پرسیارێك لەرۆحی گۆرانەوە !

04/05/2019

عەبدوڵڵای مەلا نوری

هەموو بیرمانە كاك نەوشیروان بە نامەیەك چەند پەرلەمانتارێكی گۆڕانی دەركرد، لە بەر ئەوەی واژۆیان لە سەر نوسراوێك كردبو خانوەكانی پەرلەمانیان لە سەر تاپۆ بكرێت، ئەمە نەك بە خوڕایی بەڵكو بە نرخی خۆی، بەڵام بە قیستی درێژ خایەن.

ئێوارەیەكی درەنگ عەدنان عوسمان، كاردۆ محەمەد، من لە هەولێرەوە كەوتینە رێ بۆ سلێمانی بۆ لای كاك نەوشیروان بۆ ئەوەی داوای لێبكەین پەلە نەكات لە بڕیارەكانی لە ئاست ئەو پەرلەمانتارانە، تا وا دەكەین پاشگەز ببنەوەو داوای لێبوردن بكەن. 

وەڵامی كاك نەوشیروان ئەوە بو دەبێ بە رون و راشكاوی دان بە هەڵەكەیاندا بنێن و داوای لێبوردن لە خەڵك و گۆڕانخوازان بكەن. سەرئەنجام لە بەر ئەوەی بە سیغەیەكی نارون و درنگ وەخت داوای لێبوردنیان كرد دەركران.

سەرنج بدەن عەبدولرەزاق شەریف ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بە رون و راشكاوی دەڵێت: وەزیری كۆچوكۆچبەرانی پێشوی عێراق (دكتۆر دەرباز محەمەد) دۆسیەی گەندەڵی لە سەرە، تا ئاستی ئەوەی دەتوانرا وەك وشیار زێباری متمانەی لێوەر بگیرێتەوە! بە راشكاوی دەڵێت: ئارامی شێخ محەمەد ئاگای لە دۆسیەی گەندەڵیەكەیەتی!

هەروەها ئەوەش دەڵێت: وەزیری ناوبراو لەو گەندەڵیە بەشی گۆڕانی داوە!

سەرنج بدەن چ كارەساتێكە، چ بێدەنگیەكی كوشندەیە، لەم پرسەدا ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی باسی گەندەڵی وەزیرێكی گۆڕان لە عێراق دەكات، بە ئاگاداری و شایەتی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، هەروەها دەڵێت گۆڕان شەریكی گەندەڵیەكەیە!

كەچی ئەوە وتارەكەی عەبدولرەزاق شەریف بو بە رابردو، وەلێ لە نزیكەی ۱۳٠ ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی و گشتی یەك كەس قسەیەكی جدی نەبوو نیە، نە رەد دەكرێتەوە، نە رونكردنەوەیەك بە خەڵك دەدرێت؟!

لەوە كارەسات بار تر نە هەڵسوڕاوێك نە دەنگدەرێك، نە پەرلەمانتارێكی كوردستان، نە عێراق قسەیەكی نیە.

ئاخر بێ دەنگی و دیزە بە دەرخۆنە كردن، پینەو پەرۆكردن، بەرنامەی گۆڕان كلتوری نەوشیروان مستەفا نەبو!

لەم پرسەدا بۆ من دو شت گرنگ بو:ـ
یەكەم: لە پرسێكی لەم جۆرەدا بەدواداچون و لێكۆڵینەوە دەبێت بكرێت بۆ خستنە روی راستیەكان بۆ هاوڵاتیان.

دوەم: هەركات ئەندام و لایەنگرانی حیزب لە پرسە هەستیارەكان بێ دەنگ بون ئیدی بە دەستی خۆیان خەرمانی رەنجی خۆیان دەسوتێنن.

عەبدوڵڵای مەلا نوری

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی