بۆچی بە ٧ مانگ حکومەتیان بۆ دروستنەکرا ؟

05/05/2019

بەهادین نوری

 

٧ مانگ تێپەڕی بە سەر هەڵبژاردنی ٣٠ ئەیلولی ٢٠١٨ داو دەسەلاتدارانی هەرێم نەیان توانیوە حکومەت پێکبهێنن . زێتر لە جارێ بەشیوەیەکی هەڕەشە ئامیز مسعود بەرزانی ڕایگەیاند کە چیدی لەبەر کەس دامەزراندنی حکومەت دواناخات . بەلام دوایشی خست . ئەمە چیدەگەیەنێت و چ هۆکارێکی لە پشتەوەوەیە ؟ 
تەنها ئەوە دەگەیەنێت کە ئەم هەرێمە ، پاش ٢٨ ساڵ لە دامەزراندنی ، هێشتا لە قەیرانێکی هەمەلایەنی قوڵدایە کە دەسەلاتداران بە دەستی خۆیان دروستیانکردووە و خۆیان و ئەم میللەتە داماوەش بە دەستیەوە دەناڵێنن وناشتوانن خۆیانی لێدەرباز کەن چونکە نایانەوەێ واز لە قۆرخکاری دەسەلات وگەندەڵی بێنن . 
بەر لە نەخۆشیەکەی جەلال تالەبانی ئەهوەنتر بوو ، پۆستی سەرەکوەزیرانی هەرێمی دایە فۆاد معوسوم و بەرهەم صالح و کۆسرەت ڕەسوڵ .. بەڵام مەسعود بەرزانی بە درێژایی ئەم ٢٨ ساڵە پۆستی سەرۆکایەتی و سەرەکوەزیرانی قۆرخکردووە . بۆ خۆی و برازای . بەڕیوەیە لەم ڕۆژانە ببنە باوک و کوڕ و برازا ، واتە شیوازی حوکمڕانی خێڵەکی بە تەواوی بۆ دو بنەماڵە . دروستبوونی بنەماڵەی تریش بەڕیوەیە ! حوکمڕانی ئیسلامی سیاسی شیعەکانیش لەم حوکمەتە عیلمانیە قەومیەی هەرێم زۆر باشرترە . لە ماوەی ١٥ سالی پاش ڕوخانی سەدامدا حوکمڕانی عێراق پێنج سەرەکوەزیری بە خۆیەوە دیوە : ئەیاد علاوی ، ئیبراهیم جعفری ، نوری مالیکی ، حیدرعبادی ، عادل عبدالمهدی . بەڵام لە هەرێم کورسی سەرۆکایەتی لە ١٥ ساڵدا نا ، بڵکو لە ٢٨ ساڵی ڕابوردوود ا ، تاپۆ بووە لەسەر مەسعود بەرزانی و کورسی سەرەکوەزیرانیش ئەوە ٢٠ سالە هەر نێچیر بەرزانیە !! 
لەسایەی ئەم شێوە حکومڕانیەدا ژیانی سیاسی و حیزبایەتی لەم هەرێمەدا شێوێندراوە و لە شیرازەی سروشتی خۆی دەرچووە . لەباتی ڕژێمی دیموکراتی هاوچەرخ دووبنەمالە دروست بووە کە لەباتی سوپای نیشتیمانی دوهێزی میلیشیایی تایبەت بە خۆیان دروستکردووە و هەرێمیان کردووە بە دووبەش ، وەک دو مەزرای تایبەتی . شێوەیەک لەهەیکەلی ڕژێمی حکومرانی هەیە بەڵام ناوی بێناوەڕۆکە ، پەرلەمان هەیە بە تەزویری هەڵبژاردن دروستکراووە ، سوپا هەیە بەلام سوپای حیزبە ، دادوەری هەیە بەلام ئامێرێکی حیزبیە ، خوێندن هەیە بەڵام بەهەست و خواستی حیزب بەڕێوە دەبرێ ، ژیانی حیزبایەتی هەیە بەلام لەو جۆرەیە کە نمونەی مەگەر لە ولاتێکی وەک ئەم هەرێمەدا ببینرێ ، بازاڕو کۆمپانیاو جموجۆڵی ئابوری هەیە بەلام پڕ قانزاجترین پرۆژە تەرخانکراوە بۆ دەسەلاتداران .... هتد 
بە ٧ مانگ وەزارەتیان بۆ پێکناهێنرێ لە کاتێکدا کە ٨٥ ٪ کورسیەکانی پەرلەمانیان لەدەستدایە ! ئەمە بۆچی و بە چ لۆژیکێ ؟ هیچ تەفسیرێکی ڕاستە قینە هەیە جگە لەوە کە لە قەیرانێکی توندا دەژین ؟ پارتی و ینک لەسەر بەشکردنی هەریسەکە لە ململانێدان . پارتی دەیەوێ بە ئارەزووی خۆی بەشیکات و ینک بەمە ڕازی نیە چونکە دەزانێ هاوبەشەکەی بە چ شیوەیەک بووە بە خاوەنی ٤٦ کورسی ، دەزانێ کە لە هاوکێشەی هێزی سیاسی و سەربازیدا جیاوازیەکی جدییان نیە ، بە پێچەوانەی گۆران کە جێگەی سروشتی خۆی ــ ئۆپۆزسوێن ــ جێهێشت و چوونە ناو حوکمەتی هەڵبژارد . برادەرانی گۆران ئەوەیان بیر چووکە دەمێک نیە پەنجە یانکرد بە کوناو دوپشک پێوەیدان . ئەمجارەش پەنجە یانکردوەتەوە بە هەمان کوندا ، ڕەنگە گران بکەوێ لەسەریان و لەسەر هەموو بزافی نیشتیمانیش . 
ئەمڕۆ خراپترین ڕۆژانی ئۆپۆزسوێنە لەم هەرێمەدا . ئەوە گۆران کە پێش ١٠ ساڵ وەکو حیزبێکی ئۆپۆزسوینی بەهێز پەیدا بوو ، جیگەی هیوای خەڵک بوو ، ئەمڕۆ وەکو حیزبێکی بچووک خۆی ئالاندووە لە دەسەلاتدارانەوە . ئەوە نەوەی نوێ کە بە بلۆکێکی هەشت کەسیەوە جێگەیەکی بۆخۆی لە ئۆپۆزسوێندا دروستکردبوو ئیستە کەوتوتە وەزعێکی شڕو شێواو . ئەوە چەپەکان کە بەخیلی بە حاڵیان نابرێ و چاوەڕێش ناکرێ بەم زوانە هەڵسنەوە . جا جارە چیە ؟ 
بە هەموو حاڵێ ئەگەر پارتی و یەکیتی لەسەر ئەم ڕێڕەوەی ئیستەیان بەردەوام بن دواڕۆژیان نیە و گۆڕانکاری هەردەبێ . بەلام بۆ ئەوەی ئەو گۆرانکاریە زووتربێ ، ئاسانتر بێ ، بە پێویستی دەزانم خەڵکی دیموکراسیخواز و نیشتیمانپەروەران بە گشتی بجووڵێن ، ئەم پرسە بخەنە بەر باس و بگەڕێن بۆ شێوەیەکی گونجاو بۆ ڕێخستنەوەی بزافی ئۆپۆزسیون ، بۆ ڕێخراوێکی وەها کە ئەم بۆشاییە گەورەیەی لە گۆڕەپانی سیاسیدا هەیە پڕ کاتەوە . 
ڕای من لەم پرسەدا ئەمەی خوارەوەیە : قەومی عەرەب ( بە تایبەتی بەعس ) خۆیان تاقی کردەوە لە ٤٠ ساڵ ( ١٩٦٣ ـــ ٢٠٠٣ ) و فەشەلیان هێنا لە عێراقدا . قەومی کوردیش ٢٨ ساڵ ( ١٩٩١ ــ ٢٠١٩ ) خۆیان تاقی کردەوەو فەشەلیان هێنا . ئیسلامی سیاسیش لە عیراقدا ١٥ ساڵە ( ٢٠٠٥ ــ ٢٠١٩ ) خۆیان تاقی کردەوەو فەشەلیان هێنا . چەپیش بەر لەوەی خۆیان تاقی بکەنەوە پووکاونەتەوەوە فەشەلیان هێناوە . کەواتە دەبێ بۆ شێوەیەکی نوێ لە خەبات و ستراتیجی بگەڕێین . من ئەم شێوە تازەیە لە پێکهێنانی ڕێخراوێکی جەماوەری تازەدا دەبینم کە سەرجەم جەپەکان و نیشتیمانپەروەرە لیبراڵەکان لە خۆ بگرێ بۆ تێکۆشانێکی ئاشتیانەی دیموکراسیانە ، لە پێناوی ڕژێمێکی دیموکراتی مەدەنی وەکو ڕژێمی سوید ، هولەندا ، کەنەدا . پێمباشە ئەم ڕێخراوە ناوبنرێ ( بزافی چاکسازی دیموکراتی ) + لەسەرە تاوە ( گرووپ گرووپ ) دابمەزرینرێ و دواتر ئەم گرووپانە یەکبگرن + لە سەرەتاوە وابکرێ کە وەرگرتن و گۆڕینی پۆستی سکرتێر بە ئیرس و تاپۆکاری نەبێ وەک ئەم وڵاتە دواکەوتوانە ، بەڵکو وەکو ئەوروپای ئەمڕۆ بێت . 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی