داودئۆغڵۆ بێدەنگی شكاند

12/05/2019

عومەر عەلی محەمەد

داود ئۆغڵۆ یەكێك لە سێ‌ كوچكەی دامەزرێنەرانی پارتی داد و گەشەپێدان لە هەفتەی رابردوودا پەیامێكی ئاراستەی پارتەكەی كرد، لەژێر ناوی (پێشنیار و هەڵسەنگاندنەكانی ئەحمەد داود ئۆغڵۆ بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 31ی ئازار و ئەو بارودۆخە سیاسیەی كە تێیدا دەژین)، لەم پەیامەدا ئۆغڵۆ كۆمەڵێك رەخنەی توند ئاڕاستەی ئەكەپە و سەرۆكەكەی دەكات و هۆشداری دەدات كە ئەگەر پێداچوونەوە بەخۆیدا نەكات ئەوا ئەو بۆشاییەی كەكەوتۆتە نێوان حیزب و جەماوەرەكەی بەرەو كشست و هەرەسی دەبات.

داود ئۆغڵۆ لە سەرەتاوە باس لە سەرەتاكانی دامەزراندنی ئەكەپە دەكات كە بە گیانێكی سەردەمیانەو لە پێناو گەشەپێدانی دیموكراسی دروست بووە و متمانەی تەواویان بەخۆیان و ئیرادەی گەل هەبووە بۆ سەركەوتن، ئەو سەرەتای لاوازیەكان دەگێڕێتەوە بۆ ئەو كاردانەوانەی كە لە ئەنجامی كودەتاكەی 15ی تەموزی ساڵی 2016دا دروست بوون، یەكێك لە لاوازیەكانی پارتی دادوگەشەپێدان دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی كە لەدوای كودەتاكەوە ئاراستەی گوتاری سیاسی روی كردە ناوخۆی حیزب و ناوخۆی كۆمەڵگەی توركی، ئۆغڵۆ دەڵێت لە ساڵانی رابردوودا چەندان رەخنە و پێشنیارم ئاراستەی سەرۆك كۆمار كردووە، بەڵام گوێی لێ نەگرتووە و پشتگوێی خستووە، لە پەیامەكەیدا ئەوە دەدات بەگوێی بەرپرسانی ئەكەپەدا كە ئەمە دوایەمین ئاگاداركردنەوە دەبێت و لەدوای ئەوەوە كات ئەوەندە بە بەریەوە نیە، بەهەمان ئاراستەی پێشوو بڕوات، كە ئەمەش هۆشداریە بە پارتی دادوگەشەپێدان كە ئەگەر گوێبیستی ئەم رەخنانە نەبنەوە دور نیە بۆخۆی لەگەڵا دامەزرێنەرانی تری دادوگەشەپێدان كە لە ئێستادا دانیشتوون، پارتێكی سیاسی نوێ‌ دورست بكەن، بەتایبەتی لەگەڵا عبدالله گوڵا سەرۆك كۆماری پێشوو، عەلی باباجان وەزیری دارایی لە حكومەتەكەی ئۆغڵۆدا.

داود ئۆغڵۆ رەخنە لە ئەكەپە دەگرێت لە چەند لایەنێكەوە بەشێكی تایبەتە بە ناوخۆی حیزب، بەوە تاوانباری دەكات كە لەو پرانسیپانە لایانداوە كە سەرەتا حیزب لەپێناویدا دامەزراوەو نەیتوانیوە راستگۆ بێت لەگەڵا ئەو دروشمانەی كە لە سەرەتاوە هەلی گرتبوو،ئۆغڵۆ دەڵێت هەر بارتێكی سیاسی ئەگەر بیەوێت لە دیمەنەكانی مێژوودا بە زیندوویی بمێنێتەوە ،دەبێت هەڵگری كۆمەڵێك رەگەزی بنەڕەتی بێت لەوانەش، دەبێت ئەو گوتارەی كە هەیەتی هاوشان و هاوتەریب بێت لەگەڵا بەها باڵاكان و لەڕووی پەیوەندی كۆمەڵایەتیشەوە دەبێت كراوەبێت بەسەر هەموو چین و توێژەكاندا بەبێ‌ جیاوازی، بەڵام ئەو رەخنە لە ئەكەپە دەگرێت بەوەی هەڵوێستێكی میانڕەو و لێبوردەی نەبووە لەگەڵا چین و توێژەكان و پارتە سیاسیەكانی كۆمەڵگەی توركیا و ململانێی هەڵبژاردنیشی گۆڕیوە بۆ جۆرێك لە دوژمنكاری و بەمەش لە ئێستادا ژێرخانی كۆمەڵایەتی و دەوڵەت كەوتۆتە بەرمەترسی و لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەدایە، لەلایەكی ترەوە دەڵێت لەم رووداوانەی ئەم ساڵانەی دوایدا دەسەڵات لە جیاتی جەخت كردنەوە لەسەر مافەكانی مرۆڤ و ئازادی و چاكسازی هەمەلایەنە، پەنای بردووە بۆ گوتارێكی ئەمنی دەوڵەت و هەربەم گوتارەش مامەڵە لەگەڵا ئۆپۆزسیۆن و چین و توێژەكان دەكات.

لەلایەكی ترەوە رەخنە لە هاوپەیمانێتی ئەكەپە دەگرێت لەگەڵا مەهەپە و وای لێك دەداتەوە كە زیانی زۆری بە ئەكەپە گەیاندووە، چونكە لەلایەك بوەتە هۆی ئەوەی هەندێك لە شارەوانیەكانی ئەكەپە ببات بۆ خۆی، لەلایەكی تریشەوە خەڵكێكی زۆری دڵسارد كردۆتەوە تەنانەت لەناوخۆی ئەكەپە كە دەنگیان پێ‌ بداتێ،هەروەها لابردنی كەسانێك كە بە دەنگی حەڵك دەرچوون و گۆرینیان بە لایەنگرانی حیزب كارێكی ناجۆرو دیموكراسیە و نەهێشتنی متمانەیە بە حیزب و تواناكانی ئەمەش ئاماژەیە بە لابردنی سەرۆك شارەوانیەكان لە باكوری كوردوستان و دانانی قەیمومەكان لە شوێنیان ، لەلایەكی ترەوە رەخنەی ئەوە دەگرێت كە بڕیارەكان لە حیزب و دەوڵەتدا تاك لایەنانە دەبڕێن بەڕێوە لەكاتێكدا كە حیزب لە سەرەتاوە بانگەشەی بە دامەزراوەییكردنی كردووە و داوای راوێژی عەقڵی هاوبەشی كردووە لە بڕیاری سیاسی و بەڕێوەبردنی كارەكاندا، لەلایەكی ترەوە رەخنە لە سیستمی كۆماری دەگرێت و دەڵێت ئەو ئامانجەی نەهێنایەدی كە بانگەشەی بۆ دەكرد و لە جیاتی بەهێزبوونی بڕیاری سیاسی و بەهێزكردنی رۆڵی دەوڵەت پێَچەوانەكەی هاتۆتەدی.

هەروەها رەخنە لە بواری ئازادیەكان بەتایبەتی ئازادی رۆژنامەنووسی و دەربڕینی بیروڕای ئازاد دەگرێت و دەڵێت گرەنتی پاراستنی دیموكراسی رەخنە و بەدواداچوون و چاودێریە. ناكرێت كەسێك بەهۆی بیروڕای ئازادەوە زیندانی بكرێت، بەڵكو دەبێت لە چوارچێوەی دیموكراسیدا هەموان یەكتر قبوڵا بكەن، لەبەرئەوە ئەوەی كە ئێستا توركیا پێویستی پێیەتی دەستورێكی مەدەنی دیموكراسی هەمەلایەنەیە، لەلایەكی ترەوە دەڵێت ئاساییە كە سەرۆك ئینتیمای حیزبی هەبێت، بەڵام ئەوەی ئاسایی نیە سەرۆك كۆمار لە هەمانكاتدا سەرۆكی حیزبیش بێت.

ئۆغڵۆ بەم رەخنانەی لە واقیعی پارتی داد و گەشەپێدان لەڕووی بەهاو فیكر و گوتار و پراكتیك و هاوپەیمانیەكەی سەرەڕای رەخنەی لە سیستمی كۆماری و دامەزراوەكانی دەوڵەت، دەیەوێت لەم رێگەیەوە دوا پەیامی خۆی ئاراستەی ئەكەپە و سەرۆكەكەی بكات، چونكە لە ئەگەری وەڵام نەدانەوەی ئیجابی دورنیە لەگەڵا دامەزرێنەرە دوركەوتووەكانی تر بەتایبەتی عبدالله گوڵا و عەلی باباجان پارتێكی نوێ‌ دابمەزرێنین، بە سەرنجدانیش لە رەخنە و پێشنیار و پڕۆژەكانی رابردوو كە ئاراستەی ئۆردوغان كراوە پێناچێت نەگوێ‌ بۆ ئەو رەخنە و پێشنیارانە بگرێت نە دەست بداتە چاكسازیەكی هەمەلایەنە لە پێناو هەستانەوەی ئەكەپە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو.

عومەر عەلی محەمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی