گێڕانەوەی هاوسەنگی هێز لەهەرێمی كوردستان

11/05/2019

لوقمان حاجی قادر

سیاسەتی گێرانەوەی هاوسەنگی لە زۆر بواری جۆراوجۆردا كاری پێدەكرێت (سیاسەت، ئابووری، كۆمەڵایەتی، سەربازی،  دەروونی..هتد)، پیادەكردنی بۆ گێرانەوەی هاوسەنگی هێزە لە نێوان دوولایەن یان زیاتر، دوو جەمسەر یان زیاتر، مەبەست لێی كەمكردنەوەی ناكۆكی و ململانێیە بەشێوەیەك نەگەنە ئاستی پێكدانان، بۆ چەسپاندنی ئارامی و سەقامگیرییە، ڕێگرییە لەوەی لایەنێك یان چەند لایەن و جەمسەرێك باڵادەستی خۆیان بەسەر ئەوانی دیكەدا بسەپێنن و بچنە دەرەوەی خانەی لێپرسینە و لێپێچینەوە و یاسا كارپێكراوەكان.

ئەم سیاسەتە دێرینە و دەمێكە مرۆڤایەتی وەك پێداویستیەكی ڕێكخستنی كۆمەڵگا پیادەی دەكات. دەكرێت پیادەكردنی بۆ ناوخۆ بێت یان دەرەوە؛ بیردۆزەی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانی ((جێبەجیكردن و یاسادانان و دادوەریش)) لە دەوڵەتدا هەر لەسەر ئەم هاوسەنگییە بەندە تاوەكو دەسەڵاتەكان یەكتری دانەپۆشن و چاودێربن بەسەر یەكترییەوە و یەكدیكە ڕابگرن، ئەمەش ستەمكاری و لە یاسا دەرچوون ڕادەگرێت و جۆرێك لە ئاشتی و ئارامی بۆ كۆمەڵگا دەستەبەر دەكات.

لەسەر ئاستی دەرەكیش دەوڵەت و جەمسەرەكان پەنای بۆ دەبەن، چ پێش جەنگ و چ دوای جەنگ، لە هەردوو باردا ئەم سیاسەتە لە ڕێگەی هاوپەیمانی و ڕێككەوتننامەی نێوان لایەنەكانەوە پیادە دەكرێت چ بە گێرانەوەی هاوسەنگی بە زەبری هێز دژ بەو لایەنەی دەیەوێت خۆی زاڵكات بەسەر ئەوانی دیكەدا، یاخود بە سازدانی ڕێككەوتنامەی ئاشتی لەدوای جەنگ بۆ ڕێگری لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی ناكۆكی و ململانێ و جەنگەكان.

لە هەرێمی كوردستانیش، دەمێكە ئەو هاوسەنگییە تێكچووە، هەر لەوساوەی یەكیەتی و پارتی دەستیان بەسەر پڕۆسەی حوكمڕانی هەرێمدا گرت و بە جووت جەمسەری حوكمڕانی هەرێمیان گرتە دەست، بە ڕێككەوتننامەی ستراتیژی نێوانیان بوونە یەكجەمسەر دژ بەوانی دیكە، ڕۆڵی دامەزراوەكانی هەرێمیان پەكخست بەوەی كردییانە دامەزراوەیەكی بەتاڵ لە ئەنجامدانی ئەركە ڕاستەقینەكانی خۆیان. هەژموون و دەسەڵاتیشیان لە نێوان خۆیاندا بەشكرد و لایەنە سیاسییەكانی دیكەشیان لە پڕۆسەی حوكمڕانی دوورخستەوە و پەراوێزخست، تا ئەو ساتەی هاوسەنگییەكە لە نێوان خودی ئەو دوو حزبەشدا تێكچوو، پارتی باڵادەستی خۆی بەسەر حوكمڕانی هەرێمدا سەپاند، ئەمەش دوای ئەوەی یەكیەتی كەرت بووە و بزووتنەوەی گۆرانی لێجیابۆوە.

لە ئێستادا لە هەموو شتێك گرنگتر بۆ هەرێم و حوكمڕانییەكەی و ماف و ئازادی هاووڵاتییەكانی، گێڕانەوەی هاوسەنگی هێزە، بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتی تاكجەمسەری حزبە كە وایكردووە نرخ و بەهایەكی ئەوتۆ بۆ سیستەمە بەناو دیموكراسییەكەی هەرێم نەمێنێتەوە، دیموكراسیەتی لە میكانیزمەوە كردۆتە ناو و دروشمی بەتاڵ، دامەزراوەكانی كۆت و بەند كردوون لەوەی ئەركی خۆیان ڕاپەڕێنن، بەهایەكی بۆ پڕۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردن نەهێشتۆتەوە، بگرە خودی پڕۆسەی دەنگدانیشی كردۆتە گاڵتەجاڕییەكی گەورە.

پارتی دیموكراتی كوردستان سەرمەشقی ئەو تاك جەمسەرییه،‌ كە تەواو كۆك و تەبایە لەگەڵ پێكهاتەی حزبییەكەیان، بەوەی حوكمی دامەزراوەی بخنكێنن و هەموو دەسەڵاتەكان لە بندەستی حزبێك و لە وێشدا لەناو خێزانی فەرمانڕەوا كۆبكەنەوە. پارتی بەهەر‌ شێواز هۆكارێك بێت توانی گەمە سیاسەییەكەی هەرێم لەبەرژوەندی خۆی بشكێنێتەوە، ئەوەی پێی دەگوترێت ئۆپۆزسیۆن ، ووردە وەردە و قۆناغ قۆناغ، لاواز و پەرتوبڵاو بكات، لە هەموو پڕۆژە و بەرنامەیەكی ئۆپۆزسیۆنبوون بەتاڵیان بكاتەوه، بەشێوەیەك كردنییە گاڵتەجاڕی جەماوەرەكەی خۆشیان، لە ئاكامیشدا هەرجارە و یەكێك دژ بەوی دیكە بەكاربێنێت، بگرە وای كرد شەڕی بەلەجیاتیشیان پێ بكات و بیانكاتە نەیاری یەكتر، جا لە بری ئەوەی ململانێی دەسەڵات بكەن، كەوتنە وێزەی یەكتر، جەماوەر و شەقامیشیان بۆ سەرگەردانی و شەرلێشێوای جێهێشت.

ئێستا شەقام تا ڕادەیەكی زۆر بێ خاوەنە، تەنانەت ئەندامانی پارتە بەناو ئۆپۆزسیۆنەكانی جارانیش باوەڕیان بە ڕاستگۆی پارتەكانی خۆیان نەماوه،‌ لەوەی بتوانن نوێنەر‌ی ڕاستەقینەی مافە ڕەواكانی هاووڵاتیانبن، ئاسۆی دەركەوتنی حزبێكی دیكەش لە ئارادا نییه،‌ ئەو بۆشایەی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان پڕ بكاتەوە و خەڵك ئو‌مێدیان لەسەر هەڵچنێت. بۆیە بەدەر‌ لەوەی ئێستا هەیە، دەبێت بەدوای چارەسەرێكدا بگەڕێین، ئەو چارەسەرەش گێرانەوەی هاوسەنگی هێزە لە هەرێمی كوردستان و سنوردانانە بۆ سیستەمی تاكجەمسەری حزبی، كە ئەگەر ڕانەگیرێت و بەردەوام بێت، بەڵا و كارەساتی لەوەی پێشوو خراپتر تووشی هەرێمەكەمان دەكات.

بەدەر لە پارتی دیموكراتی كوردستان كە لەم پرسەدا مێشی میوان نییە، ئەم ئەركە هی سەرجەم پارتە سیاسییەكانی دیكەی هەرێمە كە بانگەشەی ئەوە دەكەن لە خەمی ماف و ئازادییەكانی هاووڵاتیانن، ئاوڕێك لە خۆیان و جەماوەر و شەقام بدەنەوە، بە جۆرێك لە جۆرەكان لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی مەدەنییانەدا بەرەنگاری ئەو سیستەمە تاكجەمسەرییە ببنەوە كە سەرچاوەی هەموو بەڵاو نەهامەتییەكانی میللەتان بووە لە مێژووی كۆن و هاوچەر‌خیاندا.

ئێستا ئەوەی ڕوویدا ڕوویدا، ئەوەی ڕۆیی ڕۆیی، پێویست نییە لە ونگەی ڕابردوودا بخولێینەوە و كای كۆن بەباكەین، گرنگ ئەوەیە هەنگاوی یەكەمی وەستانی دژ بە دەسەڵاتخوازی و پاوانخوازی و قۆرغكاری لە هەرێم دەست پێبكات، جا لێرەوە پارتی ئازا و بوێر ئەو پارتەیە شكۆمەندی ئەوەی پێ ببڕێت كە یەكەم هەنگاوی گێرانەوەی هاوسەنگی هێز باوێژێت، هەر چەندە لە سایەی دۆخی ئێستای هەرێم و ڕێككەوتنەكانی پێكهێنانی حكومەتی ئایندەدا، ئەم هەنگاوە سەخت و دژوار بووە، بەڵام هێشتاش مەحاڵ نییە و دوور و نزیك و درەنگ زوو دەبێت سەرمەشق و پێشەوایەكی بۆ پەیدا بێت.

لوقمان حاجی قادر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی