە كە پەرلەمانتارێكی كوردستان ئەم بابەتەی بۆ رای گشتی راگەیاند، داواكاری گشتی وەكو تۆمەتباری سەرەكی مامەڵەی لەگەڵ سەرۆكی جوڵانەوەكە كردبایە. هەموو ئەو پەیج و ئەكاونتانەی كە پێشتر لەلایەن سەرۆكی جوڵانەوەكەوە كڕدراون و پەلاماری ئەم و ئەویان پێدەدرێت، دیارن و سەرچاوەی تەمویلیشیان دیارە. بۆیە ئەوە تیرۆرە لە بەرگێكی دیكەدا و هیچ جیاوازییەكی نییە لەگەڵ دۆسیەی شێخ زاناكەی هەولێر.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە