​پلانەکەی ئەمریکا بۆ کورد چییە؟

10/05/2019

کوردستان ئەحمەد


لەسەروبەندی ھەڵبژاردنەکاندا زۆرێک لە خەڵکی و چاودێرانی دۆخی ئەمریکا دەیانوت ترەمپ ھەرگیز نابێت بەسەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەم ھەڵەیە تەنھا شرۆڤەکارانی نەگرتەوە بەڵکو سەرۆکی پێشووی ئەمریکا باراک حسێن ئۆباماشی گرتەوە کە زۆر بەتوندی دژیی ترەمپ بوو، ھەروەھا نەیدەویست ببێت بەسەرۆک و زۆرجاریش گاڵتەی پێدەکرد کە لە کاتی کەمپینەکەدا دەیگوت ئەگەر تۆ چوویتە کۆشکی سپی ئەوە ئێمە واتە ھیچمان نەکردووە، ئەوە ھەڵەیەی کوردەکانی باکورو باشور و ھەروەھا رۆژھەڵات و رۆژئاواشی گرتەوە کە پێییان وابوو دۆناڵد ترەمپ نابێت بەسەرۆکی ئەمریکا.

کەمپینەکەی ترەمپ زۆر بەھێز بوو ٤٣ جۆر لۆبی بەھێزی ئیسرائیلی لە پشت بوو بەسەدان ملیار دۆلاریشی تێچوو، چونکە ترەمپ راستەوخۆ ئەو چەکە بوو کە  ئیسرائیلییەکان بەدوایدا دەگەڕان و دەیانویست کاری گەورەی لەبارەوە بکەن و ھەروەھا پرۆژەکانی خۆیانی پێ سەربخەن  لە پرۆسێسسی بەسەرۆک بوونی دۆناڵد ترەمپدا چەند پرۆژەیەکی گرنگی ئیسرائیلی ھەبوون کە زۆر گرنگ بوون و بوونە کەمپینی بانگەشەی سەرۆک دۆناڵد ترمپ کە سەرجەمیان پرۆژەی بەپرۆسێس کراوی ئیسرائیل و بەتایبەت ئیپاک بوو.

ەشێک لە پرۆژەکان راستەوخۆ پەیوەندیان بە ئیسرائیلەوە ھەبوو وەک کەرتی غەززە و گواستنەوەی  کۆنوسڵخانەکان و بەپایتەخت ناساندنی  ئورشەلیم و چەند پرسێکی تر، بەشێکی تری پرۆژەکان پەیوەندی بەو دووژمنە گەورانەوە ھەبوو کە خەتەریان لەسەر ئیسرائیل دروستدەکرد ئەوەش دووبارە پرۆژەکانی ئیپاک بوون کە ترەمپ بانگەشەی بۆ دەکرن. بەشێکی تر لە پرۆژەکانی لە رۆژھەلاتی ناوەراستدا بریتیبوون لە پرۆژەی کورد لە رۆژھەڵاتی ناوەراست و پرسە سیاسیەکەی کە بەشێکە لە پلانی ئیپاک .

ئیپاک دەربارەی  کورد چی بە ترەمپ دەدات؟

ئیپاک وەک لۆبیستیەکی بەھێز لە ئەمریکا دەربارەی کورد پرۆژەیەکی گەورە دەخاتە بەردەست ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپ، لەبەرئەوەی  کوردەکان و جیۆ ستراتیژییەکەیان بەھیچ شێوەیەک دژی ئیسرائیل نییە و ھاو ئایدیان لە بەرامبەر دوژمناندا وەھەروەھا ھەموو دوژمنەکانی کورد دوژمنی راستەقینەی ئیسرائیلیشن بۆیە دەبێت ئیپاک چارەسەرێک لەمەر ئەمە وەک پرۆسێیسس بنەرەتی بدات بە ئەمریکا و جێبەجێشی بکات.

ئەو پرۆسەیە بریتییە لە چارەسەرێکی نیمچە بنەرەتی بۆ کورد لە رۆژھەڵاتی ناوەراستدا، لەراستییدا پرۆژەکە بەتەواوەتی پرسی کورد چارەناکات، بەڵام نزیکی دەکاتەوە لە چارەسەر ئەوەش پەیوەستە بەوەی تا چەند کورد دەتوانێت رووبەرووی پرۆژەکە بروات و زەمینە بۆ جێبەجێکردنەکەی برەخسێنێت و خۆشی کارەکتەرێکی باش بێت.

ئیپاک و ئەمریکا یەک دیدیان لە بارەی کوردەوە ھەیە ئەویش ئەوەیە کە کورد بەو شێوەیەی ئێستای کە ھەیە دەبێت بمێنێتەوە و چوار ستاتیۆی بەھێزی ھەبێت و ھەرچوار ستاتیۆکەش ببێتە پشتیوانی راستەقینەی ئەمریکا و ئیسرائیل و بەدیلی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانی رۆژھەڵاتی ناوەراست بێت و وڵاتەکەی خۆیان بن و تارادەیەک سەربەخۆیی سەربازی و سەربەخۆیی ئابوری و سیادی بریاردانیان ھەبێت، واتە چوار ھەرێم کە ھەر ھەرێمێک سەر بەدەوڵەتەکەی خۆی بێت و سەرباز و ئابوری و سیادەی خۆشیان ھەبێت وەک ئەوەی دەوڵەتێک لە دەوڵەتێکی تردا بێت بۆ ئەوی بتوانێت کاری گرنگ بکات لە مەڕ رۆژھەلاتی ناوەراست .

پرۆژەکە چیە؟

کورد لە رۆژھەڵاتی ناوەراستدا لە دوای سایکس بیکۆوە خۆێندنەوەیەکی تری بۆدەکرێت و لە  دوای بەھێزبوونی دەوڵەتەکانی ترەوە کە بەھێزتر بوون وەک عێراق و سوریا و تورکیا و ئێران خوێندنەوەیەکی تری بۆدەکرێت. ئەوەی کە ھەبوو ئەوەبوو کە کورد نەیتوانی لەسەدەکانی رابردوودا قەوارەی سەربەخۆ وەک دەوڵەت بەدەستبھێنێت بە ھۆی سیاسەتی چەوتی خۆی و بێحورمەتی دۆستەکانی و خەتەریی دوژمنەکانییەوە بوو .

ئێستا پرۆسەکە ئاڵۆزتر بووە وەک لەسەرەتا، چونکە ئەگەر جاران کەس نەبوو ستراتیژیی نوێیی جیھانی بۆ کورد دابڕێژێت، ئەوا ئێستا ئیپاک و چەندینی تر ئەو کارە بۆ کورد دەکەن ئەوەش بۆ کورد و خاوەنی ئیپاکیش گرنگی تەواوی ھەیە و ھەمووان دەیانەوێت ئەو قەوارە  دروستبکرێت کە دەبوو دروستبکرایە،  بەڵام قەوارەکە چۆن دروست دەکرێت؟

قەوارەی سەربەخۆی کورد کە بریتیبێت لەیەکگرتنی ھەرچوار پارچەی کوردستان و یەک دەوڵەت کە ھەموو کوردەکانی کوردستانی تێدابێت ئەوە خەونی ھەموو کورد و ھەموو دۆستەکانیشە، بەڵام ئەوەندەی کات دەوێت کە عەقڵ تەقەبولی ناکات، بەڵام لە چوارچێوەی بیرکردنەوەکانی ئیپاکدا ئەوە خەیاڵ نییە و کاریی لەسەر کراوە و بەبەردەوام بەرەو پێشەوەش دەروات.
ئیپاک لە پرۆژەکەی ترەمپدا بەم شێوەیە باس لە کورد کات وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ و کار کە کوردەکان لە چوار چێوەی دەوڵەتەکانیاندا دەمێننەوە و کار بۆ بەھێزبوونی خۆیان دەکەن،  ئەوەش بۆ ھەر پارچەیەک و بۆ ئەوانەی ئەوروپاش جیاوازە و وەک یەک نییە کە بەم شێوەیەی خوارەوەیە.

تەوەری یەکەم

ئەمریکا و کوردەکانی  باشور

 لەبارەی باشوری کوردستانەوە ئەمریکا لە ساڵی ١٩٩١ ەوە پلانێکی ستراتیژی ھەبوو بەڵام بەھۆی دەسەڵاتی عێراقەوە  نەدەتوانرا بەتەواوەتی  بچەسپێنرێت  بەڵام لە دوای ٢٠٠٣ وە کورد لە باشور لە ستراتیژی ئەمریکا  رێرەوێکی تری وەرگرت ئەوەش دوای ئەوەبوو کە ھەرێم چێوەیەکی نێودەوڵەتی وەرگرت  لە ئێستادا باشور بۆ ئەمریکا گرنگیەکی گەورەی ھەیە  لە چوار چێوەی چەند خاڵێکدا.

یەکەم: ئەمریکا دەیەوێت باشوری کوردستان لە چوار چێوەی عێراقدا بە بەھێزیی و بە یەکدەنگی و بە ئاراستەیەکی دەستوریدا بمێنێتەوە، چونکە بەم شێوەیە زامنی بەدەست ھێنانی مافەکانی کوردە لە باشور.

دووەم: ئەو ئیستاتییەی کە ھەیە پێویستە بە یەک قەوارەیی بمێنێتەوە.

سێًیەم: دەزگا ھەواڵگرییەکانی ھەرێم بەسەرکەوتوویی بمێننەوە و چاودێریی وردی دۆخەکە بکەن.

چوارەم: حکومەتی ھەرێم بە بەھێزی پێکبھێنرێت و بەشێک لە دەسەڵاتەکان ئاڵوگۆر و دەستاودەست بکەن.

پێنجەم: سوپای ھەرێمی کوردستان ببێتە سوپایەکی نیزامی و ستراتیژیی کە دواجار وەک ھەسەدە بەکار دەھێنرێن بۆ شەری بەوەکالەت

شەشەم: یەک دەنگی و یەکریزی  لە عێراقدا.

حەوتەم: بەرەوپێشچوونی سیستمی مافی مرۆڤ و ئازادی رادەربرین لە ھەرێمدا.

ھەشتەم:  رووبەرووبوونەوی تیرۆر.

ئەوە تەواوی ئەو خاڵانەیە کە ھەرێمی کوردستان دەھێڵێتەوە لە چوارچێوەی ھەرێمی کوردستاندا ئەگەر رەچاوی ئەو خاڵانە بکرێـت ئەوا ھەرێم زەمانی پشتیوانی ئەمریکا بەدەست دەھێنێت، ئەوەش وادەکات کە ئەمریکا لە ھەرێم پێگەکەی بەھێزتر ببێت.

ئێستا لە ھەرێم ئەمریکا ھێندەی ١٠ وڵات پێگەی سەربازی و سیاسی ھەیە ٥ بنکەی سەربازی ھەیە لە چەندین رێکخراو ناوەندی ستراتیژیدا ھەیە  ھەروەھا  کۆنسوڵخانەکەشی لە ھەرێم دەسەڵاتی گەورەترین کۆنسوڵی جیھانی ھەیە .

تەوەری دووەم

ئەمریکا و رۆژئاوای کوردستان

 لەبارەی رۆژئاوای کوردستانەوە ئەمریکا پێش ئەو دۆخەی سوریای تێکەوت کە من بروام وایە ئەو شەرە ١٢ ساڵ دەخایەنێت، ئەوەی  دەیزانی کە پێویستە ستراتیژێکی مەزنی ھەبێت لە رۆژئاوای کوردستان و ستراتیژەکەش تەنھا بە ئۆتۆنۆمی یان کۆنفدراڵی کۆتایی دێت بەم شێوەیە:

یەکەم: کورد بەتەواوەتی شەریی تیرۆر بکات لە سوریادا.

دووەم: مافەکانی مرۆڤ لە سوریا و ناوچە کوردیەکان بەباشی بەرێوەبچێت.

سێیەم: کورد لە سوریا داوای سەربەخۆیی نەکات.

چوارەم: ئەم ستاتیۆیە بتوانێت ھەرێمێکی سەرکەوتووی نمونەی دیموکراتی و سیاسی  ئابوری بێت لە جیھاندا.

پێنجەم: لەگەل تیرۆر رێکنەکەوێَت.

شەشەم: مامەلە لەگەڵ روسیادا نەکات وەک بازرگانی نەوت و چەک و ئۆتۆمبێل.

حەوتەم: میراتگری دیموکراسیکردنی رۆژھەلاتی ناوەراست و خودی ناوچەکەشی بێت.

ھەشەتەم : سوپایەکی ستراتیژی و ستاندار و رێکوپێکی ھەبێت.

نۆیەم: بازرگانی لەگەل ئێران و روسیا و ھەروەھا چەند وڵَاتێکی تر نەکات.

دەیەم: یەکتری وەک ھێزی نیشتیمانی و نەتەوەی و دیمکراتی قبوڵبکەن.

ئەوە ئەو ستراتیژەیە کە ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان ھەیەتی کە ئەگەر وەک خۆی جێبەجێ بکرێت ئەوە ئەمریکا زۆر کاری گەورە لە رۆژئاوای کوردستان بکات بەرەو پێشتریشەوە دەروات، ھەندێک زانیاری گەورە و ستراتیژی ھەیە کە رۆژئاوا گەوەرترین بنکەی ستراتیژی ئەمریکا و ئیسرائیلی لێ دروستدەکرێت.

وەرزی سێیەم

ئەمریکا و باکوری کوردستان

کەمترین نوسین و ستراتیژیەتی ئەمریکا لەبارەی باکوری کوردستان و ئەمریکا ھەیە، ئەوەش پەیوەندی بەوەوەوە ھەیە کە پەیوەندی و لۆبی گەورەی نێوان ئەمریکا و تورکیا ئەو راستیانەی شاردووەتەوە، ئەوەش قورساییەکی گەورەی ھەیە لەسەر بابەتەکە ، بەڵام ئەوەش ناکاتە ئەوەی بڵێیین ئەمریکا کوردی لە تورکیا تەواو کردووە.  لەوانەیە ھەرکورد ببێتە پرسی ھەڵگیرساندنی ئاڵۆزیەکانی تورکیا کە پەکەکە و پنتاگۆن سپۆنسەری دەکەن.

ئەو کارانەی ئەمریکا دەیەوێت لە کورد لە  باکوریی کوردستان

یەکەم: دووربن لە پشتیوانی پەکەکە، چونکە پەکەکە وەک ھێزێکی تیرۆر ناوی دەرکردووە.

دووەم: لە چوار چێوەی ھەڵبژاردنەکاندا بۆ خۆیان وجودێکی گەورەیان ھەبێت.

سێیەم: ناوچە کوردییەکان بکەنە چەند ناوچەیەکی بەھێز و وەک ناوچەی دیمکوراتی ناوببرێن.

چوارەم: ئەمریکا تا قۆناغی شەڕ لە تورکیا رێگە بە ستاتیۆی باکور نادات و پشتیوانی ناکات .

لە راستیدا تا ئێستاش کورد نازانێت  لەباکوری کوردستان بەدوای چییەوەیە؟ تەنھا ئەوە نەبێـت کە دەیەوێت تورکیا بە دیموکراسی بکات، ئەوەش ئەستەمە و تورکیا زۆر قورس ئەوەی پێدەکرێت دەبێـت کورد لە تورکیا خۆی ئەوە بکات کە ئەمریکا بێتە سەر رێیی  ھاریکاری مەدەنی، چونکە کورد لە تورکیا بووەتە تیرۆر ئەوەش مەترسیەکی گەورەیە .

تەوەری چوارەم

ئەمریکا و رۆژھەڵاتی کوردستان

رۆژھەڵاتی کوردستان گرنگیەکی گەورەی ھەیە بۆ ئەمریکا لە ئێستادا و لە ئایندەشدا ئەمریکا بۆ بەدیلی راستەوخۆی  کۆماریی ئیسلامی ئێران دەگەڕێت بۆ ئەوەی حوکم لەو وڵاتە بگۆردرێت و بگەیەنرێتە جێگرەوەیەکی زۆر باش،  بەڵام بەراستی کورد لە رۆژھەلات زۆر خراپە یەک دەنگ و یەک بەرنامە و یەک ریز نییە ھەریەکە و لە ئاوازیێک دەخوێنێت.

چەندین جار ئەمریکییەکان ئەوانی دەعوەتی واشنتن کردووە و داوای لێکردوون کە ببنە ھێزێکی یەک دەنگ و پەک پلان و یەک بەرنامە، ئەوەش زۆر قورسە و کوردەکان ناتوانن ئەوە بکەن، لە راستیدا ئەکەر  یەک دەنگ و یەک ریزبن ئەمریکا تەنانەت فرۆکەشیان دەداتێ.

ئەوەی ئەمریکا دەیەوێـت لە کوردی رۆژھەڵاتی کوردستان

یەکەم: یەک ریز و یەکدەنگ بن.

دووەم: خاوەنی پلانێک بن بۆ بەرێوەبردنی خەڵک.

سێییەم: سوپایەکی یەک دەنگ و یەکریزیان ھەبێت.

چوارەم: ستراتیژێکی بەھێزی کاریی سیاسیی و سەربازییان ھەبێت تا ئەمریکا ھاریکاریی و پشتیوانیان بکات.

پێنجەم: رووبەڕووی رژێمی ئێران ببنەوە.

شەشەم: ستراتیژیی ھەموو کورد و ناوچەکانی خۆی ھەبێت

حەوتەم : لە چوارچێوەی دەستوریی نوێدا خاوەنی ستاتیۆیەکی سەربەخۆ بن وەک نمونەی باشوری کوردستان.

ئەگەر لەم قۆناغەدا کورد توانی ئەم کارانە بکات ئەوە کورد دەچێتە قۆناغی دووەمەوە لە رۆژھەلات ناوەراست و لە پلانی لینکۆ و پنتاگۆندا بۆ ئەوەی کە کورد بتوانێـت بە ئامانجی ستراتیژیی خۆیان بگەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی