ببێ یان نەبێ بە تۆ چی؟

11/05/2019

سامانی وەستا بەكر

 پرسی سەرۆكی ھەرێم و پلەی خوێندن و خوێنەوارو نەخوێنەوار بازاڕی گەرمە، ئاخر وڵاتێك كە ڕێژەی خوێندەوار تیایا سەرو ٪‏٩٠ بێت و ئاستی تێگەشتنی خوێندەوارەكان ٪‏١٠ تێنەپەڕێنێ ئەوا خودی ئەو كۆمەڵگەیە بە نەخوێنەوار ئەژمارەكرێ و سەرۆكیش ئەگەر زانا و داھێنەریش بێت ھیچ لە بابەتەكە ناگۆڕێ.

گرنگە بۆ بەرەوپێش چوون و گۆڕانكاری لەھەر كۆمەڵگەیەكا ڕەخنەی ئازاد بوونی ھەبێ بەڵام گرنگتر ئەوەیە كە ڕەخنەكان بابەتی و جێگربن بە ئاڕاستەی گۆڕانكاری وە لەوانەش گرنگرتر ئەوەیە كە ڕەخنەكانی "نوخبە"ی ناو ھەر كۆمەڵگەیەك گێژراو بێژراوبێ نەك ھەڕەمەكی.

ئەبێ سەرەتا ئەوە بزانین كە پلەی خوێندن تەنانەت لە ڕۆژئاواشا نابێتە ڕێگر بۆ بەدەستھێنانی پۆستی باڵای حیزبی و حكومی بەڵكو ئەو نەریتە زیاتر وەك ئەوەی پێی ئەوترێ لە جیھانی سێھەمدا كاری پێئەكرێ كە ھەڵبەتە ئەوەش ھۆكاری خۆی ھەیە كە لێرەیا باس كردنی گرنگ نیە.

تواناكان مرۆڤەكان جیا ئەكەنەوە نەك پلەی خوێندن و ئەگەر بشگەڕێینەوە بۆ مێژوو ئەوا بە ڕوونی ئەوەمان بۆ ڕوون ئەبێتەوە كە بەشێك لە داھێنەرو بیرمەند و زاناكان سەرەتا داھێنانیان كردووە پێش ئەوەی پلەی خوێندنی باڵایان ھەبێ.

هەڵبەتە ئەمە نە بەرگرییە و نە پاساوە بۆ خودی دەزگای سەرۆكایەتی هەرێم و خودی كاندیدی سەرۆكی هەرێم هێندەی بەرچاو ڕوونییە بۆ بابەتێكی جەوهەری كە كۆمەڵگەی گیرۆدەی تێكەڵ و پێكەڵی بیركردنەوە كردووە.

بێ ھیچ دوو دڵییەك كۆمەڵگەی ئێمە ڕەخنە لە ھەر جوڵەیەكی سیاسی ئەگرێ كە حیزبە تەقلیدیەكان بەشێكبن لە پێكھاتەكەی جا ئیتر ڕێكەوتنی ستراتیژی بێت یان پێكھێنانی حكومەت بێت یان ھاوپەیمانی،  كە ھۆكاری ئەمەش بۆ ئەو ٢٨ ساڵ حكومڕانی دوو حیزبی چەكدار ئەگەڕێتەوە كە خەڵكی لە كۆی ھاوپەیمانی و ڕێكەوتنی ستراتیژی و حكومڕانی ھاوبەشیان سوودمەندی یەكەم نەبووە.

ئەو ڕەخنانەی ئێستا لە خوێنەواری و نەخوێنەواری سەرۆكی ھەرێمی داھاتوو ئەگیرێ ڕەخنەیەك نیە لە لە خودی ئەو دەزگایەو كەسایەتی سەرۆك ھێندەی ڕەخنەیەكی جدییە بۆ گۆڕانكاری و دەستاودەستكردنی دەسەڵات، كە شەقامی كوردی تا ئاستێكی زۆر بەرز و ترسناك بێ ھیوا بووە  لەو گۆڕانكارییە و ڕێژەی بەشدارینەكردنی دەنگدەرانی دواین ھەڵبژاردن گەواھیدەری ئەو ڕاستیەن.

لێرەوە گرنگە خاڵ لەسەر ھۆكاری نەبوونی گۆڕانكاری لە حكومڕانی ٢٨ ساڵەی ھەرێمی كوردستانا دابنرێ، كە ئەوێیش بۆ جۆری پێكھاتەی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكان ئەگەڕێتەوە كە لە كۆی كابینە حكومییە جیاجیاكانا گۆڕانكارییەكان ھەر چۆنێك بووبێت و كارنامەی حكومەتەكە ھەرچییەك بووبێت و سەرۆكی حكومەتەكە ھەر كەسێك بووبێ نەبۆتە ئاڕاستەیەك بۆ گۆڕانكاری، كە ھۆكاری ئەو كارەش تەنھا بۆ پێكھێنانی حكومەتی ھاوبەش لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەگەڕێتەوانێ، كە ھیچ كاتێك ڕێژەو ژمارەی وەزیرو بوونی سەرۆكی حكومەت لە ھەرلایەكیان بووبێ نەبۆتە ھۆكارێك بۆ گۆڕانكاری، ھێندەی ھۆكارێك بووە بۆ دووبارە كردنەوەی ئەزموونێكی شكستخواردوو.

بۆیە لێرە بەدواوە ئەبێ جۆری داوای شەقام بگۆڕێ و خواستەكەی ساڵی ١٩٩٢ی كاك نەوشیروان مستەفا جێبەجێ بكرێ كە ئەویش پێكنەھێنانی حكومەتی ھاوبەشی نێوان (پ.د.ك) و (ی.ن.ك)ە، بەو واتایەی كە ھەر كاتێك یەكێك لەو دوو حیزبە براوەی ھەڵبژاردنبێت ڕاستەوخۆ حیزبەكەی تریان بوێرانەو دیموكراتیخوازانە ئۆپۆزسیۆن ھەڵبژێرێ وەك نەریتێكی باو لە وڵاتانی پەیڕەوكەری دیموكراتی ڕاستەقینە.

ئاخر نمونەیەكی زۆر ناوازەیە كەھەمیشە دوو حیزبی ڕكابەرو یەكەم و دووەمی ھەڵبژاردن بەبێ یەكتر حكومەت پێكنەھێنن و لە ٢٨ ساڵ حكومڕانی شكستخواردووی ھاوبەشیانا تێكنەچوونی شیرازەی كۆمەڵگەو زەرورەتی بوونیان لە حكومەتا بۆ پاراستنی ئەو شیرازەیە بگێڕنەوە، كە ڕاستیەكەی پشتی ئەو پێكھێنانی حكومەتە ھاوبەشە بەرژەوەندی ھاوبەشی جووت حیزبەكەیە نەك ھیچ شتێكیتر.

ھەنگاوی یەكەمی ھەر گۆڕانكارییەك لە ھەرێمی كوردستانا بە بوێری و قبوڵكردنی ئەنجامی ھەڵبژاردن لەلایەن یەكێك لەو دوو حیزبەوە دەستپێئەكات كە ئەویش بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە كە ئەو دوو حیزبە بەھۆی بوونی ھێزی چەكداری حیزبیەوە ھەرێمی كوردستانیان دابەشی دوو زۆنی جوگرافی دابڕو لەیەك كردووە و ھیچ یەكێكیان بەبێ بوونی ئەویتریان لە حكومەتا ناتوانێ باڵا دەستبێ لە كۆی ھەرێما، بەڵكو تەنھا ئەتوانێ حوكمی ئەو ناوچە جوگرافییە بكات كە خۆی بەھێزی چەكداری حیزبی بۆ خۆی پچڕیووە.

لەبری داوایەكی بێ سودو ڕەخنەیەكی جێنەگر باشترە لە ئێستەوە كار بۆ ئەوە بكرێ كە میساقی شەرەف بە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان پڕكرێتەوە كە ئەم حكومەتە خیتامی نەریتە خراپەكەی ٢٨ ساڵ لە پێكھێنانی حكومەتی ھاوبەش بێت لە نێوان ئەو دوو جووت حیزبەیاو لێرە بەدواوە بەڵێنیان لێ وەرگیرێ دان بەئەنجامی و ھەڵبژاردن بنێن و كاریشی پێبكەن و زۆرینەی دەنگ لای كامیانبێت حكومەت پێكبھێنێت و ئەوتریشیان ڕاستەوخۆ ئۆپۆزسیۆن ھەڵبژێرێ، خۆ ئەگەرچی هەندێك جار لە پلەی سێیەم و جورامیشابن بەڵام هەرد خۆیان بەیەكەم و دووەم ئەسەپێنن كە ئەمەش ڕوویەكی تری ناشرینی ئەوانە.

خۆ ئەگەر وابكەن چرۆی حوكمێكی ڕاستەقینەی پشبەستوو بە ئەنجامی ھەڵبژاردن ئەپشكوێ و ھەرێمێكی یەك پارچە و خەڵكێكی تێكەڵتر لە ئێستا و كۆمەڵگەیەكی یەك ھەڵوێست و یەك ڕەنگ و یەك ئاڵا بوونی ئەبێت و دێگەڵەش ئەبێ بە مێژوو.

كەوابێ سەرۆكی ھەرێم خوێنەواربێ یان نەخوێنەوار بە تۆ چی؟!

سامانی وەستا بەكر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە