سێ خاڵە لاوازەکەی گۆڕان

29/04/2019

ئارام رەفعەت


گۆڕان دەرگیری سێ کێشەی سەرەکییە؛ نەبوونی روئییا، هاجسی مانەوە و ئیدارەدانی سامانە مرۆییەکەی.

خاڵیکی لاوازی گۆڕان نەبوونی روئییایە. مەبەست لە نەبوونی روئیا (ڤیژن) بە هەردوو رەهەندە نیشتیمانی و بەدیلی حوکمڕانییە. گۆڕان نەیتوانیوە خاوەندارێتی لە مەلەفە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی کوردستان بکات و لەهەمان کاتدا نەیتوانییوە بەدیلە حوکمرانییەکەی خۆی تیۆریزە بکات و لەسەر ئەو ئەساسەش پۆلەسی و کارنامە و بەرنامەی کوردت مەوتا، ناوەند مەودا و درێژ مەودا دابڕێژێت. ئەمەش وایکردووە گۆڕان لەبری ئاراستەکردن و بەئەقڵانی کردنی بزوتنەوەی نارەزایەتی و عەدالەتخوازی لە کوردستان پێ خزێنێتە ناو فەزای پۆپلیزم. ئەمیش هۆکاری ناسەقامگیری (هەڵکشان و داکشانی) بەردەوامی جەماوەری ئەو بزوتنەوەیەیە.

خاڵێکی لاوازی تری گۆڕان هاجسی مانەوەیەتی. گۆڕان لەیەکەم دەرکەوتنیدا وەک دووەم هێزی کوردستان هاتە مەیدان و لەهەمان کاتدا ئەزموونی گۆڕان دەکرێت وەک یەکەم ئەزموونی سەرکەوتووی مەدەنی (ناچەکدار) هەژمار بکرێت لە مێژووی حیزبی و رێکخراوەییدا لە باشوری کوردستان. ئەم دوو حاڵەتە (دووەم هێز بوونی و مەدەنی بوونی) بونەتە پاژنەی ئەکیلی ئەو بزوتنەوەیە و وایکردووە کە گۆڕان هەمیشە لە هاجسی مانەوە (باشتر وایە بڵێین هاجسی نەمانەوەیە)دا بێت.

بەواتایەکی تر، ئەو بزوتنەوەیە لە هاجسی ئەوەدایە کە چۆن پارێزگاری لەو هێز و قەوارەیەی بکات کە پێی هاتۆتە مەیدان (واتە دووەم هێزی ساحەکە). ئەم خۆ وێنا کردنەی گۆڕان لەپاڵ نەبوونی روئیادا (کە لەسەرەوە ئاماژەم پێداوە) وایکردووە کە خەونی و خولیای گۆڕان لەوەدا کورت بێتەوە کە ئایا وەک هێزی دووەم دەمێنێتەوە یان نا، کە ئەمەش بەردەوام ئەم بزوتنەوەیەی بۆ ئەو ئاقارە بردووە کە لەبری خۆی وەک بەدیلی هەردوو حیزبە حاکمەکەی کوردستان تەرح بکات و هەنگاو بۆ بوون بە هێزی یەکەکەم هەڵبێنێت، زیاتر خۆی لەهەمبەری یەکێتیدا پێناسە بکاتەوە. لەلایەکی تریشەوە، ئەم هاجسە وایکردوە کە گۆڕان بەئاسانی دەسبەرداری ئۆپۆزسیۆن و رابەرایەتی کردنی بەرەی نارازی ببێت و بۆ دووەم جار سەر بەهەمان تونێلی داخراوی بەشداریکردن لە حکومەتدا ببات.

خاڵێکی لاوازی تری سەرەکی ئەو بزوتنەوەیە کورتهێنانی ئەو بزوتنەوەیە لە ئیدارە دانی سامانە مرۆییەکەی. بەندە هەم لە پرۆژەیەکی پر لە تەفاسیل و هەم لە سیمنیارێکدا ئاماژەم بەوە داوە کە بزوتنەوەی گۆڕان خاوەنی گەنجینەیەکی گەورەی سامانی مرۆییە. ئەم سامانە ‏مرۆییە هاوتای سەرمایەی مرۆیی رێکخراوەکەیە و چارەنووسی بزوتنەوەکە تا ‏رادەیەکی زۆر بەندە لەسەر ئەوەی چۆن سوود لەو سەرمایە مرۆییە وەردەگیرێت. ‏وەک هەر سامانێکی تر، گەشەکردن یان کورتهێنانی سامانی مرۆیی گۆڕان بەندە ‏لەسەر چۆنییەتی ئیدارەدان و تەوزیفکردنی.‏ ئەم بزوتنەوەیە لە ئیدارە دان و پاراستنی سامانە مرۆییەی سەرکەوتوو نەبووە. لە ١٠ ساڵی رابردوودا گۆڕان یەکێک بووە لەو حیزبانەی کە زۆرترین کادیری باڵاو بەتوانای یان سەنگەرییان گواستۆتەوە بۆ حیزبەکانی تر، یان گۆشەگیر بوون و دەسبەرداری خەونی گۆڕانخوازی بوون. رەنگە لەو ١٠ ساڵەدا تاکە رێکخراویش بێت کە لە پرۆسەی دەستنیشانکردنی کەسی گونجاو بۆ شوێنی گونجاو کورتی هێنابێت.

ئارام رەفعەت

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی