چارەنووسی نێچیرڤان بارزانی بەرەو كوێ‌؟

03/05/2019

سەرتیپ جەوهەر‌

چەند رۆژێكە بەشێك لەلێپرسراوان و میدیای پارتی باس لەوە دەكەن یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هۆكاری دواكەوتنی حكومەتە، هەندێجار تەشهیرو لێدوانی ناماقولیش لەلایەن چەند كەسێكی دیاریكراو دراوە، ئەمە لەكاتێكدایە كە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە 3ی نیسان لەكردنەوەی پێشانگای كتێب لەهەولێر، لەبەردەم كامیراو راستەوخۆ چەند جاریێك دوپاتیكردەوە كە ئەوان یەك چركەش راناوەستن! مەبەستی بارزانی ئەوەبوو كە چیتر لەسەر یەكێتی نیشتیمانی كوردستان راناوەستن! بۆ ئێوارە تەلەفۆنی بۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كردو رێككەوتنی زارەكی كرا.

پرسیارەكە لێرەیە كە ئەگەر ئەوان حەوسەڵەو (سەبری) یەك چركە وەستانیان نەبوو لەسەر یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، بۆ هەنگاو نانێن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌؟ لەكاتێكدا یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەسەر زاری وتەبێژەكەیەوە چەند جارێك دوپاتیكردۆتەوە كە هیچ كێشەیان لەگەڵ پارتی نەماوە؟ كەوایە پێویستە پارتی هۆكاری (ماقول)ی دواكەوتنی حكومەت وەكوخۆی بخاتەڕوو یان بیەوێت دواكەوتنی حكومەت بخاتە پاڵ حزب و لایەنی دیكە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی ئێستا لێرەو لەوێ‌ دەبیسترێن، پارتی لەناوخۆیدا روبەڕوی كێشەی جددی بۆتەوە، دیارترینیان لەنێوانی هەردوو ئامۆزا (نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی) ئەوانیش بریتین لە:

یەكەم: مەسرور بارزانی داوایكردووە بەر لە راسپاردنی وەك سەرۆكی كابینەی نوێ‌ یان لەگەڵ دەستبەكاربونیدا، هەرچی قەرزو پارەی پاشەكەوت و سەرچاوەی دارایی و سامانی سروشتی كوردستانە بخرێتە بەردەست، تاوەكو حكومەتێك وەرنەگرێت كە پارەیەكی زۆر قەردار بێت و دوایی ئۆباڵی درێژەكێشانی ئەو شكستە ئابورییەی كوردستان بخرێتە ئەستۆی ئەو!!؟

رەنگە لەوەدا مەسرور حەزبكات قەبارەی قەردی سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرا بكات، بۆئەوەی بەخەڵك بڵێت من حكومەتێكی لەسەرخۆو سەركەوتووم وەرنەگرتوە! ئەمەش بۆ سەلماندن یان دوپاتكردنەوەی شكستی نێچیرڤان لەحكومڕانیدا.

دووەم: گرفتی ئەنجومەنی ئاسایشی كوردستان، كە نێچیرڤان بارزانی داوادەكات بدرێت بەكەسێكی نزیك ئەو، ئەمە لەبەر دوو هۆكار، لەلایەك بۆئەوەی دڵنیابێت لەوەی لەقۆناغی داهاتوو مەترسی لەسەر پێگەو ئایندەی ئەو دروستنابێت، بەتایبەت لەناو هێزی پێشمەرگەو ئاسایشی پارتی لایەنگرانی نێچیرڤان بارزانی بەتەواوی لاوازە یان دورخراونەتەوە، لەماوەی داهاتووش لەهۆی وەرگرتنی حكومەت لەلایەن مەسرور بارزانی كوڕی مەسعود بارزانی ئیدی لایەنگرانی نێچیرڤان بارزانی هێدی هێدی دوردەخرێنەوە، یان مەسرور بارزانی وەك مافی خۆی لەپێكهێنانی حكومەت لایەنگرانی نێچیرڤان دانانێت. لەلایەكی دیكە ئەنجومەنی ئاسایش بەپێی قانونی سەرۆكایەتی هەرێم سەر بەسەرۆكایەتی هەرێمەو نێچیرڤان بەمافی خۆی دەزانێت كەسێكی نزیكی خۆی دەستنیشان بكات بۆ ئەو شوێنە.

سێیەم: گرفتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئاشتی هەورامی بەشێكە لەگرفتە گەورەكە، نێچیرڤان بارزانی حەزدەكات ئەو پیاوە بمێنێتەوە، چونكە زانیاریی نەوتی كوردستان لای ئەو پیاوەیەو دەشێت كەینوبەینێكیش لەگۆڕێدابێت كە پەیوەندی بەبەشێك لەدەسەڵاتداران توركیاوە هەبێت، كە بریتیە لەنهێنی رێككەوتنی نەوت و پرسی فرۆشتنی نەوت و گێڕانەوەی پارەوه هەبیت!؟ ئەمە لەلایەن مەسرور بارزانی رەتكراوەتەوەو مشتومڕێكی زۆری لەسەرە.

نێچیرڤان بارزانی لەوە گەیشتوە بونی مەسرور بارزانی بە سەرۆكی حكومەت، قۆناغی پێش كۆتایی وەرگرتنی سەرۆكایەتی پارتی دیموكراتی كوردستانە لەلایەن ئامۆزاكەی (مەسرور بارزانی) بۆیە دەیەوێت لەم كابینەیەدا جۆرێك لەگرەنتی هەبێت بۆ مانەوەی نفوزو رۆڵی چ لەحكومەت بەهێزی ئەمنی و پێشمەرگەوە، هەروەها لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان، واتە لەناو كادرو لێپرسراوانی حزب! چونكە ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت رەنگە هەمان ئەو مێژوە بێت كە بەرلە نزیكەی 40 ساڵ دوبارەبۆتەوە..!!

سەرتیپ جەوهەر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی