نەوتی تاڵانكراو و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم

12/05/2019

بەرزان حەمەخورشید

لەو ڕۆژانەی ڕابردودا هەموان كورت و كرمانج لەسەر زاری(پامر الغچبان)ی وەزیری نەوتی عێراقەوە گوێبیستی ئەو حەقیقەتە بوین كە"پێدەچێت دوای موچەی چوار مانگی ڕابردوو چیتر حوكمەتی ناوەند لەمەودوا هیچ بڕە پارەیەك بۆ هەرێم ڕەوانە نەكات"ئەمەش بەو مانایەی جارێكیتر نان و قوتی موچەخۆرانی هەرێم دەكرێتەوە قوربانی یەكەمی عەیب وعارەكانی حوكمڕانی كوردستان و لەڕیزی پێشەوەی ئەو عەیب و عارانەشدا ئیدارەدانی خراپی دۆسیەی نەوت و غازە لە چەند ساڵی ڕابردوودا.

لە ڕاستیدا چەمكی(ئیدارەدانی خراپ)هەڵگری گەلێك دەلالەتی ئەخلاقیە و لەڕیزی پێشەوەی ئەو دەلالەتانە بونیاتنان و ئیدارەدانی كایەگشتیەكانی كۆمەڵگایە لەسەر بنەمای تێركردنی تەماعە ئابوری و سیاسیەكانی توێژێكی بەرتەسكی دەسەڵاتدار و خاوەن نفوزی سیاسی لەسەر حسابی بەرژەوەندیە نیشتمانیەكان و ئابوری هاووڵاتیان.

دەلالەتێكی ئەخلاقی تری ئەو دەستەواژەیە لاموبالاتی و بێمنەتی دەسەڵات دەگەیەنێت لە هەمبەر مافێكی زۆر سادەی هاووڵاتیان كە(دابینكردنی پێداویستی و خزمەتگوزاریە سەرەكیەكانە لە پێناوی زامنكردنی لانیكەمی ژیانێكی ئاسودە و ئابڕومەندانە بۆیان)بەڵام كاتێك موچەخۆرێكی سادە گوێبیستی  قسەكانی پێشكەشكاری بەرنامەكە دەبێت و دەڵێت"ئاخر ئەوە مانای ئەوەیە پێنج ملیۆن هاووڵاتی كورد لەبرسا دەمرن"فیكری بۆ ئەو بێ منەتیەی دەسەڵاتی خۆماڵی دەڕوا و ڕاستەوخۆش هەستكردن بە مەزڵومیەت و لێقەومان دایدەگرێت و خۆی لەبەردەم هەڕەشەی مردنێكدا دەبینێتەوە كە خەمخۆرەكەی لەبری دەسەڵاتی سیاسی كوردستان بابایەكی پێشكەشكاری بەرنامەیە لە بەغدادەوە.

ساتەوەختی ئەو ئیحساس و  بیركردنەوەیە گەر بۆ هاووڵاتی  ساتەوەختی لەدەستدانی ئومێد و متمانەبێت بە دەسەڵات هاوكات ساتەوەختی لەدەستدانی شەرعیەت و هەڵوەشانەوەی ئەو گرێبەستە یاسایی و ئەخلاقیەشە كە یوەندیەكانی نێوان دەسەڵات و هاووڵاتیان ڕێكدەخات.

هۆكاری سەرەكی ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت دەرەنجامی  خەسڵەتی نابەرپرسانە و كورتبینانەی حكومەتی هەرێمە لە  بەرامبەر بڕگە دەستوریەكان و  ڕێككەوتننامەكان لەگەڵ حكومەتی ناوەند كە(پارتی)وەك هێزی باڵادەستی هەرێم بەشی زۆری بەرپرسیارێتیەكەی لە ئەستۆیە و ئێمە پێشتر لە سەروبەندی مشتومڕەكان لە مەڕ یاسای بودجەی فیدراڵی (ئیتیحادی)ئاماژەمان بەوە كردووە كە پارتی لەو ڕاستیە تێناگات یان(نایەوێ تێبگات)كە قۆناغی سیاسی و سەربازی دوای كۆتاییهاتنی بونی سەربازی داعش و پێكهێنانی كابینەی نوێی حوكمەتی ناوەند قۆناغێكی تەواو جیاواز و كابینەكەش ئەجێندایەكی  جیاوازی لەوەی پێشخۆی هەیە، بۆیە دەیبینین كە لە چوارچێوەی بڕگە دەستوریەكان و دەقی ڕێككەوتننامەكاندا مامەڵەیەكی  بەرپرسانەتر و توندتر لەگەڵ حوكمەتی هەرێمدا دەكات و پێناچێت ئەو كێشەیە بێ سەرئێشەیەكی جیددی بۆ حوكمەت و دەسەڵاتدارانی هەرێم بەڕێبكرێت.

ئەوەی جێگای شەرمەزاریە و متمانەی خەڵكی كوردستان زیاتر بە دەسەڵاتداری كوردستان لەقدەكات ئەوەیە كە هاووڵاتیانی كوردستان زانیاریە پشتڕاستكراوەكان لەمەڕ كەینوبەینەكان و بە تاڵانبردن و بە هەدەردانی نەوت و گازەكەیان لەزاری لێپرسراوانی بەغدادە وە ببیستن و لە مەترسیەكان بە ئاگابهێنرێنەوە.

چونكە كاتێك وەزیری نەوتی عێراق ئەوە دەخاتەڕوو كە"بۆ ئەمساڵی ۲۰۱۹ حوكمەتی هەرێم توانای ڕادەستكردنی تاقە یەك بەرمیل نەوتی بەرهەمهێنراوی بە كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی نیە" و هاوكات سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕژدبوون و  پابەندبونی خۆی بە جێبەجێكردنی بڕگەكانی بودجە و ڕێككەوتننامەكەی لەگەڵ حوكمەتی هەرێمدا بەردەوام دووپاتدەكاتەوە و سەفەری چاوەڕوانكراوی سەرۆك وەزیرانی عێراقیش لەو چوارچێوەیەدا هەفتەی ئایندە  بۆ توركیا ئەوە دەگەیەنن كە یەكلابونەوەی كێشەكە ئاسەواری خراپی بەدوادادێت و پێناچێت  كابینەی نوێی حوكمەتی هەرێم پێشوەخت باركراو بە قەرزێكی زۆری كۆمپانیاكانی نەوت و بەڵێندەران و موچەی پاشەكەوتكراوی موچەخۆریەكانیەوە فرسەتی خۆگرتن و بەردەوامبونی لەبەردەمدا هەبێت و ئایندەش بەڕوی هەموو ئەگەرێكی نەخواستراودا ئاوەڵاتر دەبێت.

بەرزان حەمەخورشید

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی