چەكل و سیاسەت

13/05/2019

ئارام سەعید

یەكێك لەو دیاردانەی لەماوەی چەند ساڵی رابردودا بەدی دەكرێت لە تۆڕە كۆمەلایەتیەكاندا مەسەلەی تەشهیر و جنێودان و سوكایەتیكردنە بەشیوازی جیاواز كە هەندێكیان بۆ كۆمیدیا و هەندێكیان بۆ بەكارهێنانە دژی كەسایەتی و گروپی جییاواز، كە ئەوانیش وردە وردە كۆدەكرێنەوەو دەبنە گروپی رێكخراو، حزب ،تاقم ودەستە جیاوازەكان بەكاریان دەهێنن، واتە ئەوەی جاران لەسەر شەقامەكان خەڵكی بەرشەق دەدا و ئێستاش هەیە، بەشیوازێكی تر دەركەوتۆتەوە كە ئەویش دروستكردنی پەیجی جیاواز و بەكارهێنانی ناوی خوازراو سەرنج راكێش بۆ ئەوەی بتوانن لە رێگەیەوە لە ركابەرەكانیان بدەن و هیچ یاسایەكیش نیە بۆ بەرەنگاربونەوە چونكە ئەنجامدەران نەناسراون و ئازایەتی ئەوەیان نیە بەناوی خۆیانەوە هیچ بڵێن.

موئەیەد ناسری نوسەر دەڵێت ” لەسەردەمی عوسمانیەكاندا ئەوانەی چاودێری نرخی بازاڕیان دەكرد وەك كارمەند ناویان شەللاتی بوو پاشان لەبەرئەوەی فێری گەندەڵیی و بەرتیل خواردن بوون، حكومەت فەرمانبەری نوێی دانا بۆ چاودێری ئەوان و ناویان نا سەرسەری" ، كەكاری سەرەكیان چاوێری شەللاتیەكان بوو." دواتر لەبەرئەوەی ئەوانیش فێری بەرتیل خواردن بوون ئیتر ئەو دووناوە لە ناو كۆمەڵگەدا وردە وردە ناشرین بوو، بەشێوەیەك تا ئێستا لە زمانەكانی ئەم ناوچەیەدا چەندین دەستەواژەی تری ناولێنراوە، وەك چەورە، چەكل، چەقاوەسوو، شەقاوە...هتد . هەمیشە دەسەلات و خاوەن پارە هەوڵدەدات بەكاریان بهێنێت بۆ ئەوەی بەڕێگایەكی ئاسان بەرامبەرەكانیان پێ بترسێنن. 

لەمێژووی شۆڕش وخەباتی رابردوشدا سوود لەم جۆرە كەسانە بینراون، گەر لە رابردودا ژینگەیەكی دیاریكراو لە گەرەكێكدا كەسێ یان دوانی لەوجۆرەی دروستكردبێت ئەوا ئێستا دامەزراوەو كارگەی دروستكردنی ئەم جۆرە كەسانە دروستكراوەو بەردەوام شێوازی نوێ بەرهەم دەهێنێت كە جیاوازن لە رابردوو، گەر سەیری ئەخلاقی رابردوی شەلاتیەك بكەیت لە رابردودا لە سلێمانی وا ناسراوبون كە لە گەرەكی خۆیاندا ئەو جۆرە هێرش و پەلاماردانەیان نەدەكرد، بەڵكو لەگەرەكێكی تر و دوور لە دراوسێكانی خۆیان و هەندێ جار بەرگریكاری باشیش بوون لە دەرودراوسێی خۆیان. تەنانەت لە ناو باندەكانی مافیاشدا هیشتا هەندێ رێسا هەیە كە پابەندی دەبن. بەڵام ئێستا لەبەر ئەوەی بە رێكخراو بۆ ئەو ئامانجە بەرهەمهێنراون ئەخلاقیشیان جیاوازە و دەست لەكەس ناپارێزن. ئەمە سەرەرای ئەوەی بۆ ئەوەی كەسێكی شارێك بەرشەق بدەیت لەسەر سیاسەت پێویستت بەوەبوو لە شارێكی ترەوە خەڵك بهێنیت چونكە خەڵكی ئەو شارە لە رووی نەدەهات كە هاوشاریەكی خۆی ئازاربدات لەبەرهۆی سیاسی. 

لەپێ‌ل ئەمانەدا ئێستا قوتابخانەیەكی ترهەیە لە سۆشیال میدیا كە ئەویش چەورە و چەكلەكانی فەیسبوكن،كە وەك چەمكێكی نوێ ئەم جۆرەش لە چەكل دروستبوەو ئەركی سەرەكیان بەردەستی و كۆمێنت نوسین و پۆست كردنی بابەتی جنێو و ئابروبردنی خەڵكە لە تۆرەكۆمەڵایەتیەكان و لەرێگەی پەیجە ساختەكان و گروپی چاتەوە ئاراستە دەكرێن. ئەم گروپە لە دەورو خولی سەرۆك حزب و سەرۆكی دەستەو تاقمە كۆمەڵایەتیەكان كاریان گەورەكردن و پەردەپۆشكردنی ناشیرینیەكانی دەسەلات و بەرپرسەكانیانە، لە پرۆسەیەكی رێكخراو و بە بەرنامە لە كەسی خاوەن را و خاوەن بیركردنەوەی ئازاد خاڵیدەكرێنەوە و دەبنە داردەست و ئەندامی دەستەو و باند. لە رابردودا ئەم گروپانە هەبوون، لە ناو حزبە سیاسیەكان مێژویەكی كۆنییان هەیە كە هەندێ جاربە "ماستاو چی و كۆیلە" ی حزب ناوهێنراون . بەڵام لە سەردەمی تازە ئەم گروپانە وەزیفەیەكی گەورەتریان هەیە لە كاری "ماستاوچی" ، ئەویش مینبەری تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بەكاردێنن بۆ شێواندنی رایگشتی . ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەم گروپانە خاوەن بروانامە و باكگراوندی ئەكادیمی و رۆناكبیرین وەك كەسانی خاوەن را خۆیان پیشان دەدەن لە كاتێكدا ئەمانە لەرێگەی گروپی چات و بە نامە هەڵدەسورێنرێن و هاندەدرێن و دەكرێنە چەورە و مرۆڤی بێ ئیرادە.

ئەم گروپانە لە دەوری ئەو سەركردانە كۆدەبنەوە كە پێویستیان بەوەیە بە درۆ چەواشەكاری بەردەوامی بە دەسەڵاتیان بدەن جا چ لە دەسەڵاتی حوكمڕان بێت یان دەسەلاتی ئۆپۆزیسیۆن، لەجیاتی ئەوەی دەیان ئەكادیمیا و سەنتەری راهێنان بكەنەوە و كاربكەن لەسەر پەرەپێدانی مرۆیی و بونیادنانی سەركردەی بەتوانا، كاردەكەن بۆ ئەوەی كۆیلە بەرهەمبهێنن بۆ بەرگری لە ناڕەوایەتی كردوەكانیان. سەركردەی راستەقینە لەبری چەورە و چەكل، كەسانی حەكیم و بیركەرەوە و ژیر كە خاوەن رای جیاوازی خۆیانن لە دەوری خۆیان كۆدەكەنەوە بۆ ئەوەی بەردەوام مەعریفەی نوێ بەرهەمبێنێنن، بۆ تێروانینی نوی و هەموو تاكێكی كۆمەڵگە فێربكەن، سەركردە راستەقینەكان ئەوانەن كە هاولاتیان خەونەكانی خۆیان لەچاویدا دەبینن، بەڵام ئەو سەركردانەی پێویستیان بە كۆمێنت نوس وچەكلەكانی فەیسبوكە كەسانی بیركەرەوەیان ناوێت، بەڵكو چەورە و چەكل كە بەردەوام پێیدا هەڵبدەن و ئەویش هانیان بدا ئەوە دوبارە بكەنەوە. 

لەكۆتاییدا گرنگە خەڵك جیاوازیەكانی سەركردایەتی و غەوغائیەت جیابكاتەوە، رەنگە پۆپۆلیزم ئیلهام بەخش بێت بەلام ئامانجەكانی و ئامرازەكانی پاك و بێگەرد نین. دەبیت بپرسین ئایا ئەو سەركردەیە كە بروامان پێیەتی ژیانی خۆی تەرخانكردوە بۆ خۆشگوزەرانی خەڵك؟ یان دروستكردنی مێگەلێك و كردنیان بە كۆیلە بۆ پیرۆزكردنی خۆی؟ سەركردەی راستەقینە ئەوانە نین كە خەریكی زیادكردنی شوێنكەوتوی خۆیانن، بەڵكو ئەوانەن دەوروبەریان فیردەكەن چۆن ببنە سەركردە. ئەوكەسانە سەركردەن كە خۆیان ناسەپێنن بەسەر دەوروبەردا و ئازادیان زەوت ناكەن. چۆن متمانە بە سەركردەیەك بكرێت كە خۆی بروای بەو بەهایانە نەبێت كە باسی دەكات و بگرە هەندی جار هەڵسوكەوتی پێچەوانەی ئەو بیروباوەرانەیە كە باسی دەكات.

ئارام سەعید 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی