خەمی رۆژنامەكان‌و خەمی خەڵكی ئێران

11/05/2019

كامەران مەنتك

رۆژنامەكان پڕن لە هەواڵ دەربارەی ئێران، سەرۆكی ئەمریكا هەمدیس هەڕەشە دەكاتەوە. چەك و تفاق و كەشتیگەلییەكانی ئەمریكا رۆژانە بەرەو ئەو ناوچەیە لە رێگادان. چاودێرە سیاسیە نەخویندەوارەكان بە ئارەزووی خۆیان و بە بێئەوەی چاودێرێك لەسەر‌ ئاخاوتنە بێبەهاو سواوەكانیان هەبێت، شاشەی تیڤیەكانیان داگیركردووە و چۆنیان حەز لێبێت و بێتە سەر زمانیان دەیڵێن و نایگێڕنەوە. لە ئیران دەدرێت، هاتنی ئەو هەموو چەكە بێ هۆ نیە!، رژێمی ئاخوندەكان دەڕوخێت، ناوچەكە نەخشەی سیاسی دادەڕێژرێتەوە!. نەخێر ئەمریكا لە ئێران نادات، ئێران دەوڵەتێكی گەورەیەو ئاسان نییە وەكو عێراق مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، هاتنی ئەو هێزە بەمەبەستی فشاری زیاترە بۆ سەر رژێمی ئێران، بۆ ئەوەی بێتە ژێر باری داواكانی ئەمریكا! داواكانی ئەمریكا چیە؟ دەبێت ئێران رێكەوتنیكی تری ئەتۆمی و بە مەرجی ئەمریكا واژۆ بكات!. دوای ئەوە. دوای ئەوە دۆخەكە بەردەوام دەبێت دەبێت لە گرژی و ئەمریكا داوای تر دەدۆزێتەوە!.كەواتە داواكانی ئەمریكا بەردەوام دەبێت و بەكۆتا نایەت! لەبەرئەوەی كێشەكە لە بنەڕەتدا ئێران نییە! بەڵكو ئێران لاوازترین خاڵە بۆ سەپاندنەوەی هەژموونی ئەمریكا لە ناوچەكەو ئابڵووقەدانی روسیا و كۆسپ دروستكردن بۆ چین! 

ئەمریكا دەیەوێت لە ئێران پاریزگاری لەسیستەمی تاك جەمسەری بكات، ئەمریكا دەیەوێت لە ئێران شەڕی جیهانەكەی تر بكات. دوای ئەوەیش وەك تیوری سیاسی یاری دۆمینۆ، لەدوای ئێران هێزی تریش دەكەونە خوارەوە، بە تایبەتیش ئەو هیزانەی هاوسەنگی ناوچەكەیان لەگەڵ ئێران پێڕاگیراوە، لەوانە توركیا!. كەواتە دەبێت دوای رووخانی سەفەوییە نوێیەكان عوسمانییە نوێیەكانیش، كە ئێستا لە ئەمریكا و رۆژئاوا یاخیبووینە، بڕوخێن!. لە رووی جیۆپۆلەتیكیەوە ئەمە راستەو ئەگەر ئەمریكا بیەوێت هەژموونی تاكلایەنەی جیهانی بگەڕێنیتەوە دەبێت ئاڕاستەی هەنگاوەكان بەو شیوەیە بێت! بەڵام ئەمریكا پەلەی نییە! دەشێت لەناوەڕاستی سەركەوتنەكان، ئەگەر گریمانی ئەوە بكەین سەركەوتن بە دەستدێنیت شەڕەكە لەبەرژەوەندی رژێمی ئێراندا بوەستینیت، وەك ئەوەی لە ساڵی 1991 لە عێراق روویدا، بە پێچەوانەی خواستی هەموو گەلی عێراق نەك بە تەنیا رژێمی عیراقی نەرووخاند، بگرە دەستی ئەو رژێمەی كردەوە بۆ ئەوەی جارێكی تر لە باشوورو باكووری وڵاتەكەیدا جینۆسایدی گەلەكەی بكات!. كەواتە زنجیرەی رووداوەكان بەو شێوەیە نییە پلانی بۆ دادەڕێژرێت، چونكە ئەمریكا پێویستی بەشەڕە، بۆ ئەوەی عەمباری چەكە كۆنەكانی، لەو ناوچانە بفرۆشیت و بەتاڵیان بكاتەوە. 

ئەمریكا بۆ ئەوەی هەمیشە لە پێشەوە بێت دەبێت هەمیشە لەشەڕدا بێت!. راستە پڕۆژەی جیهانگەرایی و داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی ناوچەكە لەسەر بنەمای دەوڵەت و قەوارەی سیاسی بچووكترەوە لە بەرژەوەندی زۆربەی گەلانی ئەو ناوچەیەدایەو دەبیتە سۆنگەی رزگاربوونیان لە دەست ئەو رژیمە سەركوتكارانەی، كە ئەمریكا خۆی دەستی هەبووە لە هاتنە سەر حوكمیان پاڵپشتیانی كردوە. بەڵام ئەمریكا هەرگێز نایەوێت ئەو رژێمانەی، كە جێگای رژێمە كۆنە دەگرنەوە دێنە سەر دەسەڵات خزمەتی گەلەكانیان بكەن. زۆربەی رژێمەكانی ئەو ناوچەیە، ئەمریكا لە تووڕەیی خەڵكانی خۆیان و دژی بەرژەوەندییەكانی خەڵكانی خۆیان دەیانپارێزێت، بۆیە لەجیاتی ئەوەی بیر لەوە بكەینەوە لە ئێران شەڕ دەبیت یاخود شەڕ نابێت، تومەن زیاتر دادەبەزیت یاخود دانابەزێت، روسیا پشتی ئێران بەردەدات یاخود نا، بیر لەوە بكەینەوە گەلی ئێران چەندە ئازار دەچێژیت، چەند تاوانە بۆ شەڕكردن لەگەڵ رژێمیك، كە خۆیان پاڵپشتی بوونە، بە ناوی رزگاركردنەوە گەلێك برسی بكەن، دەبێت ئێمە زیاتر خەمی خەلكانی بێچارەی ئێرانمان بێت تا بۆمان دەكرێت یارمەتیان بدەین، كە بۆ هەزاران ساڵە لەو پانتاییە جوگرافیاییەدا بەیەكەوە دەژین.

كامەران مەنتك

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە