شەهادەو قسەیەكی تر

09/05/2019

لەتیف فاتیح فەرەج

1
قسەی من لە سەر شەهادە پەیوەست نیە بەوەوە كە بۆ لە یاسادا ئەمە بە گرنگ نەزانرێت ، قسەی من رێك لە سەر ئەوەیە كە شەهادە پێویست نیە، ئیتر بۆبۆ دامەزراندنی پۆلیسێكیش داوای شەهادە دەكەن ، بۆ ئەو هەموو گەنجە زانكۆ تەواو بكەن و دانەمەزرێن، یانی قسەكە رێك بەو مانایە دێت كە شەهادە پێویست ناكات ، ئەمە مانای ئەوەیە بڕوانامە لای مرۆڤی كورد بێ‌ بایەخدەكرێت ، ئەو بڕوایە لای كچ و كوڕی كورد دروست دەبێت كە ئیتر بۆچی بخوێنن ، یانی مەترسیە كە ئەمەیە ، نەك ئەوەی رۆژێك بڵێی وڵات بە نەخوێنەوار بەڕێوە ناچێت و رۆژێكی تریش بڵێی من ناوی كەسم نەهێناوە ، من بۆ خۆم دەیان خەڵكی بێ‌ شەهادەی زیرەك و زرنگ و شۆڕشگێڕ دەناسم كە كارەكەیان باشترین بڕوانامەیە ، بەڵام ئەوان نەدەبنە سەرۆكی هەرێم ، نه رێگەیان پێدەدرێت ببن ، بۆ خۆیشیان رێزی خاوەن بڕوانامە دەگرن و ناڵێن پێویست نیە ، كێشەكە ئەوەیە لە دوای 1991ەوە دەیان دال لەپێش ناوی نەخوێنەوار كراوەتە بڕوانامە دارو پڕۆفیسۆر ، ئەوەبۆیە پارلەمانەكەش بۆ سەرۆك بڕوانامە بە پێویست نازانێت.

2
ئەوانەی باسی ئەوە دەكەن سیستەمەكە پارلەمانیە ، ئاخۆ دەتوانن لە سەرۆكی هەرێم بپرسنەوە سبەی ، دەتوانن سەرۆكی هەرێم بۆ پرسینەوە بانگی پارلەمان بكەن ، سەرۆكی هەرێم نا سەرۆكی حكومەت ئاخر ئەوان دەتوانن لە سەرۆكی حكومەتێ‌ بپرسنەوە كە كوڕی مەسعود بارزانی بێت و خۆیشی ناوی مەسرور بارزانی بێت ، ئەم خۆ فریودانە لە پای چی ، ئایە بیریان چوو چەند پارلەمانتار بە حەسانەكەشیەوە حەسیر مەیدان كرا، بیریان چوو لە ناو پارلەماندا سەرۆكی حكومەت بە توڕەیی بە پارلەمانتارەكانی گۆڕاندا هەڵشاخاو پێی وتن بۆتان نیە بە ئارەزوی خۆتان چەلەحانێ‌ بكەن ، ئاخر گەلۆ كەس ئازایەتی ئەوەی هەیە سوڵتان گیرو گاز دات ، ئەوە سوڵتانە كە لێپێچینەوە لە هەمووان دەكات نەك ئەوان لە سوڵتان ،چاوەڕێبن لە داهاتودا وای لێدێت دەبێ‌ نائیب لەبەردەم سوڵتانا بنووشتێتەوە ، خودایە بمژێنە تا سەمەرەی دیكە ببینین .

3
ئەوانەی ئێستا لە پارلەمان و لە سێ‌ حزبەكە بە ئارەزوی خۆیان یاساو رێسا دەردەكەن و چۆنیان گەرەك وای دەبڕن و دەدورن ، بەلای زۆرەوە نوێنەرایەتی 35%ی دانیشتوانی هەرێم دەكەن ، ئاخر لە دوا هەڵبژاردنا زیاتر لە 65%نەچوونە رایە ، ئاخر ئەو 65%ە بەم فاك و فیك و ئاین و ئۆین و پینەو پەڕۆیە رازین یان سبەی قسەیەكی تریان دەبێت ، مێژوو سەری زۆركەسی خوارد ، كێ‌ دەڵێت ئەم چەرخی رۆژگارە هەر بەو جۆرە دەگەڕێت .

4
گەوجی سیاسی قسەو باسی زۆر هەڵدەگرێت ، رەنگە زۆر جار لێرەو لەوێ‌ بە كورتی و وەك ئاماژە قسەی لە سەر كرابێت ، بەڵام بە فراوانی نا ، منیش ئەوە ناكەم ،لێ‌ بەلامەوە سەیرە بگاتە ئەو رادەیەی میدیاكەت بخەیتە خزمەتی ئەو بابەتەوەو لە خزمەتی ئەوانەدا بێت كە فریوت ئەدەن و ئەوانە پشتگوێ‌ بخات كە لە خەمتان .

لەتیف فاتیح فەرەج

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی