حیزب وەك بت-خانە!

30/04/2019

رابون مەعروف


یەکێك لە دیاریدە خراپەکانی پرۆسەی سیاسی لە کوردستان، رۆڵی حیزبە وەك خێڵ و ناوەندێکی پیرۆز بۆ بتپەرستی، یان ھەر حیزب خۆی بتێکی گەورەیە.

حیزب جێی خێڵی گرتوەتەوە، بۆیە ھەر وەك چۆن ئینتیما بۆ خێڵ جێگیر و نەگۆڕە و لەدەرەوەی ئیرادەی تاکە، لە دیدی کەسانێکی زۆرەوە ئینتیماش بۆ حیزب دەبێت جێگیر و نەگۆڕ بێت و ھەڵگەڕانەوە لە حیزب ئەگەر لە ناوەوە گەندەڵ و بۆگەنیش بوبێت، وەك خیانەت سەیر دەکرێت.

حیزب کراوەتە بتێکی گەورە و دەپەرسترێ! بۆیە کاتێك ئازایانە دەست دەبەیت بۆ شکاندنی حیزب، حیزب پەرست و بتپەرستەکان ھاواریان لێبەرز دەبێتەوە و ھەستی ئایینیان، بەڵام ئایینی ساختە، بریندار دەبێت.

ئێمە ھەمیشە رەخنەمان لەو پێگە و رۆڵەی حیزب گرتوە. رەخنەمان لە سەرکزی و بێدەنگی سەرکردە حیزب پەرستەکان گرتوە کە چما بەڕوی گەندەڵی و کێماسیەکانی حیزب بە دەنگ نایەن؟ ھەروەھا مەتحی ئەوانەمان کردوە کە لە بەرامبەر داڕزینی حیزب بە دەنگ ھاتون.

ئێستا لەژێر کاریگەری میدیای چەواشە، کە کاری سەرەکی ئەو میدیا و تۆڕانەی راگەیاندن بەلاڕیدابردنی رایگشتییە، خەریکە دیاریدەی حیزب پەرستی سەرھەڵدەداتەوە. ئەوەش نەنگیە و دەبێ سەرکۆنە بکرێت.

ئێمە وەك بەڵێنمان داوە، دۆزی رەوای خەڵکو پەیامەکەمان بەلاوە گرنگە نەك حیزب. تەنھا وەك ئامراز سەیری حیزب دەکەین و کاتێك حیزب دەبێتە بت و بتخانە و دەپەرسترێ و دەبێتە ئامرازی بێدادی و گەندەڵێ، بەڕویدا رادەپەڕین و تێکی دەشکێنین! ئێمە دژی بت پەرستین و لە شکاندنی بتەکان سڵ ناکەینەوە!

#نا بۆ بت پەرستی! بەڵێ بۆ شکاندنی بتی حیزب!

رابون مەعروف

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی